بەکارهێنانی کەسانی دیکە لە شوێنی کاردا بۆ بەرژەوەندی خۆیان
بە شێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگەدا هەمیشە کەسانێک هەن کە لە ڕووداوەکاندا و لە شوێنی کاردا خۆیان بە شێوەیەکی باش و پەسەند پیشان دەدەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا نیەتیان و بیرکردنەوەیان پڕە لە ناپاکی و خراپی. ئەم جۆرە کەسانە زۆرجار بە شێوەیەکی زیرەکانە خۆیان بە جلێکی جوانی ئەخلاقی و کارگێڕی دەپۆشن، بۆ ئەوەی بتوانن متمانەی دەوروبەریان بەدەست بهێنن و پاشان بەکاربهێنن بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان.
ئەوانەی کە خۆیان بە باش پیشان دەدەن، زۆرجار لە سەرەتادا بە شێوەیەکی زۆر دڵخواز و یارمەتیدەر دەردەکەون. هەوڵ دەدەن خۆیان وەک کەسێکی پڕ توانا، دڵسۆز و پابەند بە یاسا و ڕێساکان نیشان بدەن.
بەڵام ئەم ڕووکاری جوانە تەنها پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی نیەتی ڕاستەقینەیان. لە ناوەوەدا، ئەوان هەوڵ دەدەن کەسانی تر بە خۆیاندا بکێشن، متمانەیان پێیان هەبێت و پاشان بە شێوەیەکی ناپاک ئەو متمانەیە بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان سەرکەوتنی کەسی خۆیان .
یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە کەسانە بریتییە لە دووڕوو بوون. لەبەرچاوی خەڵکدا وشەی باش دەڵێن، پشتگیری پیشان دەدەن و بەهێزکردنی تیم یان دەستەکەیان قسە دەکەن، بەڵام لە پشتەوەدا دەکرێت هەوڵی خراپکردنی کەسانی تر بدەن، یان ڕێگە لە پێشکەوتن بگرن. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی ناپاک و پڕ لە نەخۆشی لە شوێنی کاردا.
هۆکاری ئەم ڕەفتارە زۆرجار بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتە. ئەم جۆرە کەسانە پێیان وایە کە بە ڕێگای ڕاست و کارکردنی پاک ناتوانن بگەن بە شوێنی بەرز، بۆیە دەچنە ناو ڕێگای فێڵ و خەڵەتاندن. دەیانەوێت بەسەر کەسانی تر زاڵ بن و کەسانی شوێنی کارەکەیان بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان بەکاربهێنن ، بڕیار بدەن و خۆیان ئەم ڕەفتارە زۆرجار بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتە. ئەم جۆرە کەسانە پێیان وایە کە بە ڕێگای ڕاست و کارکردنی پاک ناتوانن بگەن بە شوێنی بەرز، بۆیە دەچنە ناو ڕێگای فێڵ و خەڵەتاندن. دەیانەوێت بەسەر کەسانی تر زاڵ بن، بڕیار بدەن و خۆیان بکەنە سەرچاوەی هێز، بەبێ ئەوەی شایستەی ئەو شوێنە بن.
لە کۆتاییدا، ئەم جۆرە کەسانە هەرچەندە لە ماوەیەکی کورتدا سەرکەوتنێکی ڕووکەشی بەدەست بهێنن، بەڵام لە درێژخایەندا ڕاستی دەردەکەوێت. متمانەی خەڵک لە دەست دەدەن و ناوبانگیان دەشکێت. چونکە کۆمەڵگا و کارگێڕی دروست و ڕاستەقینە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و پاکی دامەزراو بووە، نەک لەسەر فێڵ و دووڕوویی.
بۆیە گرنگە کە هەموومان هۆشیار بین، نەک تەنها بە قسە و ڕووکاری کەسێک بڕیار بدەین، بەڵکو هەڵسوکەوت و کردارەکانی لە درێژخایەندا هەڵسەنگێنین، هەروەها خۆمانیش دەبێت پابەند بین بە ڕاستگۆیی و پاکی، چونکە ئەوانە بنەمای سەرکەوتنی ڕاستەقینەن بۆ مرۆڤ .

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی