رێبوار سیوه‌یلی بۆ گوڵان: پێویسته پارتی به بارته‌قای بردنه‌وه ئه‌خلاقییه‌كه‌ی بكرێته‌وه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا
October 2, 2013
دیمانەی تایبەت
نووسه‌ر و رووناكبیر رێبوار سیوەیلی یه‌كێكه له‌و رۆشنبیرانه‌ی كه له‌سه‌ر هه‌موو پرس و رووداوێك خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی و قسه‌ی خۆی هه‌یه، ئه‌و هه‌میشه به‌چاوێكی ره‌خنه‌گرانه‌وە سه‌یری پێشهات و رووداوه‌كان ده‌كات و به دیدێكی واقعیبینانه كۆی هاوكێشه‌كه ده‌خوێنێته‌وه و رای خۆی له‌سه‌ریان ده‌رده‌بڕێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ئه‌م كه‌سایه‌تییه رۆشنبیره بتوانێت له یــه‌ك كــاتدا (لــه‌گــه‌ڵ و دژ)ـه‌كه‌ی هایدگه‌ر له بۆچوونه‌كانیدا كۆبكاته‌وه، ئه‌و راسته خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی هه‌یه، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی سیوه‌یلی به باش ده‌ڵێت باش و به خراپ ده‌ڵێت خراپ، ده‌ستنیشانكردنی هه‌ردوو لایه‌نی ئه‌رێنی و لایه‌نی نەریتی له‌یه‌ك ده‌قی نووسینه‌كانیدا به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وجا بۆ خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای حزبه سیاسییه‌كان و ئاستی به‌شداریی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌م دیمانه تایبه‌ته‌مان له‌گه‌ل به‌ڕێز رێبوار سیوه‌لی ئه‌نجامدا.گوڵان: پرۆسه‌ی هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو به‌ڕێوه چوو، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان به پرۆسه‌یه‌كی چاره‌نووسساز له قه‌ڵه‌میان دا، پرسیاری ئێمه ئه‌وه‌یه ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌نها بۆ حزبه سیاسیه‌كان چاره‌نووسساز بوو، یان بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی؟
رێبوار سیوه‌یلی: واچاكه به‌ڕێزتان ئه‌وه بزانن هه‌ڵوێستی من له چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌كه ڕه‌خنه‌گرانه بوو، ئه‌مه‌شم له چه‌ند وتار و چاوپێكه‌وتنێكدا نووسی و كۆی لایه‌نه‌كانم له ئاست چۆنێتی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا مه‌حكوم كرد. به‌ڵام هه‌ڵوێستی من له سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه و ڕۆژی ده‌نگدانه‌كه زۆر باش كه‌وته‌وه. هه‌رچه‌نده به‌شێكی زۆری حزبه‌كان و هه‌روه‌ها رێوڕه‌سمی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش به‌و ئاراسته‌یه‌دا بوو، كه هه‌ر لایه‌نه زیاتر بانگه‌شه بۆ سێمبوول و مێژوو و شه‌هیدان و پێشینه‌ی تایبه‌تی خۆیان بكه‌ن و ئه‌مه‌ش پابه‌ندێتی ئه‌وان به ئایدیۆلۆژیاوه ڕوونده‌كاته‌وه، به‌ڵام له كۆتاییدا پرۆسه‌كه پرۆسه‌یه‌كی كوردستانی و له نه‌وعی خۆی ده‌گمه‌ن بوو، ئه‌ویش به‌هۆی باڵكێشانی گشتییانه‌ی كه‌شێكی ئاشته‌وایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند ڕووداوێكی ناخۆش ڕوویاندا و توندوتیژیشی لێكه‌وته‌وه.
ئه‌م پرۆسه‌یه بۆ كوردستان له سێ ئاستدا چاره‌نووسسازبوو. كه هه‌میشه ده‌توانین به ئاراسته‌ی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و (پڕۆژه گه‌وره‌كه)دا سوودی لێوه‌ربگرین و له‌سه‌رییه‌وه ڕوانگه‌ی چاوه‌ڕوانیمان له زلهێزه‌كان بۆ پشتگیریی له ده‌وڵه‌تسازی، بگۆڕین بۆ متمانه به‌خۆكردن و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و سێ ئاسته‌ش كه چاره‌نووسسازیی پرۆسه‌كه ده‌رده‌خه‌ن بریتین له ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێونه‌ته‌وه‌یی.
له‌سه‌ر ئاستی یه‌كه‌میان بۆ یه‌كه‌مجاره هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی خۆیان وه‌دیهێنه‌ر و بكه‌ر و ئه‌ندازیاری شه‌ڕی ناوخۆیی بوون، چوونه ناو كێبڕكێیه‌كی دیموكراتیكه‌وه و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر سایكۆلۆژیا و قه‌هری شه‌ڕی نێوخۆییان ڕه‌تكرد و كه‌وتنه ململانێی سیاسیی یه‌كتره‌وه، كه به‌بڕوای من ڕاگه‌یاندنیشیان بۆ قه‌بووڵكردنی ئه‌نجامه هه‌رچۆنییه‌كانی هه‌ڵبژاردن جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م راستییه ده‌كاته‌وه. له‌م ئاسته‌دا، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌جیاتی ئه‌وه په‌رتیان بكات و هه‌ریه‌كه‌یان بیر له لۆژیكی هێزبكه‌نه‌وه، به لۆژیكی ئاشتی و ڕوانگه‌ی داهاتووییه‌وه بۆ وڵاته‌كه بیریان كرده‌وه و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ی رێزدارانه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان بوو بۆ به‌شداریی خه‌ڵك. كاریگه‌ریی ئه‌مه و ده‌ستپێوه‌گرتنی و خۆكۆنترۆڵكردنی لایه‌نه‌كان له ئاست هه‌ر گرژییه‌كی پێشبینیكراوی له‌مه‌ودوا، له ئاستی جڤات و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدا كاریگه‌ریی خۆی زۆر ده‌بێت و به ئاشكرا ژیله‌مۆی كوردبوون و هیوا و خه‌ونی كوردیانه زیندووده‌كاته‌وه. بۆیه ئه‌م پرۆسه‌یه هاندانێكی ئاشكرایشی پێوه‌یه بۆ كوردی به‌شه‌كانیتر و كوردانی ده‌ره‌وەش، كه درێژه به خه‌باتی ئاشتیانه و دیموكراتیك بده‌ن و له‌و رێگه‌یه‌وه مافه‌كانی خۆیان به‌ده‌ستبهێنن.
له ئاستی ئیقیلیمیدا كورده‌كان توانیان به‌م پرۆسه‌یه پیشانی زۆرینه‌ی وڵاته به میرات دیكتاتۆرییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی بده‌ن، كه ده‌كرێ شۆڕش به شێوازی دیكه روو بدات به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌میشه به‌رهه‌مهێنه‌ری فه‌ندەمه‌نتاڵیزم و توندڕه‌وی سیاسیی و ئایدیۆلۆژی بێت. هه‌روه‌ها غرووریی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی به‌لای ئاشتیخوازیی كورده‌كاندا ڕ‌اكێشا و ئه‌و ته‌مه قورسه‌ی ڕه‌وانده‌وه، كه وێنای ئه‌وانی به هۆی ئایدیۆلۆژیه ده‌مارگیره حاكمه مێژوویه‌كان له‌سه‌ر كورد، پێكهێنابوو. له‌و وێنایه‌دا كورده‌كان وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئاشته‌وایی گه‌لانی ناوچه‌كه هێنرابوونه پێشچاو و ئه‌مه‌ش هاوكات به ناهوشیارییه‌كی به‌ربڵاو له‌سه‌ر كورده‌كان كه هه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بڵاویان ده‌كرده‌وه. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه كورده‌كانی وه‌ك (نه‌ته‌وه‌ی ده‌رفه‌ت) خسته روو نه‌ك (نه‌ته‌وه‌ی هه‌لقۆستنه‌وه) و خاوه‌ن نیه‌تی ژێربه‌ژێر. بۆیه ئێستا ڕای گشتیی گه‌لانی ناوچه‌كه و خۆزگه خواستنیان به كورده‌كان به ئاشكرا دیاره. ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌رفه‌تێكی چاك به كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی و هاوڵاتیانی ئازادیخوازیی هاوسێی كوردستان له فارس و تورك و عه‌ره‌به‌كان ده‌دات، تا بیكه‌نه به‌ڵگه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانیان بیروڕای ئایدیۆلۆژیكسه‌نته‌ری خۆیان له‌سه‌ر خه‌باتی كورده‌كانی ژێر چه‌پۆكیان بگۆڕن بۆ بیروڕایه‌كی مرۆییتر و كێشه‌كانیان به شێوه‌ی دیموكراتیانه و له رێگه‌ی دانوستان و گفتوگۆوه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و له‌هه‌ر هه‌نگاوێكدا كه ده‌ینێن بۆ دیموكراتیزه‌كردنی سیسته‌م و كۆمه‌ڵگاكانیان، به‌شداریی كارای كورده‌كانیان بیر نه‌چێت.
له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌ییشدا، ئه‌م پرۆسه‌یه نرخی كاڵا‌و لۆگۆ و ڕه‌مزییه‌تی كورده‌كانی به‌رزكرده‌وه و له داهاتووی په‌یوه‌ندیی كورده‌كان و جیهانی گلۆباڵ و مه‌حفه‌لی سیاسی و كولتووری و مه‌عنه‌ویدا، به‌ته‌واوی هه‌ست به‌مه ده‌كرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه وەره‌قه‌یه‌كی باشی دایه ده‌ست كوردانی هه‌نده‌ران و چالاكوانانی كورد و دۆسته‌كانیان، تا به‌هۆیه‌وه له گه‌مه‌ی ناوخۆیی ئه‌و وڵاتانه‌دا به قازانجی كوردستان به‌شداریی بكه‌ن و ڕێژه‌ی له‌خۆڕازیبوونیان وه‌ك كوردێك، ببه‌نه‌سه‌ری و بایی ئه‌وه‌ش حورمه‌ت و پشتگیریی بۆ كێشه‌ی كورد له جیهاندا به‌ده‌ست بهێنن. لێره‌شه‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه، له ڕوانگه‌ی منه‌وه، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا سه‌ركه‌وتنكی لایه‌نه براوه‌كانی كایه‌ی سیاسیی نییه، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتنی هه‌موو تاكێكی كورده له گشت جیهاندا، به‌وه‌ی كه پرۆسه‌كه له وڵاتی ئه‌واندا ڕوویداوه و هاوڵاتیانی كوردستانی به‌هۆی فۆرمێكی خه‌باتی دیموكراتیكه‌وه، كه شێوازێكی مۆدێرن و چاوه‌ڕوانكراوه له میلله‌تان و ئه‌تنیكه ئازادیخوازه‌كانی ئه‌م وڵاته، شوێنده‌ستی خۆیان له پرۆسه‌كه‌دا جێهێشتووه و كاریان به مافیكی خۆیان بۆ ئاشكراكردنی ویستی خۆیان كردووه. هه‌روه‌ها ئه‌م فۆرمه له خه‌بات و به‌شداریی كارای نه‌ته‌وه و ئه‌تنیك و ئاینزا كوردستانییه‌كان له هه‌ڵبژاردندا به‌ڕه‌ی له‌ژێر پێی ئه‌و گرووپه سیاسیانه ده‌رهێنا كه له‌لای ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و بگره له ئه‌وروپاش كوردستان وه‌ك شوێنێكی ئاسایش بۆ ئاینزا و گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه غه‌یره كورده‌كان ناناسێنن. بۆیه له جیهانی ده‌ره‌وه ته‌رجه‌مه‌كردنی ئه‌م فۆرمه له خه‌بات، زۆر ئاسانتره وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می شه‌ڕی چه‌كداریدا ده‌بوو بیكه‌یت بۆ ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به چه‌ك وه‌ك ئامرازێك بۆ هێنانه‌دی ئاشته‌وایی و ئازادیی. ئه‌وكاته ئه‌مه قورس بوو، چونكه له ئه‌وروپا و وڵاتانی دیكه ئه‌م فۆرمه‌ی خه‌بات به چه‌ك، به‌هۆی ئاماده‌یی بیروڕا فه‌لسه‌فیی و مرۆڤدۆستی و لێبوورده‌خوازییه‌كانه‌وه، له بنه‌مادا فۆرمێكی نا لۆژیكی بوو، له‌كاتێكدا فۆرمی خه‌باتی دیموكراتێك فۆرمێكی قه‌بووڵكرا و ڕێزلێگیراوه. به‌بڕوای من پێویسته له هه‌نگاوه‌كانی له‌مه‌ودوامانداو هه‌رلایه‌ن و ده‌سته‌یه له‌لای خۆیه‌وه، ئه‌م سێ روانگه‌یه‌ی بیر نه‌چێت بۆ چونێتی پیناسه‌كردنی خۆی وه‌ك كوردێك و كوردستانییه‌ك.
