ئامانج زیبایی سیاسەتمەدار و پسپۆڕ لە زانستی سیاسەت: بەئامانجگرتنی كەرتی ئابووری بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی كە شەڕی داهاتوو زیاتر لەوەی سەربازی بێت، شەڕی تێكشكاندنی ژێرخانی بازرگانی و داراییە
ئامانج زیبایی، جیا لەوەی یەكێكە لە سیاسەتمەدارەكانی كوردستان، لە هەمان كاتدا پسپۆڕە لە زانستی سیاسەت. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (كاریگەریی ئابووری و بازاڕی هاوبەش لە بونیادنانی نەتەوەدا)، بەمجۆرە دیدو تێڕوانینەكانی خۆی خستەڕوو:
جێگەی شانازییەكی گەورەیە لەگەڵ ئەم ئازیزانە گفتوگۆ لەسەر پرسێكی نەتەوەیی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەین، كە ئەویش « كاریگەریی ئابووری و بازاڕی هاوبەشە لەسەر بونیادنانی نەتەوەدا». ئەوجا لەبەر ئەوەی پسپۆڕیی من زانستی سیاسییە، ئەوا لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە لەسەر ئەم پرسە گرنگە دەدوێم.
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا بە قۆناغێكی یەكجار هەستیار و پڕ لە گرژیی سەربازی و ئابووریدا تێپەڕ دەبێت. ئەم ململانێیە تەنیا لە چوارچێوەی سەربازیدا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵكوو ڕەهەندێكی زۆر گرنگتری گرتووەتەوە كە ئەویش بواری بازرگانی و ئابوورییە. سەپاندنی سزای نوێ و گەمارۆ ئابوورییە توندەكان لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانانییەوە بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە دڵنیاییەوە كاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی ناوچەكە و بەتایبەتی كەرتی ئابووریی هەرێمی كوردستانیش دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە بە وردی لە هاوكێشەكان بڕوانین و ستراتیژییەكی تۆكمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەكان دابڕێژین.
كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، لە جیاتی ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز لە ناوچە كوردییەكاندا (ڕۆژهەڵاتی كوردستان)، زیاتر گرنگیی بە میلیتاریزەكردنی ئەم ناوچانە داوە. نەبوونی كارگە، پڕۆژەی پیشەسازیی گەورە و هەلی كاری گونجاو، بووەتە هۆی دروستبوونی دیاردەیەكی ناخۆشی وەك «كۆڵبەری» لەسەر سنوورەكان. كۆڵبەری دەرەنجامی نەبوونی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتە بەرانبەر بە هاووڵاتیانی خۆی، كە تێیدا مرۆڤ ناچار دەبێت بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی، مەترسیی كوشتن و سەختیی ڕێگاكان بە گیانی خۆی بكڕێت. ئەم واقیعە تاڵە پێمان دەڵێت كە هاوسێیەتی ئابووری لەگەڵ وڵاتێكدا كە ژێرخانێكی گونجاوی نییە، ناتوانێت هاوسەنگییەكی درێژخایەن بۆ بەرژەوەندییەكانی هەردوولا دەستەبەر بكات.
لە لایەكی دیكەوە، پێگەی جیۆپۆلەتیكیی هەرێمی كوردستان لە نێوان دەوڵەتانی دراوسێدا هەمیشە وەك هۆكارێكی گوشار بەكار هاتووە. كاتێك دەبینین كەسایەتییە دیارەكانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی كوردستان، وەك ماڵی پێشڕەو دزەیی و پڕۆژە نیشتمانییەكانی دیكە دەكرێنە ئامانج، ئەمە پێمان دەڵێت كە نەیارانی گەشەسەندنی كوردستان بە باشی دەركیان بە هێزی ئابووری كردووە. ئەوان دەیانەوێت ڕێگری لە هەر پێشكەوتن و سەربەخۆییەكی ئابووری بكەن كە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی كورد لە ناوچەكەدا. بەئامانجگرتنی كەرتی ئابووری بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ئەوەی كە شەڕی داهاتوو زیاتر لەوەی سەربازی بێت، شەڕی تێكشكاندنی ژێرخانی بازرگانی و داراییە.
لەم نێوەندەدا، پرسیارێكی جەوهەری ڕووبەڕووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە: تا چەند توانراوە سەرچاوەكانی داهات هەمەچەشن بكرێن و كەرتی ئابووری لە پشتبەستنی ڕەها بە نەوت و وزە ڕزگار بكرێت؟ زۆربەی وڵاتانی جیهان، جیا لەوەی بەرهەمهێنەرن، خاوەنی «براند»ی نیشتمانیی خۆیانن كە پێی دەناسرێنەوە، سویسرا بە كاتژمێر، فەرەنسا بە بەرهەمە كۆمپانیای ڕینۆی هەیە، كوبا بە جگەرە و تەنانەت ئێران بە فەرش و فستق و زەعفەران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەناسرێنەوە.
كوردستان خاوەنی زەوییەكی بەپیت و بەرهەمی كشتوكاڵی ناوازەیە وەك هەنجیر، گوێز و هەنار، كە توانای ئەوەیان هەیە ببنە بڕاندی جیهانی. ڕاستە هەندێك هەوڵ بۆ هەناردەكردنی ئەم بەرهەمانە دراوە، بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆسانە بە شێوازێكی بەردەوام و ستراتیژی ڕێكنەخرابوون و لە نیوەی ڕێگادا وەستاون.
بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمانە ببنە ناسنامەیەكی نێودەوڵەتی بۆ كوردستان، پێویستە حكومەت لە ڕێگەی پلانی ستراتیژییەوە كار بكات. ئەمەش دەكرێت لە ڕێگەی كەمپینی ڕیكلامی بەهێز لە كەناڵە میدیاییە گەورەكانی جیهان، چالاككردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان و لۆبییە كوردییەكان لە دەرەوە بێت.
هاوكات، دەكرێت لە پڕۆتۆكۆلە فەرمییەكاندا، لە جیاتی دیاریی باو، بەرهەمە نایاب و كوالێتی بەرزەكانی كوردستان پێشكەش بە شاند و نێردە دیپلۆماسییە بیانییەكان بكرێت. ئەم هەنگاوە نەك هەر كەرتی كشتوكاڵ گەشەپێدەدات، بەڵكوو دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی كار و دروستكردنی متمانە بە بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستی جیهان.
لە كۆتاییدا، هەرچەندە ململانێ جیۆپۆلەتیكییەكان قورسن و كاریگەرییەكانی گەمارۆكانی سەر ئێران بێگومان دەگەنە هەرێمی كوردستان، بەڵام كەرتی ئابووری دەتوانێت ببێتە قەڵغانێكی بەهێز ئەگەر بە دروستی بەڕێوە ببرێت. گۆڕینی دیدگای ئابووری لە سەرچاوەی یەكلایەنەی وەك نەوتەوە بەرەو دروستكردنی پیشەسازییەكی نیشتمانی و بڕاندكردنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، پێگەیەكی بەهێزتری بازرگانیمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێ دەبەخشێت و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەپارێزێت.
