ھەوڵدان بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئەو دەوڵەتانەی سایکس پیکۆ دروستی کردوون، کارێکی گەمژانەیە

ھەوڵدان بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئەو دەوڵەتانەی سایکس پیکۆ دروستی کردوون، کارێکی گەمژانەیە
ریچارد ھاس سەرۆکی ئامۆژگای پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکایە (Cfr.org) و لەسەردەمی ئیدارەی کلینتۆن سەرۆکی ستافی پلاندانەری سیاسەت بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ھەروەھا لە ئامۆژگای پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا، یەکێکە لە گەورەترین سینکتاکسەکانی ئەمەریکا و جیھان و گۆڤاری فۆرێن ئەفێرز کە بڵاوەکراوەیەکی ئەم ئامۆژگایەیە، بە گرینگرترین گۆڤاری فیکری سیاسی لە جیھاندا دادەنرێت و بەشی ھەرە زۆری تیۆرە سیاسییەکانی سیاسەت و حوکمڕانی لەو گۆڤارە بڵاوکراونەتەوە، ھەربۆیە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ئامۆژگای پێوەندییەکانی دەرەوە و بیروبۆچوونەکانی ریچارد ھاسی سەرۆکی لەسەر ئاستی حکومەتی ئەمریکا و جیھانیش جێگەی بایەخ و ھەڵوەستەکردنن، لەم روانگەیەوە بە پێویستمان زانی ئەم وتارەی ریچارد ھاس کە بە ناونیشانی (ئاشتبوونە لەگەڵ سایکس پیکۆ) کە رۆژی ٢٦ی ئایار لە ماڵپەری (the syndicate project) بڵاوی کردۆتەوە بۆ خوێنەرانی گوڵان-ی بکەین بە کوردی، ئەمەش دەقی وتارەکەیە.
ئەم مانگە یادی تێپەڕبوونی سەدەیەک بە سەر رێککەوتنی سایکسپیکۆ-دا لەخۆ دەگرێت، ئەو رێککەوتنە نھێنییەی لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسادا ئەنجام درا و بووە ھۆی ئەوەی لە ماوەی دەیەیەکدا زنجیرەیەک ھەموارکردن لە سنوورەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی دوای عوسمانیدا بێتەئاراوە. زۆربەی لێدوانەکان لە بارەی ئەم یادەوە لێدوانگەلێکی سلبی بوون، کە پێیانوایە ئەم رێککەوتنە ئۆباڵێکی گەورەی لە ئەستۆیە بۆ دووبارەبوونەوە و درێژەکێشانی ناکۆکییەکانی ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو راڤە و لێکدانەوەیە نزیکە لە موبالەغەکردنەوە. ئامانجی (مارکس سایکس) و (فرانسوا جۆرج پیکۆ) داڕشتنی پلانێک بوو تاوەکو بەریتانیا و فەڕەنسا نەکەونە رکابەرییەکی کارەساتبارەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. کە تا راددەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون، پلانەکەشیان بووە ھۆی ئەوەی کە ئەم ناوچەیە نەکەوێتە بەر بەرداشی دوو ھێزی ئەوروپییەوە، ھەروەھا لە توانایدا ھەبوو سەدەیەک درێژە بکێشێت.


بۆ ئەوەی دڵنیابین، ئەوا زۆرێک لە سنوورەکانی سایکس پیکۆ رەنگدانەوەی رێککەوتنێک بوو کە لە ئەوروپا ئەنجام درا، نەک بەرجەستەکەری واقیعە دیموگرافی، یان مێژووییەکان بێت. ئەمەش بە دەگمەن رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ناوچەیەکی دەگمەن، چونکە میراتی ئەو سنوورانەی لە جیھاندا ھەن، کەمتری پەیوەستن بە پلانداڕشتنێکی ژیرانە، یان بژارەیەکی جەماوەرییەوە، بەڵکو پتر گرێدراون بە تێکەڵێک لە توندوتیژی، تمووح، جوگرافیا و دەرفەتەوە.


واقیعە تاڵەکە ئەوەیە کە بارودۆخی ئێستای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەرئەنجامی ئەو کارە خراپە بووە کە خەڵکەکە و سەرکردەکانی پێی ھەڵساون لە پێناو داڕشتنیدا. ناکرێت ئۆباڵی نەبوونی لێبوردەیی و ئازادی سیاسی و یان بوونی قوتابخانەی خراپ و مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ ئافرەتان لە ناوچەکەدا بخەینە ئەستۆی سایکس و پیکۆ. بەشەکانی دیکەی جیھان ( لە نێویاندا ئەو بەشانەی کە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوت و غاز نین) قۆناخی کۆڵۆنیاڵیزمیان تێپەڕاندووە و لە دۆخێکی باشتریشدان.


ئەو ھۆکارانەی وا لێک دەدرێنەوە کە شرۆڤەی تۆماری پڕ لە شکستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکەن- مێژوو، کەلتوور، ئایین و کەسایەتییەکان- شایستەی ئەوەن پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت. بەڵام ھەنوکەییترین پرس لە ئێستادا کە ئەم یادە بیورووژێنێت کەمتر پەیوەستە بە شرۆڤەی مێژووییەوە، بەڵکو پتر گرێدراوە بە سیاسەتی ئێستاوە.