گوڵان: له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه زۆر گه‌رم و گوڕ بوو، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین به‌سه‌ركه‌توویی كۆتایی هات، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه خویندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ئایا به‌ڕێزت چۆن سه‌یری هه‌ڵمه‌تكانی هه‌ڵبژاردنت كرد؟
رێبوار سیوه‌یلی: له ڕاستیدا من هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه و له ده‌ستنیشانكردنی هه‌ندێ له كاندیده‌كانه‌وه و ئه‌و پێوه‌رانه‌ی كاندیدكرابوون سه‌رنجم هه‌بوو تا ده‌سپێكردن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌ته‌كه. شێوازی هه‌ڵمه‌ته‌كه زۆر پیاوسالارانه و نا ئیستاتیكی بوو، ڕه‌چاوی لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی هه‌ڵمه‌ته‌كه و لایه‌نی ته‌ندروستانه‌ی نه‌كرابوو، ده‌كرا هه‌ڵمه‌تێكی وا بكرێته كه‌رنه‌ڤاڵێكی كولتووری و تێیدا هه‌ر لایه‌نه‌و هه‌ر كاندیده بیقۆزێته‌وه بۆ نمایشكردنی ڕه‌نگاڵه‌یی و ئیستاتیكیانه‌ی كوردستان. زۆر به‌كه‌می جلوبه‌رگی كوردیان ده‌پۆشی و زۆربه‌یان به قات و بۆینباخی دوامۆدێله‌وه ده‌رده‌كه‌وتن. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی دیداریانه‌ی خۆی له‌سه‌ر هه‌ڵبژێره‌ر هه‌یه و جۆرێكه له خۆ جیاكردنه‌وه و جودایی زه‌وقی و جوانیناسیانه له عاممه‌ی خه‌ڵك. له ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه هه‌موو لایه‌نه‌كان ڕووی په‌یامیان كرده مرۆڤی پێگه‌یشتوو و (هه‌ڵبژێرسه‌نته‌رانه) كاریان كرد و به‌مه‌ش منداڵ و ئه‌وانه‌یان بیر كرد، كه مافی ده‌نگدانیان نه‌بوو، یان هه‌ر ده‌نگیان نه‌ده‌دا. خاشاك و زبڵی زۆر به‌رهه‌مهات و گوێ نه‌درا به ڕێنماییه‌كانی كۆمیسیۆن له به‌كارنه‌هێنانی شوێنه‌گشتیه‌كان و هتد. ڕۆحی میواندۆستی و ئه‌ویترویستی به هه‌ڵمه‌ته‌كه‌وه دیار نه‌بوو. په‌روه‌ره‌ده‌ی ده‌روونحزبی نه‌ك نه‌ته‌وه‌یی به شێوازی ڕه‌فتاری بانگه‌شه‌كه‌ران و لایه‌نگرانیانه‌وه دیار بوو. كه‌س باسی كوردی به‌شه‌كانیتر، یان مافی مرۆڤ و بێگانه‌كانی نه‌كرد، زۆركه‌م باسی سێمبووله نه‌ته‌وه‌یی و مێژووییه‌كان كرا.، كه‌س له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌ردانی كه‌مپی ئاواره كورده‌كانی نه‌كرد. زۆركه‌م باسی مافی ژنان و لابردنی چه‌وساندنه‌وه له‌سه‌ر ژنان منداڵانیان كرد و كه‌مترین جار وشه‌كانی وه‌ك لێبوورده‌یی، به‌خشین، هاوكاری، خۆشه‌ویستی، دۆستی و هاوچه‌شنویستی و ناتوندوتیژی و هاوشێوه‌ی ئه‌م چه‌مكانه‌مان گوێ لێ‌بوو..
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ئه‌مه سه‌ره‌تاكانی پرۆڤه‌كردنه له‌سه‌ر دیموكراسیه‌ت، دیموكراسیه‌تیش پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ته‌كێتی سیاسیی بێت، كولتوورێكی تاكه‌كه‌سی و شێوازێكی خۆسه‌لماندنه له پانتایی گشتیدا. دیموكراسییه‌ت وه‌ك كولتوورێك، بریتیه له ئازادكردنی (خود)ی تاكه‌كه‌س له (ئێمه)ی گشتی و عامیی. ده‌نگیی تاكه‌كه‌سه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵاوزه‌نای ئاپۆره، ئه‌مه‌ش له كوردستانێكی وه‌كئه‌وه‌ی ئێمه‌دا كاتی ده‌وێت تاكو ئه‌م تێگه‌یشتنه له دیموكراسیه‌ت وه‌ك به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئیراده‌ی تاك له گه‌یشتنیدا به ئازادی، جێی خۆی بگرێت. هه‌رچه‌نده كولتووری دیموكراسیه‌ت زۆر كۆنه و سه‌ره‌تاكه‌ی له هێندستانی دێرین و یۆنانه‌وه ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام له هه‌موو شوێنێك پێشێلكاریی بنه‌ما دیموكراتیه‌كان هه‌یه، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی هه‌یه به ئاستی هۆشیاریی مرۆڤه‌وه. گه‌وره‌ترین ناكۆك له‌م هه‌ڵمه‌تانه‌ی ئێمه‌دا ئه‌وه بوو، كه ئامڕازێك به‌كار ده‌هێنیت بۆ گه‌یشتن به ئامانجێك، كه پێچه‌وانه‌یه‌تی. پێویسته له داهاتوودا ئه‌م ناكۆكه كه‌م بكه‌ینه‌وه و نه‌یهێڵین. پێویسته هه‌ڵمه‌ته‌كه پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كه و پێچه‌وانه‌ی ئاكاری دیموكراتیانه نه‌بێت.
