ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی فەلسەفەی پێكەوەژیان لە ڕێبازی بارزاندا

ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی فەلسەفەی پێكەوەژیان لە ڕێبازی بارزاندا

 

كۆڵەكەكانی تەبایی و  فەلسەفەی پێكەوەژیان

لە عەقیدەی بارزانەوە تا پەیامی هاوبەشی ڤاتیكان و كوردستان

 

 

پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەمیشە وەك تاقیكردنەوەیەكی بنەڕەتی و هەستیار بۆ پاراستنی سەقامگیریی كۆمەڵگەكان سەیر كراوە. لە ناوچەیەكدا كە زۆرجار بە هۆی ململانێی چەكداری و ئاڵۆزیی سیاسییەوە دەناسرێتەوە، نیشاندانی فرەیی وەك خاڵێكی بەهێز، كارێكی ئاسان نەبووە. لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان گوزارشت لە دیدگەیەكی قووڵ دەكەن بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤایەتی، كە سنوورە جوگرافی و سیاسییەكان تێدەپەڕێنێت. پێشكەشكردنی مەدالیای ئاست بەرزی ڤاتیكان بە سەرۆك مەسعود بارزانی لە ڕێكەوتی ٢٠ی ئابی ساڵی ٢٠٢٦، نەك تەنیا وەك ڕێوڕەسمێكی پڕۆتۆكۆڵی، بەڵكو وەك نرخاندنێكی نێودەوڵەتی بۆ هەوڵە بەردەوامەكانی لە پاراستنی ماف و ئاسایشی پێكهاتەكان، بەتایبەت كریستیانەكان لە كاتە سەختەكاندا تەماشا دەكرێت. ئەم مۆدێلە لە پێكەوەژیان لە كوردستان، بە ڕێكەوت دروست نەبووە، بەڵكو ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی قووڵی لە فەلسەفەی كۆمەڵایەتی و ڕێبازی بارزاندا هەیە، كە نەوە دوای نەوە گواستراوەتەوە و پەرەی پێ دراوە بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی پڕ لە تەبایی و دابینكردنی مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو لایەك بە یەكسانی و دوور لە جیاكاری، بەمەش پێگەی ناوچەكە لەسەر ئاستی جیهان بەهێزتر دەكات و دەبێتە نموونەیەكی گەشاوە بۆ سەرجەم گەلان.

بۆ تێگەیشتن لەو پێگە گرنگ و پێشكەوتووەی كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە پاراستنی پێكهاتە هەمەجۆرەكاندا هەیەتی، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، بۆ ناو دڵی قوتابخانەی بارزان. لە سەردەمێكدا كە چەمكەكانی مافی مرۆڤ، یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە مرۆییەكان هێشتا بە شێوازی هاوچەرخی خۆیان گەڵاڵە نەبووبوون، شێخ عەبدولسەلام بارزانیی شەهید، پڕۆژەیەكی چاكسازیی پێش سەردەمی خۆی پێشكەش كرد. ئەم پڕۆژە نیشتمانییە تەنیا لە چوارچێوەی درووشمە تیۆرییەكاندا قەتیس نەبووەوە، بەڵكو كارنامەیەكی كرداریی بەهێز بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەبەگایەتی، گێڕانەوەی زەوی بۆ جووتیاران، داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان، ڕەتكردنەوەی هاوسەرگیریی زۆرەملێ، لە هەمووشیان گرنگتر، چەسپاندنی ئەو تێگەیشتنە باڵایەی كە مرۆڤەكان لە مرۆڤایەتیدا بران و بەهاكانیان بە ڕەوشت و دادپەروەرییەوە بەستراوەتەوە.

پاشان جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانی هات، بۆ هەڵگرتن و قووڵكردنەوەی ئەم ئەمانەتە مرۆییە گەورەیە. لەژێر سایەی سەركردایەتیی دانسقەی ئەودا، ناوچەی بارزان بوو بە فەزایەكی ئارام، كراوە و نموونەیی كە تێیدا موسڵمان، مەسیحی، جوو و پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە لە پاڵ یەكتردا بە ئاشتی و تەبایی دەژیان. هەمەجۆریی ئایینی لەم ناوچەیەدا نەبووە هۆی ناكۆكی، بەڵكو وەك فاكتەری هێز و هاوسەنگیی كۆمەڵایەتی سەیر دەكرا. ئەوەی زیاتر شایانی سەرنجە، ئەوەیە كە قوتابخانەی بارزان چەمكی ئەخلاق و بەرپرسیارێتیی تەنیا لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكاندا سنووردار نەكرد، بەڵكو فراوانی كرد بۆ پاراستنی ژینگە و سرووشتیش. بڕینەوەی دار بەبێ پێویستییەكی زۆر قەدەغە كرا، ڕاوكردنی ئاژەڵان كەوتە ژێر كۆتوبەندی توندەوە و كولتووری پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو چەسپا. ئەم تێڕوانینە ژینگەییە، كە لە زانستی سیاسی و كۆمەڵناسیی هاوچەرخدا بە بەشێك لە پەیمانی كۆمەڵایەتیی پێشكەوتوو دادەنرێت، نیشانی دەدات كە چۆن ڕێبازی بارزان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ژیان بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە بونیاد نراوە.

ئەم میراتە دەوڵەمەندە لەلایەن جەنابی «مەلا مستەفا بارزانی»یەوە گواسترایەوە بۆ كایەی خەباتی ڕزگاریخوازی نیشتمانی. لە كاتی بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، بارزانیی نەمر ڕێگەی نەدا كە ململانێی ڕەوای گەلی كوردستان لەگەڵ ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بگۆڕێت بۆ شەڕی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان. شۆڕش تەنیا دۆزێكی كوردی نەبوو، بەڵكو خەباتێكی گشتگیر بوو دژی ستەمكاری لە پێناو ئازادیی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستاندا. بەم هۆیەوە، لە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگە و لایەنگرانی شۆڕشدا، كورد، توركمان، عەرەب لە پاڵ كریستیانە كلدان، ئاشووری، سریانی و ئەرمەنەكاندا بە یەكەوە خەباتیان دەكرد. ئەم مێژووە درەوشاوەیە سەلماندی كە ناسنامەی نیشتمانی لە كوردستاندا لەسەر بنەمای هاوبەشیی چارەنووس و بەها مرۆییەكان دروست بووە، نەك لەسەر بنەمای سڕینەوە و پەراوێزخستنی ئەوی دیكە.

ئەمڕۆش هەرێمی كوردستان، بە پشتبەستن بەم ڕێبازە مێژووییە، وەك لانكەیەكی ئارام بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە جیاوازەكان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە. پاراستنی ئەم فرەدەنگییە ئایینی و نەتەوەییە، نیشانەی زیندوویی و بەردەوامیی ئەو بنەما ئەخلاقی و نیشتمانییانەیە كە لە قوتابخانەی بارزانەوە سەرچاوەیان گرتووە و بوونەتە ناسنامەی بنەڕەتیی كۆمەڵگەی كوردستانی.

 

مەدالیای پاپایی ئاست بەرز

بۆ سەرۆك بارزانی

وەك بەڵگەی گەشی بەها مرۆییەكان

لە مێژوودا

لە درێژەی مێژووی پڕ لە تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكاندا، ڕۆژی ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦ وەك وێستگەیەكی گرنگی دیپلۆماسی و مێژوویی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا تۆمار كرا. لەو ڕۆژەدا، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە غەبتەی دكتۆر مار لویس ڕوفائیل ساكۆ، پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان و كاردینالی كەنیسەی كاتۆلیكی كرد. ئەم دیدارە هەڵگری ڕەهەندێكی دیپلۆماسی و مرۆیی قووڵ بوو، غەبتەی كاردینال ساكۆ، بە نوێنەرایەتیی فەرمیی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان، یەكێك لە باڵاترین نیشان و ڕێزلێنانە فەرمییەكانی دەوڵەتی ڤاتیكانی پێشكەش بە سەرۆك مەسعود بارزانی كرد، وەك بەهایەكی ئەخلاقی بۆ ڕێزگرتن لە پێشینە مێژووییەكەی لە پاراستن و داكۆكیكردن لە مافی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە.

ئەم پەیوەندییە دێرینەی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنێكی قووڵی هاوبەش بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و پێكهاتە ئایینییەكان بونیاد نراوە. پێشتر، كاردینال پیترۆ پارۆلین، سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، لە سەردانە فەرمییەكانیدا بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كردبوو كە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لەم هەرێمەدا ڕاستییەكی بەرجەستە و واقیعییە كە تەنیا لە چوارچێوەی درووشمە سیاسییەكاندا سنووردار نەكراوە. ئەم تێڕوانینە فەرمییە بەڵگەیەكی ڕوون و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە سیاسەتی گشتیی هەرێم ڕێزگرتن لە فرەیی كردووەتە ئەولەوییەتێكی ستراتیژی.

دیارترین نموونەی ئەم سیاسەتە كردارییەی پێكەوەژیان، شارۆچكەی عەنكاوەیە لە شاری هەولێر. عەنكاوە كە لە ڕابردوودا تەنیا ناوچەیەكی بچووك بوو، بە یەك یان دوو كەنیسەوە، ئەمڕۆ بە هۆی دابینكردنی ژینگەیەكی لەبار و پشتگیریی بەردەوامی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بووەتە مەڵبەندێكی گەورە و گرنگی ڕۆشنبیری و ئایینی بۆ مەسیحییەكان. ئەم شارۆچكەیە ئێستا زیاتر لە ١٧ كەنیسە، زانكۆیەكی كاسۆلیكی، نەخۆشخانەیەكی گەورەی كەنیسەیی، خانەی بەساڵاچووان و دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری و پەروەردەیی سەر بە كەنیسەی تێدایە. ئەم پێشكەوتنە بەرچاوە وای كردووە كە بەرپرسانی باڵای كەنیسە بە ناوی «ڤاتیكانی عێراق» ئاماژە بە عەنكاوە بكەن، كە نیشانەیەكی ڕوونی گەشەكردن، ئاشتی و پارێزراویی كەمینەكانە لە كوردستاندا.

كاتێك ناوچەكە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی توندڕەوی و مەترسیی لەناوچوون لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بووەوە، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی و سەركردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی، قوربانییەكی زۆر و بێوێنەیان لە پێناو بەرگریكردن لە ناوچە مەسیحی نشینەكان پێشكەش كرد. لەو ساتە مێژووییە سەختانەی كە دەیان هەزار لە خوشك و برایانی مەسیحی و ئێزدی لە دەشتی نەینەوا و شنگال ناچار بە ئاوارەیی بوون، دەرگا و باوەشی هەرێمی كوردستان بە ڕوویاندا واڵا بوون. هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە وێستگەیەكی ئاوادا زۆر ڕوون و یەكلاكەرەوە بوو، كاتێك ڕایگەیاند كە پێكهاتەكان لێرە میوان نین، بەڵكو هاوبەشی ڕەسەنی نیشتمان، مێژوو و چارەنووسن، ئەم هەڵوێستە مرۆییانە بوونە هۆی دروستبوونی متمانەیەكی قووڵی نێودەوڵەتی كە هەرێمی كوردستان هەمیشە پەناگەیەكی متمانەپێكراو، ئارام و پارێزراوە بۆ سەرجەم لێقەوماوان لە ناوچەكەدا بەبێ جیاوازیی ئایین، یان نەتەوە.

 

لاپەڕە سووتاوەكە و پەیامی مانەوەی كریستانەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

لە درێژەی ئەو ڕووداوە مێژوویی و دیپلۆماسییانەی كە پەیوەندییە دێرین و هاوچەرخەكانی نێوان ڤاتیكان و هەرێمی كوردستانیان بەهێزتر كرد، ڕۆژی ٢١ی ئابی ٢٠٢٦، لە ناوەندی ڕۆما و لە نێو كەنیسەی ڤاتیكاندا، دیدارێكی گرنگ و تایبەت لە نێوان شاندێكی باڵا لە كەسایەتییە ئایینییە كاتۆلیكەكان، یاسادانەرانی نێودەوڵەتی، ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا و نوێنەرانی وڵاتانی جیاواز لەگەڵ جەنابی قەداسەتی پاپا بەڕێوە چوو. ئەم دیدارە تەنیا كۆبوونەوەیەكی ڕێوشوێنیی ئاسایی نەبوو، بەڵكو گوزارشتێكی قووڵ بوو لە لێكتێگەیشتن و هاوسۆزیی مرۆیی لەسەر ئاستی جیهانی. لەم دیدارەدا، دیارییەكی هێمایی و یەكجار پڕ واتامان پێشكەش بە قەداسەتی پاپا كرد، كە بە تەواوی گوزارشتی لە مێژووی پڕ لە ئازار، قوربانیدان و هاوكات خۆڕاگریی كریستیانەكانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و دەشتی نەینەوا بە تایبەتی دەكرد، ئەم دیارییە بریتی بوو لە لاپەڕەیەكی كۆنی نیوەسووتاو بە زمانی سریانی لە پەرتووكێكی پیرۆزی نوێژدا.

ئەم پەڕە دەستنووسە مێژووییە، لە سەردەمی خۆیدا لە ناو یەكێك لە كەنیسە دێرینەكانی دەشتی نەینەوادا دەپارێزرا، كە لە كاتی هێرشە تیرۆریستیەكانی چەكدارانی داعشدا ڕووبەڕووی سووتاندن و وێرانكاریی یەكجاری ببووەوە. دوای ئەوەی ناوچەكە لە پرۆسەیەكی سەربازیی هاوبەشدا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە بە سەركردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی و بە هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕزگار كرا، ئەم لاپەڕە نیمچە سووتاوە لە نێو خۆڵەمێش و پاشماوەی كەنیسە سووتاوەكەدا دۆزرایەوە و بە شێوازێكی شایستە پارێزگاری لێ كرا. پێشكەشكردنی ئەم لاپەڕە پڕ لە مانا بە جەنابی پاپا، هەڵگری پەیامێكی قووڵ بوو، هەرچەندە ئاگرەكە لەو سەردەمە سەختەدا توانیبووی بەشێكی زۆر لە پەڕەكانی پەرتووكەكە بسووتێنێت و لێوارەكانی كاغەزەكە ڕەش بكات، بەڵام توانای ئەوەی نەبوو پیت و وشە پیرۆزەكانی نێو لاپەڕەكە بكوژێنێتەوە، یان بیروباوەڕی نێو دڵەكان بێدەنگ بكات.

ئەم دیارییە ناوازەیە تەنیا وەك شوێنەوارێكی مێژوویی كۆن سەیر ناكرێت، بەڵكو شایەتێكی ڕاستەقینە و زیندووە لەسەر چیرۆكی مانەوە و ڕەسەنایەتیی كریستیانەكان لە خاكی دێرینی میزۆپۆتامیادا. ئاگرەكە لە ڕاستیدا هێمای ئەو نەهامەتی، توندوتیژی و ستەمكارییە بوو كە بەسەر گوند، كەنیسە و ماڵەكانیاندا تێپەڕی، و ئەو بەشە ونبوو و سووتاوەی پەڕەكەش وەك بیرخەرەوەیەكی خەمناك بۆ ئەو گیان و خێزانە ئاوارەبووانە مایەوە كە بەهۆی شەڕ و نادادپەروەرییەوە لەدەست چوون، لەگەڵ ئەوەشدا، مانەوەی پیتە سریانییەكان و دەقەكانی نوێژەكە، پێمان دەڵێت كە سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی سڕینەوە، ڕاگواستن و تیرۆر،بەڵام بیروباوەڕ، زمان، شوناس و مێژووی ئەم پێكهاتەیە لەم خاكەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەم پەیامە پڕ بە پێست دووپاتی دەكاتەوە كە بوونی كریستیانەكان لە ڕۆژهەڵاتدا بەشێكی دانەبڕاوە لە ناسنامەی ناوچەكە و تا ئەو كاتەی یەك تاكە كریستیانی لەم خاكەدا بە زمانی دایكی خۆی نوێژ بكات و زەنگی كەنیسەیەك لێبدات، چیرۆكی ئەوان لەم نیشتمانەدا بەردەوام دەبێت و كۆتایی نایەت.

لەلایەكی دیكەوە، كات و مێژوو دەیسەلمێنن كە دەسەڵاتە سیاسییە كاتییەكان دەگۆڕێن، پۆست و هاوپەیمانییەكان لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەكاندا دەبنە لاپەڕەیەك لە مێژوودا، بەڵام ئەوەی وەك میراتێكی ئەخلاقیی بەهادار و نەمر بەجێ دەمێنێت، ئەو جێدەست و كاریگەرییە مرۆییەیە كە سەركردەیەك لە ژیانی هاووڵاتییان و پاراستنی پێكهاتەكاندا تۆماری دەكات. بەخشینی مەدالیای باڵای پاپایی بە سەرۆك مەسعود بارزانی، لە كڕۆكی خۆیدا نرخاندنی ئەو ڕاستییەیە كە سیاسەت كاتێك لەگەڵ بەها ئەخلاقی و مرۆییەكاندا یەك دەگرێت، دەتوانێت لە سنووری بەرژەوەندییە كاتییەكان تێپەڕێت و ببێتە ئەركێكی مرۆیی باڵا. پاراستنی بنەماكانی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستاندا تەنیا ستراتیژێكی سیاسی نییە، بەڵكو هێزێكی نەرم و قەڵغانێكی دیپلۆماسیی بەهێزە كە هاوسەنگی و تەبایی كۆمەڵایەتیی پێ دەپارێزرێت.

 لە كۆتاییدا، وەك چۆن لە مێژوودا چەسپاوە، ڕەفتار و كردەوە مرۆییەكان پێوەری ڕاستەقینەن بۆ هەڵسەنگاندنی كەسایەتییەكان، ئەم میراتەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەش وەك ئەمانەتێكی مێژوویی لەسەر شانی نەوەكانی داهاتووی كوردستان دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی نیشتمانێك كە تێیدا هەمووان بە یەكسانی و شكۆمەندییەوە بژین.

ڤاتیكان ٢١ی ئابی ٢٠٢٦

 

ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی فەلسەفەی پێكەوەژیان لە ڕێبازی بارزاندا
ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی فەلسەفەی پێكەوەژیان لە ڕێبازی بارزاندا
Top