بەنزین و بژێوی خەڵک: هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری کۆمەڵایەتی

بەنزین و بژێوی خەڵک: هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری کۆمەڵایەتی

 

 

لەم کاتەدا کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدەست قەیرانە ئابوورییەکان و سەختی ژیانەوە دەناڵێنن، هەواڵی بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا بە سەرپەرشتی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، بۆ چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین، هەنگاوێکی بوێر و پێویستە.

ئەم بڕیارە تەنها بریتی نییە لە دەستکاریکردنی نرخ، بەڵکو گوزارشتە لە هەستی بەرپرسیاریەتی حکومەت بەرامبەر بە بژێوی و گیرفانی هاووڵاتیانی.

بڕیارێک بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتی
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە دیاریکردنی نرخی (٨٥٠) دینار بۆ لیترێک بەنزینی نۆڕماڵ، خاڵێکی کۆتایی دانا بۆ ئەو ئاژاوەیەی لە بازاڕی بەنزیندا درووست ببوو، دیاریکردنی ئەم نرخە و هەڕەشەی داخستنی ئەو بەنزینخانانەی کە پێشێلی ئەم بڕیارە دەکەن، نیشانەی ئەوەیە کە حکومەت چیتر رێگە نادات قووتی خەڵک ببێتە قوربانی بەرژەوەندی کەسی و بازرگانی بەرزکردنەوەی نرخ.

کاتێک حکومەت بە ئاشکرا رادەگەیەنێت کە "هەر بەنزینخانەیەک نرخ بەرز بکاتەوە دادەخرێت"، ئەمە دەسەڵاتێکی بەهێزە بۆ سەپاندنی یاسا و رێگری لە گەندەڵی و قۆرخکاری لە بازاڕدا، ئەمە ئەو جۆرە بەڕێوەبردنەیە کە خەڵک چاوەڕێی دەکات؛ حکومەتێک کە بە کردەوە بەرگری لە خەڵکەکەی بکات.

کاریگەری ئەم بڕیارەو سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان، بەنزین تەنها سووتەمەنی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو خوێنی رۆیشتووی ناو دەمارەکانی ئابووری خێزانەکانە ،بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین واتە گرانبوونی کرێی گواستنەوە، گرانبوونی خۆراک و کەلوپەل، و زیادبوونی باری سەر شانی چین و توێژە کەمدەرامەتەکان، بۆیە ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە.

١-کەمکردنەوەی باری دارایی: خێزانەکان دەتوانن بەشێک لەو تێچوونە زۆرەی بۆ بەنزین خەرجیان دەکرد، بۆ پێداویستی دیکەی ژیان بەکاری بهێنن.

٢-سەقامگیری نرخەکان: کاتێک نرخی گواستنەوە جێگیر دەبێت، بازاڕیش بەرەو ئارامی دەچێت.

٣-گەڕانەوەی متمانە: هاووڵاتی کاتێک دەبینێت حکومەتەکەی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی دەکات، متمانەی بە دەسەڵات زیاتر دەبێت.

پێویستی بەردەوامی و چاودێری ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی زۆر باشە، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکەووتنی تەواوەتی بەدەست بێنێت، پێویستە چاودێرییەکان بەردەوام و بێ پسانەوە بن، لێژنەکان دەبێت بە شەو و رۆژ لەسەر شەقامەکان و لە بەنزینخانەکان دابن نابێت رێگە بدرێت هیچ بەنزینخانەیەک بە ناوی کوالێتی جیاواز یان بیانووی دیکەوە، دەست بۆ گیرفانی خەڵک ببات.

دەستخۆشی لەم هەنگاوەی سەرۆک وەزیران و لایەنی پەیوەندیی دار دەکەین و هیوادارین ئەم رێکارانە تەنها بۆ بەنزین نەبێت، بەڵکو بکرێتە نەریتێک بۆ هەموو ئەو بابەتانەی کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەیە، ئەمە ئەو دادپەروەریەیە کە هەموومان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەین.

بە ئومێدی هەرێمێکی بەهێزتر و ئاوەدانتر بۆ هەموو هاووڵاتیان

Top