گوڵان: ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵی بوو له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئاستی به‌رزی به‌شداریی خه‌ڵك بوو له ده‌نگدان، كه له‌سه‌رووی له‌سه‌دا حه‌فتا بوو، ئایا تاچه‌ند ئاستی به‌رزی به‌شداریی هاووڵاتیان له پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ پرۆسه‌ی دیموكراتی گرنگه؟
رێبوار سیوه‌یلی: ڕاسته ئاستی به‌شداریی به‌رچاو بوو، به‌ڵام ئاستی به‌شداریینه‌كردن و ده‌نگنه‌دانیش به‌رز بوو. هه‌ردوو بارودۆخه‌كه له دیموكراسیدا ئاسایی و بگره پێویستن. ڕاسته ئه‌و ڕێژه‌یه له به‌شداریی به‌رز بوو، به‌ڵام له‌وه‌ش زیاتر به‌شدارییكردن مه‌ترسی بوو، چونكه ئه‌مه ده‌بێته هۆكاری به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگیی به‌ده‌ستهاتوو بۆ لایه‌نێكی دیاریكرا و بۆی هه‌یه ئه‌مه‌ش شوناسی زۆرینه‌ی ڕه‌ها بداته لایه‌نه‌كه و زۆرینه‌ی ڕه‌هاش مه‌ترسیه‌كه‌ی ئه‌وه ده‌بێت كه خۆی له‌سه‌رووی هه‌ر هاوكاری و پێویستیبوون به ئه‌وانیتر ده‌بینێ و بێمننه‌ت ده‌بێت له به‌شداریی پێكردنی ئه‌وانیتری جیاوازه بیردا. ده‌نگنه‌دانیش مافێكی دیموكراسییه‌ته و ناچێته چوارچێوه‌ی هیچ فۆرمێكی تانه و ته‌شه‌ری ئه‌خلاقی، یان ده‌ره‌وه‌ی یاسا و مافه‌وه، بۆیه له هه‌ڵسه‌نگاندنی كۆتاییدا ئه‌م دوو ئاسته‌ی زۆریی به‌شداریكردن و زۆریی به‌شداریینه‌كردن، هه‌مان به‌هایان بۆ پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌ت هه‌یه. هه‌ر یه‌كه‌یان له پێناسه‌ی پرۆسه‌كه‌دا پێگه‌ی خۆیان هه‌یه كه ناهێڵن تاكڕه‌هه‌ندی سیاسیی بگاته ئاستی ڕه‌هاییگه‌ریی. به‌شداریكردنی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتیان، به‌دیارخه‌ری هۆشیاریی به‌زری ئه‌وانه به به‌های دیموكراسییه‌ت، به‌ڵام به‌شدارینه‌كردنیش دیسانه‌وه هوشیارییه به‌رامبه‌ر ئه‌و ئازادییه‌ی له دیموكراسییه‌تدا هه‌یه و ناهێڵێت ببێته دیكتاتۆریه‌ت و ملهووڕی.
گوڵان: پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حزبی سه‌ره‌كیی ده‌سه‌ڵات بوو، به‌ڵام پێنج ڕۆژ دوای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كان ده‌ستی به هه‌ڵمه‌ته‌كانی خۆی كرد، هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی پارتیش، هه‌ڵمه‌تیكی چڕ‌و پڕ و سه‌رتاسه‌ریی بوو، ئایا چۆن سه‌یری هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی پارتی ده‌كه‌یت؟
رێبوار سیوه‌یلی: من هه‌رگیز له هۆكاری خۆدواخستنی پارتی له ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی تێنه‌گه‌یشتم و به‌دوایشیدا نه‌چووم تا هۆكاره‌كه‌ی بزانم. ئایا ئه‌مه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌وانیتر بوو، ئایا (ته‌رح)ی دانێ و له‌خۆی دڵنیابوو، ئایا له چاوه‌ڕوانیی ده‌ستی پڕۆفێشناڵدا بوون، ئایا ناكۆكیی هه‌بوو.،؟ من نازانم، به‌ڵام كاتێك ده‌ستیكرد به هه‌ڵمه‌ته‌كانی، له‌ڕووی ئیستاتیكی و په‌روه‌رده‌یی و ئاكارییه‌وه، ئه‌ویش كۆی ئه‌و پێشیلكاریانه‌ی ئه‌وانیتر ئه‌نجامیاندان، ده‌ستی نه‌پاراست. شوێنی گشتی به‌كارهێنا، به‌رنامه ته‌رفیهی و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی له ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆیه‌وه وه‌ستاند. خاشاكی به‌رهه‌مهێنا و كۆمه‌ڵگای بیر چۆوه و ته‌نیا ڕوویكرده ده‌نگده‌ران و لایه‌نگرانی خۆی.
ئه‌گه‌ر به‌چاوێكی سۆسیۆلۆژی بڕوانینه شێوازی هه‌ڵمه‌ته‌كانی پارتی دیموكرات، به گشتی پڕۆفێشناڵانه‌تر بوون. هه‌رچه‌نده ئه‌و ده‌نگانه‌ی پارتی به‌ده‌ست هێناون زیاتر ده‌نگی لیسته‌كه و هه‌ندێ كه‌سایه‌تی حزبه‌كه‌ن، نه‌ك كاندیده‌كان و ده‌كرێ له‌مه‌شدا بگوترێ كه پارتی له ده‌ستنیشانكردنی كاندیده‌كانیدا زۆر به وردی حسابی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌نگده‌ران نه‌كردبوو.
به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حزبه وه‌ك تێمێكی یه‌كده‌ست و یه‌كگرتوو، وڵاته‌كه‌یان له ڕووی جوگرافییه‌وه به‌شكرد و له‌زۆربه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كان ساده و دۆستانه قسه‌یان بۆ خه‌ڵك كرد. به كاندیده‌كانیان گوت په‌یمان و مژده‌ی گه‌وره به‌كه‌س مه‌ده‌ن. داوایان لێ‌كردن ڕێز له لایه‌نگران و ئه‌وانیتری جیاوازه‌بیر بگرن و شێوازی ئیستیفزازی نه‌گرنه به‌ر و وه‌ڵامی ئیستیفزازیی كه‌سیتریش نه‌ده‌نه‌وه. توندوتیژییان له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆیان قه‌ده‌خه‌كرد. زمان و په‌یامیان ڕوون بوو، كه‌متر كه‌وتنه جه‌نگی زمانی و شه‌ڕه‌قسه‌وه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی كێبه‌ڕكێكه‌ره‌وه. كاری خۆیان ده‌برده پێش و ئه‌مه‌ش له ئاستی ئاكاریانه‌ی په‌یامه‌كانی ئه‌وانی برده سه‌رێ و متمانه‌ی خه‌ڵكیان به‌ده‌ستهێنا..
