د. تاڤگە عەباس بوستانی پسپۆر لە یاسای تاوان: پەرلەمانی کوردستان بە گوشاری حزبە ئیسلامییەکان یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بەشێوەی کاتی پەسەند کردووە
November 23, 2016
دیمانەی تایبەت
لە ھەموو ئەو وڵاتانەی جیھان کە یاسایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکردووە، تەنیا لە ھەرێمی کوردستاندا ئەم یاسایە بەشیوەی کاتی لەلایەن پەرلەمانەکەیەوە پەسەند کراوە، ئێستا ماوەی ئەو یاسایە بەسەر چووە و درێژنەکراوەتەوە، سەبارەت بەم لایەنە د.تاڤگە عەباس بوستانی پسپۆری یاسای تاوان و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و تاوان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی.کاتێک رووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، ئایا چۆن رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە؟ ئایا مەترسی ئەم دیاردەیە چییە؟ مەترسیەکانی چین؟ ئەوا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئێمە وەک یاساناس وەڵامی ئەم پرسیارانە بەوە دەدەینەوە کە دەبێت بە یاسا چارەسەری بکەین.
لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرسە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦ مان ھەیە بەناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستاندا. ئەم یاسایە ھەر لەسەرەتای داڕشتن و پەسەندکردنییەوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، جۆرێک ئەشکالیەتی لەگەڵ خۆی ھێناوە، کە من پێموایە ھەم لە داڕشتنەکەی پەلە کراوە و ھەمیش لە کاتی پەسەندکردنی لە پەرلەمان کە بەو جۆرە پەسەندکراوە بۆ ماوەی ٢ساڵ بێت و دوای ئەوە درێژ بێتەوە، ئەمەشیان ئیشکالیەتێکی دیکەیە لەبەر ئەوەی کە یاسا پەسەند دەکرێت وەک یاسایەکی ھەمیشەیی نەک کاتی پەسەند دەکرێت، بەڵام بە بۆچوونی من ئەم حاڵەتە لە ژێر گوشاری ئەو حزیە ئیسلامیانە دروستکراوە کە لە پەرلەماندا نوێنەریان ھەبووە.
دیارە لە ماوەی ٢٠٠٦ تا ئێستا بەشێوەیەکی بەردەوام ھەردوو ساڵ جارێک ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانەوە درێژکراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ کە دەبوو جارێکی دیکە ئەم یاسایە بۆ دوو ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەھۆی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستانەوە، پەرلەمان ناتوانیت کۆبێتەوە، ئەوا ئەم یاسایەش درێژ نەکراوەتەوەو، بۆ ئەم مەبەستەش کە ڕای ئەنجوومەنی شورای کوردستان وەرگیراوە، پێشنیاری ئەوان بەوجۆرە بووە کە کار بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ئسوڵی دادگایی کردن لە عێراقدا بکرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستا لە کوردستاندا کار بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ناکرێت، لەم روانگەیەوە کە ئێمە بە پێویستی دەزانین یاسایەک ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەوا پێویستە ھەم چاو بە کەموکورتیەکانی ئەو یاسایەی پێشوودا بخشێنینەوە و ھەم ئەو گۆرانکارییە زەمەنیەش لەبەر چاو بگرین کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو روویانداوە، لانیکەم ئێستا گەورەترین مەترسی، کە تیرۆریستانی داعشە لە ئارادایە، بەڵام کاتێک ئەم یاسایە دارێژراوە، داعش بوونی نەبووە، ھەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت یاسایەکی تازە دابرێژین یان یاسا کۆنەکە چاوی پێدابخشێنینەوە و ھەمواری بکەینەوە، ئەوا من لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم:
١. ئەگەر سەیری یاسای قەڵاچۆکردنی تیرۆر لە عێراقدا بکەین کە یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥، دەبینین، یاساکە کاتی نییە بەڵکو یاسایەکی ھەمیشەییە، بەڵام یاساکەی کوردستان کاتییە، بۆیە دەبێت یاسای بەرەنگابوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستانیش ھەمیشەیی بێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە تیرۆر دیاردەیەکی ھەمیشەییە و کاتی نییە، ئێمە لە یاسا پرەنسیپێکمان ھەیە دەڵێت: تاوان کەمدەکرێتەوە، بەڵام بنبڕ ناکرێت، بێگومان تیرۆریش بەھەمان شێوەیە، ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە کەمبکرێتەوە لەبەر ئەوەی ریشەکێش ناکرێت بۆیە دەبێت یاساکەی ھەمیشەیی بێت نەک کاتی.
٢. دوای ئەوەی ئەمساڵ بە ھۆی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستان،پەرلەمان نەیتوانی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بۆ دووساڵی دیکە درێژبکاتەوە، ئەوا ئەنجوومەنی شورای کوردستان، رای بەو جۆرەیە لە کاتیکدا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەبوو، دەبێت کار بەیاسای ( ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩) ی عێراقی بکرێت کە یاسای سزادانی عێراقییە، ھاوکات لە ھەرێمی کوردستانیش یاسای (ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٩٢) مان ھەیە کە یاسای بەکارھێنان و درووستکردنی تەقینەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئێمە یاسایەکی تایبەتمان نەبوو دەگەڕێینەوە سەر قەواعیدە گشتیەکان، ھەروەھا ھەموارکردنێکیش بۆ (ماددەی ١٥٦)ی یاسای سزادانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان کراوە، بەپێی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ کە ئاماژە بەوە دەکات( ھەر کەسێک تاوانێک ئەنجامبدات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیری ھەرێم بگەیەنێت سزا دەدرێت)، بۆیە لەم حاڵەتە ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی کاتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام دەبێت یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ھەرێمی کوردستان دووبارە ھەموار بکرێتەوە.
