عیماد تەها ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: بازاڕی ئێمە وەك بازاڕێكی هاوردەكار و بەكاربەر ماوەتەوە، ئەمەش وادەكات كە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە پێویستی بە داڕشتنەوەی پلان و ستراتیژیی نوێ هەبێت
عیماد تەها، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (كاریگەریی ئابووری و بازاڕی هاوبەش لە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەدا)، بەم جۆرە دید و تێڕوانینەكانی خۆی خستەڕوو:
یەكێك لە ڕەهەندە گەش و تایبەتمەندییەكانی گفتوگۆی ئەم جارەمان لەژێر ناونیشانی «كاریگەریی ئابووری و بازاڕی هاوبەش لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا»، بەشداریكردنی بەرفراوانی نوخبەیەكی دیاری سیاسی، ئەكادیمی و پسپۆڕانی هەردوو كەرتی ئابووری و بازاڕە لە هەرێمی كوردستان. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، ئامادەبوونی نوێنەرانی پارچەكانی دیكەی كوردستان دەرفەتێكی گرنگی ڕەخساندووە بۆ تاوتوێكردنی ستراتیژیەتێكی هاوبەش لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكە، پرۆسەیەك كە بێگومان لەبەردەم ئاستەنگ و ئالنگاریی زۆر گەورەدایە.
لە ڕوانگەیەكی مێژووییەوە، بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، جۆرێك لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ناڕەسمی، یان ئەوەی پێی دەگوترێت «قاچاخ» هەبووە. لە ئێستاشدا، دیاردەی «كۆڵبەری» لە نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا وەك شێوازێك لەو ئاڵوگۆڕە بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە ئەم پرۆسەیە بەهۆی ڕێكارە توندەكان و تەقەكردنی بەردەوام لە كۆڵبەران، بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی لایەنی مرۆیی و گیانلەدەستدانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، كە تەنیا بەدوای بژێویی ژیانیاندا دەگەڕێن.
لە لایەكی دیكەوە، لەسەر ئاستی فەرمی، هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی بازرگانیی بەرفراوان و قەبارەیەكی گەورەی ئاڵوگۆڕی لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی دراوسێ (توركیا و ئێران)دا هەیە، بەڵام كێشەی سەرەكی لێرەدا ئەوەیە كە ئەم هاوكێشە بازرگانییە بە تەواوی یەك لایەنەیە و تەنیا لە «هاوردەكردنی» كاڵا و شتومەكی ئەو وڵاتانە بۆ ناوخۆی هەرێم كورت بووەتەوە، بێ ئەوەی هەرێمی كوردستان توانای هەناردەكردنی بەرهەمەكانی خۆی بۆ ئەو وڵاتانە بە هەمان قەبارە هەبێت.
ئەگەر پرۆسەی ئابووری و بازاڕی هاوبەش هاوشێوەی ئەزموونە جیهانییەكان و یەكێتییە ئابوورییەكان مەزندە بكەین، كە لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان هاوردەكردن و هەناردەكردن بنیاد نراون، دەبینین پێگەی هەرێمی كوردستان هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە شیاوەی كە بتوانێت بەرهەمەكانی خۆی هەناردە بكات. بازاڕی ئێمە بە شێوازێكی سەرەكی وەك بازاڕێكی هاوردەكار و بەكاربەر ماوەتەوە، ئەمەش وادەكات كە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە لە ڕێگەی یەكگرتنی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی بەربەستی بنەڕەتی ببێتەوە و پێویستی بە داڕشتنەوەی پلان و ستراتیژی نوێ هەبێت.