لایه‌نگرانیان زۆر مولته‌زیم بوون به داواكاریی سه‌ركرده‌ی خۆیانه‌وه و ئه‌و داواكارییه ئاكارییانه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م و به‌هۆی دووباره و چه‌ند باره‌كردنه‌وه‌یانه‌وه، دابه‌زینه خواره‌وه. به‌مه‌ش پارتی توانی پیشانی بدات كه مه‌رجه‌ع و نۆرمداڕیژی خۆی هه‌یه و ده‌توانن هه‌میشه ناكۆكیه ناوخۆییه‌كانیان جێبهێڵن. جگه له‌وه‌ش پارتی پیشانیدا ئه‌وان ده‌توانن خۆیان كۆنترۆڵ بكه‌ن و سه‌ركرده‌كانیان ده‌توانن قه‌ناعه‌تی ده‌روونی به خه‌ڵكی خۆیان بكه‌ن و به‌مه‌ش جه‌ماوەرێكی مولته‌زیمیان به بنه‌ما ئایدیۆلۆژیی و حزبییه‌كانی خۆیان ڕاهێنا. گرنگیی ئه‌م ئیلتیزامه بۆ كۆمه‌ڵگاش گرنگه، چونكه ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌م حزبه كۆنترۆڵی ده‌روونیی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كات و ئه‌مه‌ش بۆ زۆر حاڵه‌تیتر له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت و حزبایه‌تیش پێویسته. گریمان ئه‌مه هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی خوێنبه‌خشین بێت بۆ تووشبووان به نه‌خۆشی تالاسیما، یان هه‌ڵمه‌تێكی نیشتیمانی بێت بۆ به‌خشینی خوێن به نه‌خۆشخانه‌كان، یان تیمێكی به‌رگریی میللی بێت و له كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه، لافاو، زه‌وی له‌رزه و حزب داوایان لێده‌كات هه‌ركه‌س له شوێنی خۆیه‌وه به‌هانای لێقه‌وماوانه‌وه بچێت. ڕه‌نگه ئه‌م یه‌كگرتووی و گونجانه بۆ له‌مه‌ودواش به‌مه‌به‌ستی هه‌ره‌وه‌زیی و یارمه‌تیدانی هه‌ژاران، په‌نابه‌ران و بێده‌ره‌تانانیش سوودی گه‌وره‌ی لیوه‌ربگیرێت، بۆ نمونه پارتی ده‌توانێت داوا له لایه‌نگیرانی خۆی بكات كه به هه‌مان شێوه‌ی ده‌نگدانیان به حزبه‌كه‌یان، سه‌رفیتره و زه‌كات و هتد بده‌نه هه‌ژارانی وڵات و به‌و جۆره ئابووری وڵات لێره بمێنێته‌وه. هه‌مان ئه‌م یه‌كگرتوویی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و گونجانه ده‌روونییه بۆ هه‌ر كارێكی هه‌ره‌وه‌زی دیكه‌ش گرنگه.
پارتی ئه‌مه‌ی چۆن دروستكردووه؟ به پاره‌یه؟، به هه‌ڕه‌شه‌یه؟ یان به‌هه‌ر به‌شێوازێكیتر، ئه‌مه بۆ من گرنگ نیه، ئه‌وه‌ی گرنگه توانیویه‌تی له شوێنی جیاواز، كه ورده‌كولتووری جیاواز و ئاستی ململانێی سیاسیی جیاواز هه‌یه، ئه‌و قه‌ناعه‌ته لای لایه‌نگرانی خۆی دروست بكات و گونجانی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستبكات و رێژه‌كه‌ش زیاد بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی له سلێمانی هه‌ندێ شوێنی‌تر بینیمان.
له‌لایه‌كیتره‌وه، پارتیه‌كان و به‌تایبه‌تیش بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌و ده‌ركه‌وتنه چالاكانه‌یان له پێناوی یه‌ك ئامانجدا، وه‌ڵامی زۆر له‌و بانگه‌شانه‌یان دایه‌وه كه ئه‌وانی له شێوه‌ی دووبه‌ره‌كیی و ناكۆكییدا ده‌ناساند. ڕاسته ئه‌وان هه‌موویان پێكه‌وه كه‌متر ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌یان هه‌مان شت بوو، كه دیاره ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی رێككه‌وتنێكی پێشینه و گفتوگۆی پیشینه و بڕیاری پێشینه‌یه. وێڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌مانه خۆیان نه‌كرده خاوه‌نی ئه‌و قسه و جوێن و تیرۆری كه‌سیی و ته‌خوینه‌ی له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له هه‌موو لایه‌كه‌وه و بچووك و گه‌وره و منداڵیانی نه‌پاراست. له په‌نای ئه‌مه‌شدا، پارتیه‌كانی بنه‌ماڵه كرانه ئامانجێك بۆ هێرشكردنه سه‌ر كولتوور و كه‌رامه‌تی مرۆڤی ناوچه‌ی بادینان و ده‌ڤه‌ری بارزان به‌گشتی. كه ئه‌مه بۆ خۆی شتێكه ده‌بێت ڕه‌تیبكه‌ینه‌وه و ڕقبوونه‌وه له پارتی، یان بنه‌ماڵه، نه‌كرێته ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ قسه گوتن به هاووڵاتیان و كولتووری ناوچه‌كه، چونكه ئه‌مه شه‌رمه‌زاریی به‌دواوه‌یه و جگه له هێنانه‌دی ئامانجی دوژمنان چیتر ناگه‌یه‌نێ. بێجگه له هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌مجاره‌یان سه‌ركرده باڵاكانی پارتی، هه‌ر له سه‌رۆك و جێگره‌كه‌یه‌وه تا پۆسته‌پاڵاكانیتر، چاره‌نووسی خۆیان نه‌دایه ده‌ست ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یان، كه زۆرجار و له‌م بارودۆخه گرژانه‌دا ئه‌وان باجی راگه‌یاندنه‌كه‌ی خۆیان داوه. ئه‌م جاره هه‌م توانیان سنوورێك بۆ ڕاگه‌یاندنیان دابنێن و هه‌م ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ش ڕاسته‌وخۆ تێكه‌ڵ به خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه بوون، كه له بیست ساڵی ڕابردوودا ئه‌مه نمونه‌ی ده‌گمه‌ن بووه و پیویسته بیپارێزن. له‌به‌ر ئه‌وه من هێنده‌ی بردنه‌وه‌و یه‌كه‌مێتی ئاكاریانه‌ی پارتی سه‌رنجی ڕاكێشام، ئه‌وه‌نده بردنه‌وه‌ی ژماره‌یی و ڕێژه‌یی پارتی سه‌رنجم ڕاناكێشێت، چونكه هه‌میشه بردنه‌وه ژماره‌یی و ڕێژه‌ییه‌كان كاتین و ده‌كرێ به زۆر شێواز به ده‌ست بهێنرێن، بۆ نموونه به ڕیشوه و پاره و مژده‌ی جۆربه‌جۆر و ته‌زویر، (با وای دابنێین هه‌ندێ له‌م شێوازانه‌ش له‌لایه‌ن پارتییه‌وه تاقییكراونه‌ته‌وه)، به‌ڵام گونجانی بیروڕا، گوێرایه‌ڵی و متمانه، ڕێزگرتن له داواكاریی مه‌رجه‌عی سیاسیی و سه‌ركرده، خۆكۆنترۆڵكردن و هتد. به ئاسانی دروست نابن و نامێننه‌وه و ناپارێزرێن. ئه‌مه‌ش واده‌كات بڵێم پێویسته پارتی به بارته‌قای بردنه‌وه ئه‌خلاقییه‌كه‌ی بكرێته‌وه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا و هه‌ست به‌و ئه‌ركه گه‌وره‌یه بكات كه لێره به‌دواوه ده‌كه‌ویته ئه‌ستۆی و ئاستی چاوه‌ڕوانیی لایه‌نگرانی خۆی و ئه‌وانه‌ی بردۆته سه‌رێ كه متمانه‌یان پێبه‌خشیوه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی هه‌یه به چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی پارتیه‌كان له‌گه‌ڵ داهاتوو و له موعاده‌له سیاسیه‌كان و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆندا، به‌تایبه‌تیش گۆڕانخوازان..
گوڵان:ئه‌وه‌ی دوای ئه‌نجامدانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه جێگه‌ی خۆشحاڵییه، تێكڕای لایه‌نه سیاسیه‌كان پابه‌ندبوونی خۆیان به ئاكامی ده‌نگدانه‌وه دەربڕیوه، ئه‌مه‌ش مانای پرۆسه‌كه به‌باشی به‌ڕێوه چووه و وه‌ك كونسوڵخانه و چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش شاهیدی ده‌ده‌ن، كه پرۆسه‌كه تاراده‌یه‌كی زۆر باش به پاكی به‌ڕێوه چووه، ئایا تاچه‌ند بۆ ئێستای كوردستان ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد گرنگه؟
رێبوار سیوه‌یلی: به بڕوای من نه قونسوڵخانه و نه چاودێره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێوه‌ری پوختیی پرۆسه‌كه نین، چونكه ئه‌وان له سه‌رنجدانیاندا بۆ پوختیی پرۆسه‌كه، ته‌ماشای ڕێژه‌ی سه‌رپێچی و ته‌زویر و هه‌ندێ شتی ته‌كنیكی و ڕینمایی پیشوه‌خت ئاماده‌كراو ده‌كه‌ن، كه زۆریش گرنگن.، به‌ڵام به بیروڕای من پێوه‌ری پوختیی پرۆسه‌كه، خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و هه‌سته‌یانه كه ئه‌وان پێیانوایه به ئازادانه ده‌نگیان داوه به‌و قه‌واره سیاسیه‌ی ویستویانه ده‌نگیی پێبده‌ن، هه‌ر بۆیه‌شه ژماره‌یه‌ك له‌و هاووڵاتیانه به شێوه‌یه‌كی نه‌رێتی له‌سه‌ر پارتی حساب بوون، بۆی هه‌یه ده‌نگیان به گۆڕان دابێت، یان ئه‌وانه‌ی له‌ناوچه‌ی ئینتیخابی گۆڕانن و ده‌نگیان به پارتی داوه، یان یه‌كێتی بووه و ده‌نگی به گۆڕان داوه و به پارتیی و ئیسلامیه‌كان و هتد. شوێنگۆڕكێیه‌كی ئایدیۆلۆژی ڕوویداوه و ئێستا هیچ لایه‌نێك ناتوانی ئیدیعا بكات كه فڵانه ناوچه‌ی هه‌رێمه‌كه، ته‌نیا و پووخت به هی ئه‌وان حساب ده‌كرێت. ڕێژه‌ی جیاواز هه‌یه، به‌ڵام بۆ هه‌مووانیش له هه‌موو شوێنێ ده‌نگ هه‌بووه. وه‌لێ زۆر ڕاسته، من به وته‌ی سه‌ركرده‌ی حزبه سه‌ره‌كییه‌كان خۆشحاڵ بووم، كه پاش ده‌نگدان پیشكه‌شیان كرد و داوایان له‌لایه‌نگرانی خۆیان كرد پابه‌ندبن به سه‌قامیگریی و ئاشتییه‌وه و ئه‌نجامه‌كانیان قبووڵ بێت. ئه‌مه متمانه‌یه‌كی زیاتری به‌خشییه پرۆسه‌كه و پێگه‌یشتووییه‌كی مێنتاڵیانه‌ی سه‌ركرده ته‌قلیدیه‌كانی ئێمه‌ی ئاشكرا كرد، كه ده‌توانن به شێوازێكی دیكه سیاسه‌ت بكه‌ن و بیر له ئامرازیی ته‌قیلدیی بۆ درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵات نه‌كه‌نه‌وه. ئه‌م قسه‌یه‌ی ئه‌وان كردیان، پێشگیریی و ڕێگریش له هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكی ده‌ره‌كییش ده‌كات بۆ گۆڕینی ئه‌نجامه‌كان.
گوڵان: ئه‌وانه‌ی به وردی سه‌یری ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن، مه‌زنده‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌م پرۆسه‌یه جۆرێك گۆڕانكاری له شێوازی ئاخاوتنی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتری دروستكردووه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی هه‌ست ده‌كرێت ئاماده‌باشی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه كار بكه‌ن و پێكه‌وه له حكومه‌ت به‌شدار بن، به‌ڕێزت ئه‌م گۆڕانكارییه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
رێبوار سیوه‌یلی: پێكه‌وه كاركردن هه‌ر ته‌نیا پێكه‌وه‌بوونێكی فۆرماڵ نییه، به‌ڵكو پیشاندانی جه‌وهه‌رێكه به‌هۆیه‌وه سرووشتی حوكمداریی خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات. گرنگترین شت بۆ پێكه‌وه كاركردن تێگه‌یشتن و ڕێزگرتن و كاركردنه له پێناوی ئامانجه‌كانی حوكمڕانیدا، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مووان هه‌مان شێوازی به‌شداریكردن له حوكمڕانیان هه‌بێت. بۆی هه‌یه شێوازه‌كانیان بۆ به‌شداریی له حوكمكردندا جیاواز بێت و هه‌ر لایه‌نه جه‌خت له‌سه‌ر شێوازی خۆی بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه پێچه‌وانه‌ی ئامانجی كۆی سیسته‌می حوكمڕانیه‌كه نه‌بن، چونكه ئه‌مه وا ده‌كات هه‌ر یه‌كه له‌ناو هه‌مان یه‌كه‌ی حوكمداریدا له ئاوازێك بخوێنێت و كه‌س له پێگه و پۆستی خۆیدا خه‌تی ئه‌وانیتر نه‌خوێنێته‌وه. سیاسه‌ت له حوكمڕانیدا ئاستێكی به‌رزتری سیاسه‌تكردنه له‌چاو حزبدا، بۆیه زۆرگرنگه ئه‌وانه‌ی خۆیان بۆ به‌شداریكردن له حوكمدا ئاماده ده‌كه‌ن، كاسكێتی حزب بخه‌نه لاوه و ته‌كنۆكراتیانه بیر له سیاسه‌ت بكه‌نه‌وه و یاده‌وه‌ریی و مێژووی حزبیی و ئایدیۆلۆژیی نه‌به‌نه ناو ئه‌و پێگه و پۆستانه‌ی وه‌ریده‌گرن.
