عەبدولرەحمان سدیق: ئەو کارە تیرۆریستیانەی داعش دەیکەن ھەر ھەمووی لە کتێبە فقھیە ئیسلامییەکاندا بوونی ھەیە
November 27, 2016
دیمانەی تایبەت
ئەگەر لە دوای شەڕی دووەمی جیھانەوە فیکری چەپ لە پشتی گروپە تیرۆریستییەکانەوە بووبێت و ئەوا لە دوای دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشانەوە لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، ئەوا فیکری توندڕۆی ئیسلامی ئەو فیکرە لە پشت گروپ و رێکخراوە تیرۆریستیانەوە، بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندی فیکری توندڕۆی ئیسلامی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، عەبدولرەحمان سدیق نووسەر و توێژەر بەمجۆرە ئەم لایەنە رووندەکاتەوە.- ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی فیکری کە دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ بەرجەستەکردنی تیرۆر و توندوتیژی، ئەوا وڵاتی سعودیە بەسەرچاوەی فیکری توندڕۆییە بۆ بەرھەمھێنانی تیرۆر دادەنرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشی ھەرە زۆری ئەو رێکخراو گروپە تیرۆریستانە ئێستا ھەن، ھەمان ئەو تێگەیشتنەیان بۆ ئیسلام ھەیە کە لە سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو و نیمچە دورگەی عەرەبیدا ھەیە.بۆ ئەمەش ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کارەساتی سێپتەمبەری ٢٠٠١ ئەوا ئەو راسیتەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە ٢٥ تیرۆریست چەندیان خەڵکی ئەو دەوڵەتانە بوون.
ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی چۆن ئەم فیکرە دەبێتە سەرچاوە بۆ تیرۆر، دیارە ئێستا لە سعودیە سەنتەرێکیان دامەزراندووە بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەوانەی بوونە تیرۆریست و ئەو پرسیارەیان لێکردوون بۆچی ئێوە بوون بە تیرۆریست؟ دیارە لەوەڵامی ئەم پرسیارە کۆی وەڵامەکان سێ ھۆکاری بۆ سێ کوچکەی تیرۆری ئیسلامی دەستنیشان کردووە:
١- بوونی فیکرێکی توندڕەوی
٢- بارێکی دەروونی ناجێگیر
٣- ژینگەی لەبار بۆ گەشەی تیرۆر
ئەمە سێ خاڵە ئەگەر ھەڵوەستەی لەسەر بکەین، پێمان دەڵێت : تیرۆر دەبێت فیکرێکی زۆر توندڕۆی لەپشتەوە بێت، دیارە سەبارەت بەم پرسە ئاشکرایە لە ساڵی ١٩٧٣ ەوە پرسی تیرۆر ھەموو ساڵێک لە کارنامەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بوونی ھەبووە، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو گروپی بادر ماینھۆف کە پێیان دەگوت سوپای سوری ژاپۆنی وەک گروپێکی تیرۆریست دەرکەوتن و توانیان ئەڵدۆمۆری سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا تیرۆر بکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو کات لە حەفتەکانی سەدەی رابردوو فیکری چەپ لەپشت ئەو گروپە تیرۆریستیانەوە بوو، ھەروەھا ئەندامانی بزوتنەوەی رزگاری خوازی فەلەستین و بەرەی شەعبی لە فەلەستین، ئەمانە پێمان دەڵێن فیکری چەپ لە پشت تیرۆرەوە بووە لەو کاتەدا، بەڵام دوای ئەوەی سۆڤیەتی پێشوو ئەفغانستانی داگیرکرد و شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرپابوو، ئیدی لە ھەشتاکانی سەدەی رابردووەوە، تیرۆر بووە، تیرۆرێکی ئیسلامی لەبەر ئەوەی توندرۆیی ئیسلامی ئەو فیکرەی بۆ تیرۆر دابین دەکرد.
شتێکی دیکەش کە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ناو لە تیرۆری ئێستا بنێین، تیرۆری ئیسلامی، ئەمە لەبەر ئەوەیە تیرۆریستان کارەکانیان لەژێر ناوی ئیسلامدا ئەنجامدەدەن و خۆیان دێن پێمان دەڵێن، ئەمە ئایینە وامان پێدەڵێت، بۆیە من ھەمیشە ئەوەم گوتووە ئەوەی داعش دەیکات ھەمووی لە کتێبە فقھیە ئیسلامیەکاندا بوونی ھەیە، داعش خۆشی دوای ئەنجامدانی کارە تیرۆریستیەکان بەڵگە دەھێنێتەوە و ئەمە لە فڵان لاپەڕە و فڵان بەرگ و فڵان کتێبی فیقھی ھەیە، بۆ ئەمەش دیل دەسووتێنێت بەڵگەی ھەیە، یان دەڵێت کتێبی فقھی پێمان دەڵێت بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ژن دەکرێت و دەتوانی بیفرۆشیت بەوەندە.
ئەوجا کە دێینە سەرباسی ھەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان، ئەویش مەسەلەی لەبەرچاوگرتنی رەھەندی زەمەنییە، راشکاوانەتر ئەو کاتەی ئەو یاسایە دەرچووە لەساڵی ٢٠٠٦، داعش بوونی نەبووە، بەڵام کاتێک داعش پەیدا دەبێت ھەموو شتەکان دەگۆڕێت و دەبێتە تیرۆرێکی ئاشکرا و دەوڵەتی ھەیە و راگەیاندنی ھەیە وەک ( الدابق – النبا) ھەروەھا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ھەیە، ئیدی ئێمە تووشی حاڵەتێکی وا بووین کە ئەمریکا و ئەوروپاش بەدەستییەوە دەناڵێنن.
جۆرێکی دیکەی تیرۆر کە ئێستا لە ئەوروپا و ئەمریکا پەیدابووە، دیاردەی تیرۆری گورگە تەنیاکانە، لەم دیاردەیەدا گورگە تەنیاکان خۆی پلان دادەنیت و ھەر خۆشی جێبەجێکەری کارە تیرۆریستیەکەیە، ھەروەھا ھۆیەکانی پەیوەندی کردنیش بەکار نایەنێت و لەگەڵ ھیچ کەسێکیش پەیوەندی نییە وقسە ناکات، بۆیە ئەمە قۆناخێکی ترسناکتری دروست کردووە.
ئێمە پێشتر ئەوەی لە خوێندنەوە پێی گەیشتوون دەڵێت: (دەوڵەتەکان دروستکەری تیرۆرن)، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر ھەتا شەڕی دووەمی جیھانی دەوڵەتە گەورەکان خۆیان راستەوخۆ شەڕی یەکتریان کردبێت، ئەوا لەدوای کۆتایی ھاتنی شەڕی دووەمی جیھانییەوە، قۆناخی دووەم دەست پێدەکات کە دەوڵەتەکان بە وەکالەت شەڕیان لەبری ھێزە گەورەکان کردبێت بۆ نموونە شەڕی عێراق و ئێران، بەڵام لە قۆناخی سێیەمدا، دەوڵەتەکانیش ئامادەنین راستەوخۆ شەڕی یەکتری بکەن، لەبەر ئەوەی یاسای نێودەوڵەتی ھەیە و لەسەریان دەشکێتەوە، بۆیە ھاتنە سەر درووستکردنی رێکخراوەکان، ئەمەش واتە ھەموو دەوڵەتەکان بەتایبەتی ئەوانەی دەوڵەتی ئیقلیمی گەورەن ھەریەکەیان رێکخراوێکی تیرۆریستییان لە بەفرگر داناوە، ھەر کاتێک لایەنێک پێی خوار دابنێت، لە بەفرگرەکە دەری دەھێنێت و لەو لایەنەی بەردەدات، کاتێک لەگەڵ ئەو لایەنە رێکدەکەوێت، ئەوا دووبارە رێکخراوە تیرۆریستیەکی تازەتر دروستدەکاتەوە و دەیخاتەوە ناو بەفرگرەکەی خۆی.
لایەنێکی دیکە لەوانەیە ئەوە کارێکی ئەنقەست بێت کە ھەتا ئێستا لەسەر پێناسەی تیرۆر ریککەوتنێک بوونی نییە، چونکە لە نەبوونی پیناسەیەکی دیایکراو بۆ تیرۆر دەست کراوەتر دەبن، بەڵام کە پیناسە کرا، ئیدی تیرۆر دیاری دەکرێت، کە دیاریش کرا دەستی دەبەسترێتەوە.
ئەگەر لە خۆمان بپرسین ئێستا ئێمە دەبێت بۆ رووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر چی بکەین؟ بێگومان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت پێش ھەموو شت رەھەندێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بدەین لە قەڵاچۆکردنی تیرۆر، خۆ ئەگەر تیرۆر پێناسەیەکی دیارکراویشی نەبێت، ئەوا دەبێت وەسفێکی کورد و کوردستانیمان بۆ تیرۆر ھەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ھەموو دەوڵەتانی جیھان ئەگەر بە ئاشکراش رایانگەیاندبێت، بەڵام پێناسەیەکی تایبەتی خۆیان بۆ تیرۆر ھەیە. ھەر بۆنموونە ئەمە مانای چییە، ئەمریکا پەکەکە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام رووسیا بە تیرۆریستی دانانێت، ئەمریکا ئێستا لە عێراقدا دۆستی حزبی دەعواو لایەنە شیعیەکانی دیکەیە، بەڵام حزبوڵڵای لوبنانی بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدات، ئەمە پێمان دەڵێت دەبێت ئێمەش وەسف و پێناسەیەکمان لە کوردستاندا بۆ تیرۆر ھەبێت.
گرنگە لە کوردستان یاسایەکمان ھەبێت بۆ (پاراستنی شاھیدەکان) ئەم یاسایە نەک ھەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەڵکو بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵیش پێویستە.