لەم گفتوگۆیەدا، تیشك خرایە سەر پرسێكی گرنگ كە ئەویش دەوڵەمەندیی هەر چوار پارچەی كوردستانە بە سەرچاوە سرووشتییە جۆراوجۆرەكانی وەك «ئاو، خاكی بەپیت، نەوت و گاز، مس و ئاسن، لەگەڵ بەردی مەڕمەڕ و چەندین كەرەستەی دیكەی بەنرخ». سەرەڕای بوونی ئەم سامانە گەورەیە، گرفتی بنەڕەتی لەوەدایە كە ئەم كەرەستانە تەنیا وەك ماددەی خاو هەناردە دەكرێن و نەتوانراوە لە ناوخۆی شارەكانی كوردستاندا بكرێنە بنەمایەك بۆ دامەزراندنی پیشەسازییەكی نیشتمانی، كە بتوانێت سوودی فرەڕەهەند بە ئابووریی ناوچەكە بگەیەنێت.
بۆ نموونە، هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان نەوت و گاز بە فەرمی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام نەبوونی پیشەسازیی پترۆكیمیایی وای كردووە نەتوانرێت سەدان بەرهەمی جیاوازی لێ بخرێتە بازاڕەوە، كە وەك براندێكی كوردی هەناردەی دەرەوە بكرێن. ئەم كێشەیە بۆ كەرتی كشتوكاڵیش ڕاستە؛ ئێمە خاوەنی خاكێكی بەپیت و سەرچاوەی ئاویی گەورەین، بەڵام بەرهەمە ناودارەكانی وەك «هەناری هەڵەبجە و سێوی بەرواری» نەكراونەتە پیشەسازییەكی خۆراكی گەشەسەندوو. لەم ڕووەوە، هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكان هەنگاوێكی گرنگ بوون، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە ئومێدی بۆ دەخوازرێت.
لە لایەكی دیكەوە، كێشەی سەرەكی و بونیادیی هەر چوار پارچەی كوردستان لەوەدایە كە كورد وەك «نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت» ماوەتەوە. ئەم واقیعە سیاسییە كاریگەرییەكی نەرێنیی قووڵی لەسەر سەرجەم سێكتەرەكانی ژیانی خەڵك جێ هێشتووە، بەتایبەتی لەسەر هێزی ئابووری و دروستبوونی بازاڕێكی هاوبەش. ئابووری و بازاڕی هەر چوار پارچەی كوردستان بەسەر چوار دەوڵەتی جیاوازدا دابەش بووە كە هەر یەكەیان سیستەمێكی ئابووریی جیاواز پەیڕەو دەكەن، ئەمەش وای كردووە، بازاڕەكانی ئەم پارچانە لە جیاتی ئەوەی پێكەوە ببەسرێنەوە، وابەستەی پایتەختی ئەو دەوڵەتانە بن.
لە نێوان ئەم دۆخەدا، هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەیە كە ئومێدی بۆ كۆكردنەوەی وەبەرهێنەرانی سەرجەم پارچەكان و ڕەوەندی كوردی لێ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕێگریكردن لە گەشەكردنی ئەم پێگەیە، حكومەتی ناوەندیی بەغدا زیاتر لە دوازدە ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر شەڕێكی ئابووری و بازرگانی دژی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات، تەنانەت ڕێگریی لەوەش كردووە كە بەرهەمە ناوخۆییەكانی هەرێم بە شێوەیەكی ئازادانە بگەنە بازاڕەكانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق.
پرسی دامەزراندنی «ئابووری و بازاڕی هاوبەش» لە ئێستادا ڕووبەڕووی كۆمەڵێك كۆسپ و ئاستەنگی جددی بووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك كارنامەیەكی ستراتیژی بیر لە بژاردەی دامەزراندنی ناوچەی بازرگانیی ئازاد بكاتەوە لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ وڵاتانی توركیا، ئێران و سووریا. ئامانج لەم پێشنیازە دابینكردنی زەمینەیەكی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بەرهەمە جۆراوجۆرەكانی پارچەكانی كوردستان بەبێ سەپاندنی باج و ڕسووماتی گومرگی لەو دەروازە ئازادانەدا، كە دواجار دەبێتە هۆی پاڵپشتیكردنی كەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییە ناوچەییەكان بە شێوازێكی كارا.