حكومه‌ت یه‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گونجانی جیاوازییه‌كانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا و سیسته‌مه‌كانی. كاتێك تۆ ده‌چیته سیسته‌می حوكمڕانییه‌وه، پێویسته زۆرترین هه‌وڵ بده‌یت بۆ سه‌رخستنی سیسته‌مه‌كه به‌گشتی، نه‌ك مه‌رامه سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه‌كانی خۆت و لایه‌نه‌كه‌ت. من له ئێستادا نامه‌وێت هیچ پێشبینیه‌كی خراپم بۆ لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی ئه‌مجاره‌ی حكومه‌تدا هه‌بێت، چونكه هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌وه به هووشیارتر ده‌بینم كه بیریان بچێته‌وه بۆ ده‌یانه‌وێت به‌شداریی له حوكمدا بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له مانای وشه‌ی به‌شداریدا چه‌مكه‌كانی گونجان و هاوكاری و گیانی لێبوورده‌ییش له پێناوی هاوئامانجیدا، ئاماده‌ییان هه‌یه.
گوڵان: هه‌ندێك پێیانوایه ئاكامی هه‌ڵبژاردن هاوكێشه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كان ده‌گۆڕێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو، ئایا به ڕای تۆ وه‌ك ڕۆشنبیرێك چۆن سه‌یری ئه‌و گۆڕانكارییه ده‌كه‌یت؟ ئایا گۆڕینی هاوپه‌یمانیه‌كان تاچه‌ند بۆ ئه‌م قۆناخه خزمه‌تی خه‌ڵك ده‌كات؟
رێبوار سیوه‌یلی: ئه‌مه شتێكی ئاساییه و بۆچوونه سیاسیه ناكۆك و دژواره‌كان بۆ هه‌میشه وه‌ك خۆیان نامێننه‌وه. هاوپه‌یمانیی سیاسی، به‌پێچه‌وانه‌ی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریی له كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، گرێبه‌ستێكی داخراو نییه و كراوه‌یه به ڕووی هه‌ر لایه‌نێكی تردا كه ده‌یه‌وێت به‌پێی مه‌بده‌ئی هاوئامانجی بێته هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌وه. كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش چیدی ئه‌و كۆمه‌ڵگا عه‌شایه‌رییه نییه كه نه‌توانرێ تێگه‌یشتنێكی نوێ بۆ هاوپه‌یمانێتی بهێنرێته كایه‌وه. له كۆمه‌ڵگای ته‌قلیدیدا هاوپه‌یمانێتی هه‌میشه نه‌سه‌بیه زیاتر له‌وه‌ی هۆكارمه‌ند بێت، به‌ڵام له ئێستادا ئاساییه هۆكارمه‌ندی ببێته هێنانه‌كایه‌ی گرێبه‌ستی هاوپه‌یمانێتی،. له‌مه‌شدا هۆشیاریی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و خه‌ونی بیناكردن و ته‌ئمینكردنی داهاتوو، ئه‌و هانده‌رانه‌ن كه هاوكێشه‌كانی هاوپه‌یمانێتی ده‌گۆڕن. كات و ئه‌زموونیش له‌مه‌دا ڕۆڵێكی زۆر باشیان هه‌یه و بوار بۆ گۆڕانكارییه میزاجی و مێنتا‌ڵیتی و سایكۆلۆژییه‌كانی بكه‌ره سیاسییه جیاوازه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت تاكو بتوانن به‌خۆیاندا بچنه‌وه، من ئه‌م ڕاستییه‌م له په‌یوه‌ندیی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مان و كه‌سانه‌دا بینیوه كه پێكه‌وه كاریان كردووه و له میانه‌ی كار و ئه‌ركدا یه‌كتریان باشتر ناسیوه، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت گۆڕینی هاوپه‌یمانێتی پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیماوه بێت بۆ ئامانجه‌كانی حوكمڕانی نه‌ك سه‌پاندنی شێوازی حوكمكردن. ئه‌گه‌ر جیاوازیمان له نێوان ئه‌م دوو تێگه‌یشتنه‌دا كرد و بووینه هاوپه‌یمانی هاوئامانج، ئه‌وه شێوازێشمان جیاواز بێت، ئاساییه، به‌مه‌رجێ ڕێگریی بۆ یه‌كتر درووست نه‌كه‌ین و ئه‌مه‌ش بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌مان زۆر به سووده، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوپه‌یمانێتیانه هاوكاتیش بن به پلوورالیزمی سیاسی و فره‌یی له بۆچووندا..
گوڵان: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌نگی یه‌كه‌می هێناوه، بێگومان پارتی حكومه‌ت به هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌كان پێكده‌هێنێت و، به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش كاندیدی پارتی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ر به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه، ئایا به‌ڕای به‌ڕێزت پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له كابینه‌ی هه‌شته‌م چۆن بێت؟ خۆت چاوه‌ڕوانی چیی لێده‌كه‌یت؟
رێبوار سیوه‌یلی: له ئێستادا نێچیرڤان بارزانی له پێگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تێكی یه‌كگرتوودا، كه‌سایه‌تیه‌كی بێنموونه‌یه. ئه‌و جگه له‌وه‌ی گه‌نج و له ڕووی فیزییكه‌وه به توانایه، ئه‌زموونێكی باش و ده‌وڵه‌مه‌ندیشی له ناوخۆ و له ئاستی دیپلۆماتێكیدا هه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی كراوه‌یه و له حوكمی پێشینه‌وه بڕیارنادات و هێمنییه‌كی تایبه‌ت به خۆیشی هه‌یه، كه دواجار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بڕیاره‌كانی داده‌نێت. ئه‌و له‌لای كه‌سایه‌تی و لایه‌ن و ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆنه‌كانیش ڕێزلێگیراوه و په‌یوه‌ندیی فراوان و دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵیان هه‌یه. پاشان ساڵه‌هایه خه‌ریكی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانییه و ده‌بێت له ئێستادا ڕێگریی له ته‌واوكردنیان نه‌گیرێت، بۆیه كاندیدكردنه‌وه‌ی ئه‌و هیچ ناڕه‌زاییه‌كی ناوخۆیی پارتی و لاینه‌كانیتریشی به دوادا نایه‌ت. نێچیرڤان بارزانی له ساڵانی ڕابردوودا، وێڕای ئه‌و ڕێگیریانه‌ی له‌به‌رده‌میدا هه‌بوون، وه‌ك دوو ئیداره‌یی و ململانێی حزب له حكومه‌ت و ململانێی كۆن و نوێ و هه‌روه‌ها وێڕای ئه‌و ڕه‌خنه توندانه‌ی لێی گیراون، توانیویه‌تی چه‌ند ئاستێكی كه‌سایه‌تیی خۆی به‌رجه‌سته بكات كه جێی دڵخۆشین. له رووی دیپلۆماسییه‌وه، له ڕووی ڕۆشنبیری و قه‌بووڵكردنی جیاوازیی و كرانه‌وه‌یه‌وه، له ڕووی ئابووری و سیاسیه‌وه، له ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و بێده‌نگكردنی وڵاتانی هاوشێوه، له شوێنێكه‌وه كه زۆر دژی ئه‌م هه‌رێمه بوون، بۆ شوێنێ كه به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووریه‌كانی خۆیانی تێدا ببیننه‌وه. ئه‌مانه هه‌موویان خاڵه باش و به‌هێزه‌كانی ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ن.
بۆیه چاوه‌ڕوانیی من لێیان ئه‌وه‌یه له‌م حكومه‌ته نوێیه‌دا نێگای خۆی بگوێزێته‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه ناوخۆییه‌كان له هه‌ژاری و ناعه‌داله‌تی، چاككردنی سیسته‌می په‌روه‌رده، سیسته‌می ته‌ندروستی، پیاده‌كردنی شه‌فافییه‌تی حوكمڕانی، ئازادیی زیاتری ڕاده‌ربڕین و ڕاگه‌یاندن، گرنگیدانی زیاتر به مافه‌كانی مرۆڤ و به‌تایبه‌تیش سنووردانان بۆ چه‌وساندنه‌وه و سته‌م له‌سه‌ر ژنان و منداڵان، گێڕانه‌وه‌ی ڕێز بۆ كه‌رامه‌تی كوردی به‌شه‌كانیتر له‌ڕووی یاسایی و مافه‌وه. سنووردانان بۆ توندوتیژی به‌ناوی ئایین و نه‌رێت و كوردایه‌تیه‌وه، ژینگه‌پارێزی و مافی ئاژه‌ڵان، و به‌رده‌وامی به پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌ركیز له‌سه‌رشاره سه‌نته‌ریه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازییه ئه‌فغانییه‌كانی نێوان ده‌ڤه‌ره‌كان و شاره گه‌وره‌كان. گرنگیدان به گه‌شتوگوزار و ئاوه‌دانكردنه‌وه. ئاوڕدانه‌وه له گرووپه په‌راوێزییه‌كان و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تیه‌كان. سنووردانان بۆ سه‌رمایه‌گوزاری ساخته له بواری په‌روه‌رده و لێپێچینه‌وه له قوتابخانه‌و زانكۆ و خه‌سته‌خانه قازانجویسته‌كان. بیناكردنه‌وه‌ی ڕۆحیانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری و چاپ و كتێب و به‌تایبه‌تی بۆ منداڵان. یارمه‌تیدانی حزبه بچووكه‌كان و لایه‌نه سیاسییه كوردیه‌كانی به‌شه‌كانیتر و هتد. به كورتی من چاوه‌ڕوانیم ئه‌وه‌یه نێچیرڤان بارزانی بتوانێت له‌م ده‌وره‌یه‌ی حوكمڕانیدا، سیمای حكومه‌تی هه‌رێم له یه‌كه‌یه‌كی لۆكاڵیی حوكمكردنه‌وه بگۆڕێت به یه‌كه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی حوكمكردن و بۆن و به‌رامه‌ی كوردیان به كۆمه‌ڵگا ببه‌خشێته‌وه، چونكه له ئێستادا شوناسی كوردیانه و كوردستانیانه‌ی وڵاتی ئێمه له مه‌ترسیدایه و كورده‌كان هه‌ست به نامۆیی و به‌خۆنامۆبوونێكی كوشنده ده‌كه‌ن..
گوڵان: ئێستا حزبه سیاسییه‌كان خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازی دیكه، كه ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانه، ئایا تاچه‌ند سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، زه‌مینه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانیش به سه‌ركه‌وتوویی به‌ڕێوه بچیت؟
رێبوار سیوه‌یلی: به بڕوای من زۆرگرنگه ئه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌م هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌دا كران، دووباره نه‌بنه‌وه، كاندیده‌كان خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی مه‌عنه‌وی بن، ڕه‌چاوی ڕێنماییه‌كانی هه‌ڵبژاردن بكرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و وانه باشانه‌ی لێره‌وه فێریان بووین، جێی سوود بن، شێوازی هه‌ڵبژاردنه‌كه پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی نه‌بن. ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت، كێ هه‌ڵبژێردرێت، نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نه‌كه‌ی ده‌كات له خزمه‌تكردندا به كۆمه‌ڵگا و گشت چین و توێژه‌كان. خۆ به‌دوورگرتن له توندوتیژی و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ كه‌رنه‌ڤاڵێكی كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی. له ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكه‌وه گرێدراون و چاره‌نووسیان یه‌كه. سیاسه‌ت دووله‌ت ناكرێت و سیاسه‌تێكی هاوكارانه‌ی و هاوپه‌یمانانه‌ی په‌رله‌مانیت هه‌بێت و یه‌كێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه له ئه‌نجومه‌نی شاره‌كان. شار و پارێزگاكان یه‌كه‌ی گرنگیی سیاسی و ئیداری و كولتووریی و جوگرافیایی وڵاته‌كه‌مانن، ئه‌نجومه‌نی شاره‌كان له ڕووی مێژووییه‌وه فۆرمێكی هاوكاریكردنی نزیكن له خه‌ڵكه‌وه و په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان به ژیانی ڕۆژانه‌وه هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته مرۆڤگه‌لێكی دانا و ئاگا به ژیانی خه‌ڵك له‌وێ دابنرێن كه توانای بڕیاردان و نوێنه‌رایه‌تیكردنی شارۆمه‌ندانیان هه‌یه. شاری ئێمه له ڕووی شارناسی و شارسازییه‌وه، له‌سه‌ره‌تای گه‌شه‌ی خۆیاندان، شار شوێنێكی گرنگی هاوبه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشوێستن و پابه‌ندبوونه به شوێنه‌وه. مرۆڤ له شاردا شوناسی خۆی چێده‌كات و هه‌سته‌كانی خۆی په‌روه‌رده ده‌كات به‌تایبه‌تی هه‌ستی وابه‌سته‌بوون به شوێنه‌وه. بۆیه پێویسته له‌م ڕوانگانه‌وه حزب و لایه‌نه‌كان گرنگییه‌كی زۆر زیاتر به هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای شاره‌زایی و توانایی كاندیده‌كانه‌وه بده‌ن، نه‌ك ئینتیمای سیاسیی.