ئاشکرایە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی ٦ی تشرینی دووەمی ھەموو ساڵێکی کردووە بەرۆژی جیھانی دژ بە بەکارھێنانی ژینگە لەشەڕدا، ئەمەش واتە (دژی تیرۆری ژینگەیی)، ھەر بۆ نموونە ئەو چاڵە نەوتانەی داعش بەم دواییە لە گەیارە سووتاندنی بە ئاسانی کاریگەرییەکەی دەگاتە کوردستان و خاک و ھەوای کوردستان پیس دەکات، ئەمەش ئامانجێکی سیاسی لە پشتە بۆ ئەوەی زیان بە کوردستان بگەیەنێت.
ئەگەر پرسیارەکە زیاتر جەخت کردنەوە بێت لەسەر ئەوەی ئایا تیرۆریی ئیسلامی بەچی چارەسەر دەکرێت؟ وەڵام ئەم پرسیارە بەچەند خاڵێک دیاری دەکەم:
١- یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی کوردستان – یاسای پێکھاتەکان- لەم یاسایەدا ھەنگاوێکی زۆر باش نراوە بۆ بە یاسایی کردنی لێبووردەیی لە کوردستان و بەفەرمی ٨ ئایین و ٥ نەتەوەو ٥ زمان دانی پێدانراوە، ھەروەھا زۆر پرەنسیپی فیکری جوان لەم یاسایە ئاماژەی پێکراوە.
٢- ماوەیەک پێش ئێستا وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی ئایینی گرێدا، لەم کۆنفرانسەدا کۆمەڵێک راسپاردەی زۆر گرنگ دران، کە من دڵنیام ھەموو راسپاردەکان جێبەجێ دەکرێن.
٣- ئێستا نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ( یۆنامی) لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و ئەوقاف و دەستەی مافی مرۆڤ، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر پرۆگرامێک رێککەوتوون کە لەماوەی ئەو دووساڵەدا پەروەردەی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان دووبارە یان چەند بارە بنووسرێتەوە، ئەمەش دەچێتە خانەی ئەو چارەسەرەوە.
٤- ئەگەر تیرۆر وەک پیشەسازی دەوڵەتان سەیر بکەین، ئەوا دەبێت کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە بەھێزتر بکات کە ستراتیژیەتی دژی تیرۆریان ھەیە و مەبەستیانە بە راستی شەڕی تیرۆر بکەن، ھەروەک چۆن کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر کوردستان، بەشێک لەو دەوڵەتانە زۆر بەجدی جەختیان لەوە کردەوە دەبێت سەقامگیریی کوردستان پارێزراو بێت.
٥- پێویستمان بە دروستکردنی سەنتەری دوورخستنەوەیە لە فیکری توندرۆیی بۆ ھەندێک لەو خەڵکانە ھەیە کە پێشتر ناو گروپە تیرۆریستیەکاندا بوون(مرکز تاھیل)، لەبەر ئەوەی ھەندێک لەو توندڕۆیانەی لەناو ئەو گروپە تیرۆریستیانە دەگەڕێنەوە دەبێت وەک نەخۆش سەیر بکرێن و نابێت راستەوخۆ تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە، بەڵکو دەبێت ببرێن بۆ ئەو سەنتەرە و لەوێ رێنمایی بکرێن و دووبارە ئامادەبکرینەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.
٦- دەبێت چاو بە سیاسەتی راگەیاندن لە کوردستان بخشێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی زۆر جار راگەیاند بۆتە ھۆکاری درووستکردنی بازاڕ گەرمی بۆ تیرۆری ئیسلامی، لەوانەیە لە ئێستا کەناڵە ئاسمانییەکان باشتر بن، بەڵام مەترسی لەو کەناڵە دیجیتاڵیە لۆکاڵانەدایە، ئەم کەناڵانە کە رۆژانە ھەموو شتێکی تیدا دەگوترێت و بڵاو دەکرێتەوە، نازانرێت چۆنە و چۆن نییە؟ نازانرێت چۆن دانراون و کێ مۆڵەتی پێداون؟ کێ بڕیار دەدات گوتاری فڵان مامۆستای ئایینی بڵاوبکرێتەوە؟ تەنانەت جۆرێک لە گەندەڵی ئەوتۆ پەیدا بووە، بۆ نموونە مامۆستای ئایینی ھەیە لەسەر توندڕۆیی لە وەزارەتی ئەوقاف دەرکراوە، بەڵام ئەو دێت لە ماڵەکەی خۆی مینبەرێک وەک مزگەوت درووست دەکات و گوتارەکەی تۆمار دەکات و لەو کەناڵانە بڵاوی دەکاتەوە و وای پێشاندەدات فڵان مامۆستای ئایینی دەرنەکراوە.
٧- ئەم واقیعە پێویستی بەوە ھەیە یاسای رۆژنامەگەری کوردستان کە یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ە، پێویستی بەدووبارە چاو پێداخشاندنەوە ھەیە، ئەم یاسایە تەنھا بۆ رۆژنامەگەری نووسراو دەرچووە، بەڵام ئێمەش وەک لوبنان ئەنجوومەنی راگەیاندنمان ھەبێت بۆ ئەوەی تەلەفزیۆن و رادیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرێتەوە و رۆڵی چاودێریش بگێرێت، پاشانیش دەبێت یاسای رۆژنامەگەری کوردستانیش ھەموار بکرێتەوە.