لە زۆربەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ململانێی توندوتیژ لەسەر باڵادەستی بۆتە شتێکی باو. لە چوار، یان پێنج وڵاتی ناوچەکە مشتومڕ لەسەر ئەوەیە کە حکومەتی ئەو وڵاتانە کۆنتڕۆڵیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەیاندا لە دەست داوە. بۆ چەندین دەیەیە لوبنان لەم دۆخەدایە، عێراقیش بۆ پتر لە دەیەیەک و سووریا و لیبیا و یەمەنیش بۆ ماوەی پێنج ساڵە لەم دۆخەدان. میلیشیاکان، رێکخراوە تیرۆریستییەکان، جەنگاوەرە دەرەکییەکان و گروپە چەکدارەکانی دیکە بە راددەیەکی جیاواز دەسەڵاتی مەحەلی خۆیان چەسپاندووە. ھەروەھا کوردیش خەونی نەتەوەیی بەدینەھاتووی ھەیە (بەشێکی زۆریان لە تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران دەژین)، لەگەڵ پرسی چارەسەرنەکراوی پەیوەست بەوەی چۆن واقیعی ئیسرائیل لەگەڵ ئامانجە سیاسیەکانی فەلەستیندا بگونجێنرێت. بە شێوەیەکی عەمەلی سنوورەکانی نێوان سووریا و عێراق سڕدراونەتەوە. بە ملیۆنەھا پیاو و ئافرەت و منداڵ ھەن کە لە وڵاتێکدا دەژین کە وڵاتی خۆیان نییە.

کەواتە دەبێت چی بکرێت؟ یەکێک لە بژارەکان بریتی دەبێت لە پاراستنی-یاخود، وردتر بڵێین، گەڕاندنەوەی- ئەو رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەی کە سایکس-پیکۆ ھێنایەئاراوە. بەڵام خستنەگەڕی ھەوڵی یەکپێگرتنەوەی ئەو وڵاتانە کە لەسەر نەخشەن بوونیان ھەیە و کارکردن بۆ ئەوەی سنوورەکانی نێوانیان گرینگی ھەبێت، کارێکی گەمژانەیە. جارێکی دیکە ئەم وڵاتانە ناگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوویان، لە زۆر حاڵەتدا وابەستەبوون بە ناوچە، ئایین، خێڵ، گروپی ئیتنی، یان ئایدیۆلۆژییەوە باڵاترە لە وابەستەبوون بە ناسنامەی نەتەوەییەوە.

بژارەی دووەم بریتییە لە ھەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر مەرجەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە جێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی سایکس پیکۆ بگرێتەوە. رەنگە ئەمەشیان شکستێک بێت کە باجێکی گەورە بدرێت لە بەرامبەریدا. رەنگە رۆژێک بێت دووبارەداڕشتنەوەی سنوورەکان مومکین بێت، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا، ئەو رۆژە دەیەیەک لێمانەوە دوورە. لە راستیدا کۆدەنگییەک نییە لە بارەی ئەوەی دەبێت بە چ شێوەیەک ئەو نەخشەیە دابڕێژرێتەوە، ھیچ لایەنێک، یان ھاوپەیمانێتییەکیش ناتوانێت بیسەپێنێت، یان پارێزگاری لێبکات.

بە پێودانگی ئەزموونی عەمەلی، تەنیا ئەو کاتە دیپلۆماسییەت سەرکەوتن بەدەست دەھێنێت کە مامەڵە لەگەڵ راستییەکانی سەر ئەرزی واقیع بکات، نەک ئەو راستییانە بخوڵقێنێت، ھەروەھا کاتێک ئەو راستییانەی سەر ئەرزی واقیع دەبنە رێگری لە بەردەم گەیشتن بە چارەسەرێکی ئیقلیمدا. ھەموو ئەمانە سەردەکێشن بۆ بژارەی سێیەم: قبووڵکردنی ئەو راستییەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھاوشێوەی ئەو رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە نییە کە لە سەر نەخشە و لە جیھاندا دەردەکەوێت. ئەمە مشتومڕێک نییە بە ئامانجی دوورەپەرێزبوون. دۆخەکان چەند خراپ بن، ئەوا ھەمیشە ئەگەری ئەوە ھەیە خراپتر بن. بەڵام بۆ ئەوەی خراپتر نەبن، ئەوا دەتوانرێت و پێویستە ئەو حکومەت و رێکخراوانە بەھێز بکرێن کە لە ئاستی ستانداردگەلێکی دیاریکراودان، ئەوانەش لە ئاست ئەو ستانداردانەدا نین، دەتوانرێت و پێویستە لاواز بکرێن. بەڵام چەند ھەوڵ بدرێت، ئەوا واقیعە بنەڕەتییەکەی ناوچەکە ناگوڕێت. سنوورەکان گرینگییەکی کەمیان ھەیە و حکومەتەکانیش تەنیا بە راددەیەکی کەمتر گرینگن. ئەگەری ئەوە ھەیە کە سووریا، عێراق و لیبیا تەنیا بە رواڵەت وڵات بن، چونکە –باش بێت، یان خراپ- چەند بەشێکی گرینگی ئەم وڵاتانە دەبنە ناوچەگەلێکی خۆبەڕێوبەر. ئەو راستییەی کە تورکیا، ئێران، سعودیە، ئیسرائیل، رووسیا و ئەمەریکا لە سەر مەرامی ناکۆک بە یەک کار دەکەن، ئاماژەیەکی دیکەیە بە ئایندەیەکی پڕ لە پشێوی، بە بێ ئەوەی بناغە و بنچینەیەکی یاسایی ھەبێت.


لە ھەندێ رووەوە، رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی پێش سایکس پیکۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام بە بێ بوونی ئەو نیزامەی کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە سەپێنرابوو. لە دەرئەنجامدا، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی داھاتوو زیاتر دووچاری نەھامەتی دەبێت بە بەراورد بە سەدەی رابردوو، ئەو واقیعەی وامان لێدەکات کە ئاواتەخواز بین بۆ رۆژگاری سایکس و پیکۆ.
Top