خەنجەری ڕق لە جەستەی سەروەری کاتێک بنەچەی سیاسی دەبێتە بڵندگۆی نەیاران
لە کاتێکدا کیانی ڕەوای هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی سەدان هەزار شەهید ، ئەنفال و کیمیابارانە ، بێویژدانی و خیانەتێکی نیشتمانیی گەورەیە کەسانێک کە بە دەنگی ئەم گەلە مەزڵومە گەیشتوونەتە بەرزترین سەکۆکان ، لەبری پاراستنی ئەم قەڵا پیرۆزە ، ببنە بڵندگۆ و دەنگدانەوەی ئەجێندا و پیلانی ئەوانەی چاویان بە کیان و سەربەرزیی کورد هەڵناێه ت.
پۆستی سەرۆکی حکومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان ، تەنیا پلە و پۆستی ئیداری نین ، بەڵکو هێمای سەروەری و ئیرادەی نەبەزیی نەتەوەیەکن کە سەدان ساڵە لە پێناو مافەکانیدا خەبات دەکات. ئەوانەی ئەمڕۆ لە سایەی ئاسایش ، سەقامگیری و کیانی سەربەرزانەی کوردستاندا دەژین و کەچی تیری ژەهراوییان دەگرنە جەستەی کیانی خۆیان ، هیچ حورمەتێک بۆ کەرامەتی سیاسیی خۆیان ناهێڵنەوە ته نها پەردە لەسەر ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان لادەدەن ، چونکە هیچ شتێک لە خەبات و ماندووبوونی ئەو ڕابەرانەی شەو و ڕۆژ لە سەنگەری پاراستنی مافە دەستووری و ئابوورییەکانی گەلەکەماندان کەم ناکاتەوە.
لە ناوەندی ئەم ڕەشەبایەدا ، (مەسرور بارزانی) نە وەک فەرمانڕەوایەک ، بەڵکو وەک سەرکردەیەکی دیپلۆماتکار ، خاوەن ئەندێشەیەکی ستراتیژیی قووڵ و بڕیاردەرێکی پۆڵاین بەرجەستە دەبێت ، کەسایەتییەک کە قسەی کەم و کرداری گەورەی کردووەتە دروشمی خۆی. ئەو لەبری خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی ، ئازایانە چووەتە ناو جەرگەی ئاڵۆزترین دۆسیەکان. کاتێک نەیاران باسی نەوت و داهات دەکەن ، لە ڕاستیدا لەوە تێناگەن کە بەڕێوەبردنی دۆسیەی وزە لە کوردستان تەنیا بازرگانی نییە ، بەڵکو هێڵی پێشەوەی بەرگریکردنە لە سەربەخۆیی ئابووری و سەروەریی گەلێک.
سه رۆک وە زیرانێک کە لە ناوچەیەکی پڕ لە تەقینەوەدا ، سامانی سروشتیی و گومرکەکان ناپێچێتەوە بە ڕێککەوتنی ژێر بەڕە ، بەڵکو دەیانکاتە کەلوپەلی دروستکردنی بنەمای ژێرخانی ئابووری و ڕێگریکردن لە ئیفلاس بوون و تەسلیمبوونی ئیرادەی نەتەوەیی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان وسەرۆکایەتییەکەی، لە ناو ڕاستی تۆفانی قەیرانە دەستکردەکان و گوشارە دەرەکییەکاندا ، وەک چیای سەفین و هەڵگورد بەرامبەر بە هەموو باهۆزەکان وەستاون و نەیانهێشتووە کەرامەتی نەتەوەیی کورد لەبەردەم هیچ بەردەرگایەکدا بچەمێتەوە. کارکردن و ئیدارەدانی سەخترین قەیرانەکان لەم هەلومەرجەدا ، نیشانەی لێهاتوویی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتمانییە ، نەک کەمترخەمی ، چونکە چۆڵکردنی سەنگەر لە پێناو دڵخۆشکردنی دوژمنان و نەياراندا ، ڕێگەی سەرکردەی ڕاستەقینە و کوردپەروەر نییە.
مێژوو هەمیشە سەلماندوویەتی کە کەف و کوڵی ڕق و بوغزی سیاسی دەپەڕێت و دەسڕێتەوە ، بەڵام قەڵای سەربەرزیی کوردستان و ئەو دەستانەی بەردی بناغەی ئەم کیانەیان پاراستووە ، بە نەمری لە لاپەڕە زێڕینەکانی نیشتماندا دەمێننەوە. خەڵکی وشیار و ئاگاداری کوردستان چاک دەزانن کێ دەستکەوتەکان لەژێر هەڕەشەکاندا دەپارێزێت ، و کێش لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکدا دەبێتە ئامرازی تێکدانی ماڵی کوردی...

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی