هونەرمەند مەحفوز ئاکرەیی:سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بنەمای پێشکەوتنی هونەرە
هونەرمەند مەحفوز ئاکرەیی، یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە ساڵانێکی درێژە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات خزمەت بە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی دەکات و ئێستاش لە هەندەرانەوە لەسەر ئەم کاروانە بەردەوامە. ناوبراو لەسەر چەند لایەنێکی گرنگی ڕەوشی هونەری کوردی، سەرنج و تێبینییەکانی خۆی بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
مەحفوز ئاکرەیی پێی وایە گەشەکردن یان پاشەکشەی هەر گەل و کۆمەڵگەیەک، بەندە بە ئاستی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵایەتییەوە. دابینکردنی ئەم ئاسایشەش فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ داهێنان، تێکۆشان و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی.
بەڵام گەلی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، کەمتر تامی ئارامی و سەقامگیریی چەشتووە؛ ئەگەر لە قۆناغێکیشدا (وەک سەردەمی پێش ڕاپەڕین) جۆرێک لە ئارامی هەبووبێت، نەیاران و دوژمنان پێی قڵس بوون و دەستبەجێ دەستێوەردانیان کردووە بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕی ناوخۆیی و دەرەکی (بۆ نموونە، هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و بڵاوکردنەوەی کەرەستە و هۆکارەکانی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە). بەداخەوە، بەهۆی ناڕێکی و ناتەبایی ناوخۆیی خۆمانەوە، دوژمنان تا ڕادەیەک لەم پیلانەیاندا سەرکەوتوو بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵگە خۆی بەرپرسی یەکەمە لە گەشەکردنی هونەر، چونکە ئاستی هونەریی هەر میللەتێک ڕەنگدانەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەکەیەتی.
ئاکرەیی لە بەراوردکردنی ڕەوشی کارکردن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە: لە کوردستان هونەر پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە شێوازێکی باشتر بەڕێوە دەچێت، چونکە زەمینە و دەرفەتەکان لەبارترن، کەرەستەکان بە ئاسانی دەستدەکەون و هونەرمەندانیش لە یەکترەوە نزیکن، بەڵام لە ئەوروپا (هەندەران) هونەرمەندان و مۆسیقاژەنان مەودایەکی زۆر لە یەکترییەوە دوورن، ئەمەش وا دەکات نەتوانن بە ئاسانی و زوو زوو کۆببنەوە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ڕێگر و ئاستەنگێکی گەورەیە لەبەردەم کارەکانیاندا.
ئەم هونەرمەندە لە کۆتاییدا تیشک دەخاتە سەر سێ بنەمای سەرەکی بۆ بونیادنانی گۆرانیی کوردی کە بریتین لە تێکست (هۆنراوە): پێویستە بە جوانی بنووسرێت و وشەی ناسک و پڕمانا لەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی خزمەت بە بەهای گۆرانییەکە بکات،ئاواز کە دەبێت لەگەڵ تێکستەکەدا بێتەوە و ببێتە ئاوێنەیەک کە گوزارشت لە واتا و قووڵایی وشەکان بکات، دواتریش دەنگ پێویستە دەنگی گۆرانیبێژەکە خۆش، ناسک و خاوەن ڕووبەرێکی (مەودایەکی) دەنگیی گونجاو بێت کە لەگەڵ ئاوازە هەڵبژێردراوەکەدا یەکبگرێتەوە.
بە بڕوای مەحفوز ئاکرەیی، یەکگرتنی ئەم سێ ڕەگەزە (تێکست، ئاواز و دەنگ) پێوەری سەرەکین بۆ بونیادنان و سەرکەوتنی هونەری کوردی.