٣. ئەگەر سەیری ماددەی ١٩٥ی یاسای سزادانی عێراقی بکەین کە دەڵێت:(ھەر کەسێک ئامانجی ئەوەبوو شەڕی ناوخۆ و مەزھەبگەرایی ھەڵبگیرسینێت بەرێگەی چەکدارکردنی خەڵک و ھاووڵاتی بۆ ئەوەی چەک دژی یەکتری بەکار بھێنرێت، ئەوا بە بەندکردنی ھەتا ھەتایی سزا دەدرێت)، بەڵام ئەم ماددەیە بە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ سڕکراوە، ھەروەھا ماددەکانی ١٩٠-١٩٥، و ماددەکانی ١٩٨-٢١٩، ھەمووی سڕکردووە و کاری پێناکرێت، ئەگەر ئەمانە سڕ نەکرانایە دەمانتوانی ئێستا کاری پێبکەین، بەڵام من نازانم پەرلەمانی کوردستان لەبەر چ ھۆکارێک ئەم بڕگانەی سڕکردووە. بۆیە ئەگەر پەرلەمان توانی کۆبێتەوە لەسەر ئەم یاسایە، پێویستە دووبارە ئەم بڕگانە بخرێنەوە کار.
٤. لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بۆ نموونە کە دەڵێت:( ھەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەیەوێت زیان بە ماڵ و موڵکی دەوڵەت بگەیەنێت بۆ ئامانجی سیاسی و فیکری یان ئایینی و مەزھەبگەرایی)، بۆیە ئەگەر ئەم یاسایە ھەبێت ئەوا بەشێوەیەکی زمنی باسی لەمادەی ١٩٥ی یاسای سزادانی عێراق کردووە کە دەتوانرێت تاوانەکە دەستنیشان بکرێت، بەڵام کاتێک کار بە یاسای ( سزادانی عێراقی دەکرێت) لەم یاسایەدا پرەنسیپێک ھەیە دەڵێت:( بەبێ دەقی یاسای نە تاوان ھەیە نە سزا) بۆیە ئەگەر ئەو بڕگانە سڕنەکرابان، ئەوا ھەتا ئەگەر یاسای تیرۆریشمان نەبوایە دەمانتوانی بەو بڕگانە کار بکەین.
٥. لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان، باس لە ھەندێک رێوشوێن کراوە، سەبارەت بە رێوشوێنەکان کە دەگیرینە بەر زیادەیە کە لەو یاسایە باسکراوە لەبەر ئەوەی ئێمە یاسای ( ئسوڵی دادگاییکردنی عێراقیمان ھەیە)، ھەموو ئەوانە لەو یاسایە باسکراوە، ھەروەھا لە یاسای تیرۆری کوردستان لە ماددەی ٩ باس لەوە کراوە و دەڵێت: لایەنی پەیوەندار دەتوانێت بڕێک پارە بداتە ئەو کەسەی کە دەستپێشخەر دەبێت بە پێدانی زانیاری) ئەم وردەکارییە پێویست نییە بچێتە ناو یاساکە لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە رێنماییەکانەوە ھەیە، ھەروەھا باس لەوە دەکات:( ھەر کەسێک ئەنجامدەر بێت یان ھاوبەش بێت یان ھاندەر بە بەندکردن سزا دەدرێت) ئەمەش زیادە لەبەر ئەوەی ئێمە قەواعیدی گشتیمان ھەیە ھەموو ئەمانەی یەکلایی کردۆتەوەو پێویست نییە دووبارە بکرێتەوە. ئەمەش بەو مانایەی یاسای تیرۆر یاسایەکی تایبەتە بە دیاردەیەک بۆیە ناکرێت لە یاسای تایبەتدا باسی قەواعیدی گشتی یاسا بکرێت.
٦. ئێمە لە یاسای سزادانی عێراقیدا، تایبەتمەندی جیھانیمان ھەیە، کە پێی دەڵێن (تایبەتمەندی سەرتاپاگیر) وەک ماددەی ١٣ی ئەو یاسایە، ئەگەر تاوانی تیرۆر ببێتە یەکێک لەو پرەنسیپانەی تایبەتمەندی جیھان بیگرێتەوە، ئەوا بەئاسانی ئەو ماددەیەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، ئەوا لە کوردستان ھیچ کێشەیەکمان نابێت، ھەر کەسێک ھەڵگری ھەر رەگەزنامەیەک بێت تەنانەت ئەگەر سەلمێنرا ئەوە یەکێکە لە تیرۆریستان و لە کوردستانیش کاری تیرۆریستی نەکات، ئەوا دەتوانرێت دەستگیر بکرێت و بەپێی ئەو یاسایە سزای خۆی وەربگرێت) دیارە ئەمەش لەبەر ئەوەیە وەک لە ماددەی ١٣ی ئەو یاسایە ھاتووە و دەڵێت: ( ھەر کەسێک لە عێراقدا بووبێت و پێشتر لەدەرەوە تاوانێکی ئەنجامدابێت ئەوجا بکەری تاوانەکە بێت یان ھاوبەش لە تاوانەکانی ماددەی ھۆشبەر، بارزگانیکردن بە مرۆڤ، بە منداڵ، بە کۆیلەکردنی مرۆڤ،یان تاوانی رێکخراو) ئەمانە تاوانی جیھانین، تیرۆریش تاوانیکی جیھانییە، بۆیە ئەگەر تاوانی تیرۆر بۆ ماددەی ١٣ زیادبکریت سوودیکی زۆری دەبێت.
