واشنتۆن: دەبێ سووریا بە كردەوە پابەندى دەستپێشخەرییە عەرەبییەكە بێ

واشنتۆن: دەبێ سووریا بە كردەوە پابەندى دەستپێشخەرییە عەرەبییەكە بێ
دواى ئەوەى دووشەمى رابردوو سووریا و كۆوەندى عەرەبی پرۆتۆكۆلى رێگەدان بە سەردانى تیمى چاودێرانى عەرەبی بۆ سووریایان بە مەبەستى ئاگەداربوون لە راستیى رووداوەكانى ئەو وڵاتە ئیمزا كرد، واشنتۆن راى گەیاند ئیمزاكردنى رێكەوتنەكە لەسەر پەڕەیەكى كاغەز بەس نییە و هەنگاوى كردارى گرینگە.

دواى ئیمزاكردنى پرۆتۆكۆلەكە وەلید ئەلموعەلیم وەزیرى دەرەوەى سووریا لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەواندا راى گەیاند سووریا قایل بوو بە ئیمزاكردنى دەستپێشخەرییە عەرەبییەكە دواى ئەوەى چەند گۆڕانكارییەكى تێدا كرا، هەروەها ئاماژەى بەوە دا لەو پرۆتۆكۆلەدا سەروەریى سووریا پارێزراوە. ئاژانسى (سانا)ى رەسمیى سووریا گواستیەوە.

دوێنێ سێشەمیش كۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەكگرتووەكان بە زۆرینەى دەنگ بڕیارێكى دەركرد و تێیدا سەركۆنەى سووریاى كرد بەهۆى بەكارهێنانى توندوتیژى لەدژى خۆپێشاندەران، كە بەپێى دواین خەمڵاندن تائێستە نێزیكەى 5 هەزار كەس هاتوونەتە كوشتن.

بڕیارەكە بە زۆرینەى 133 دەنگ، نەیاریى 11 دەنگ و بێدەنگیى 33 دەنگ دەرچوو.

لەلایەكى ترەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا راى گەیاند ئیمزاكردنى پرۆتۆكۆلى چاودێرانى عەرەبی لەلایەن سووریاوە لەسەر پەڕەیەك كاغەز بەس نییە، چونكە رێژیمى بەشار ئەسەد پێشتر چەندان جار بەڵێنى داوە و جێبەجێى نەكردوون.

ئەو سەرچاوەیە جەختى كرد دەبێ سووریا بە كردەوە هەنگاو بۆ جێبەجێكردنى دەستپێشخەرییە عەرەبییەكە بنێ.

ئەحمەد بن حللى یاریدەدەرى سكرتێرى گشتیى كۆوەندى عەرەبی راى گەیاند سبەى پێنجشەم یەكەم تیمى چاودێرانى عەرەب بە سەرۆكایەتیى سەمیر سەیف ئەلیەزل دەگاتە دیمەشق، كە ژمارەیەك چاودێرى ئەمنى و یاسایى و ئیدارى لەخۆ دەگرێ و دواتریش تیمێك لە پسپۆڕانى مافەكانى مرۆڤ سەردانى ئەو وڵاتە دەكەن.

هەروەها گوتى فەریقى یەكەمى روكن محەمەد ئەحمەد مستەفا ئەلدابی لە كۆمارى سودان كراوەتە سەرۆكى تیمى چاودێرانى عەرەبی.
Top