​لە باڵنداوە بۆ دەڤەری بارزان؛ پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو خەونی دەیان ساڵەی ٥٣ گوند دەهێنێتە دی

​لە باڵنداوە بۆ دەڤەری بارزان؛ پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ئاو خەونی دەیان ساڵەی ٥٣ گوند دەهێنێتە دی

 

لە دەڤەرێکدا کە بە خاک و خوێنی قارەمانانی ناسراوە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ـی تەمووزی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، و بەڕێز مەلامستەفا بارزانی، پڕۆژەی گەورەی ئاوی (باڵندا – بارزان) بە فەرمی کرایەوە.

ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها وەک دەسکەوتێکی ئاوەڕۆ و خزمەتگوزاری، بەڵکو وەک نیشانەیەکی دیاری "ئیرادەی جێبەجێکردن" و "سەرکەوتنی بەڵێنەکان" لە ناوچەکەدا وەسف دەکرێت.

مێژووی پڕۆژەیەک لەنێوان ئاستەنگ و ئیرادەدا ،پڕۆژەی ئاوی باڵندا لە ساڵی ٢٠١٣ وەک خەونێک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بۆ گوندەکانی دەڤەری بارزان دەستی پێکرد، بەڵام ڕێڕەوی کارکردن لەو پڕۆژەیەدا ڕووبەڕووی دەیان کۆسپ بووەوە. شەڕی دڕندانەی داعش لە ٢٠١٤، قەیرانی دارایی سەخت، و دواتر پەتای جیهانیی کۆرۆنا، بوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە قۆناغی وەستاندا بمێنێتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە هەموو هێزەوە بگەڕێتەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکان و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییان پتەو بکات، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ڕێزدار مەسرور بارزانی، ئەرکی سەرپەرشتی و بەدواداچوونی مەیدانی ئەم پڕۆژەیە سپێردرا به بەڕێز مەلامستەفا بارزانی.

به سەرکردایەتییەکی مەیدانی و تیمی شارەزا
بەڕێز مەلامستەفا بارزانی، بە دیدگایەکی پراکتیکییەوە، دەستبەجێ زنجیرەیەک سەردانی مەیدانی بۆ شوێنی پڕۆژەکە ئەنجام دا و لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و کۆمپانیای جێبەجێکاری (GEG) کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوانەدا، سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا پڕۆژەکەیان راگرتبوو، دەستنیشان کران و پلانێکی ورد و خێرا بۆ تێپەڕاندنیان داڕێژرا،
ئەو ڕاسپاردانەی کە بە ئاراستەی نووسینگەی بەڕێزیان و قائیمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر کرابوون بۆ چاودێریی بەردەوام، بوونە هۆکارێک بۆ ئەوەی کارەکان بەبێ وەستان بەڕێوە بچن و ئەندازیاران و ستافی تەکنیکی، بە توانایەکی بەرز و بە چاودێرییەکی ووردی مەیدانی، پڕۆژەکە بگەیەننە قۆناغی کۆتایی.

کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیه ئەوە بوو ئاو بۆ ٥٣ گوند و کۆتاییهێنان بە سەردەمی تانکەر هات
تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی باڵندا، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ژیانی دانیشتووانی ٥٣ گوندی سەر بە قەزاکانی (ئاکرێ، مێرگەسۆر و خەلیفان). لەمەودوا، هاووڵاتییانی ئەم گوندانە چیتر پێویستیان بە گواستنەوەی ئاو بە تانکەر نابێت، کە ئەمەش نەک تەنها باری دارایی لەسەر خەڵک و حکومەت سووک دەکات، بەڵکو کوالیتی ژیان و تەندروستی دانیشتووان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، داخستنی ٥٠ بیری ئاو لە سنوورەکەدا، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی، بە ڕاگرتنی ئەم بیرانە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکەدا دەپارێزرێت و هاوسەنگییەکی ژینگەیی لە ناوچەکەدا دروست دەبێت.

پەیامێک لە دەڤەری بارزانەوە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، کە بە ئامادەبوونی پێشمەرگە شۆڕشگێڕەکان، هەڵگرانی مەدالیای بارزانی و خەڵکی ناوچەکە بەڕێوەچوو، پەیامێکی ڕوونی هەبوو: حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکان، لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی خۆی بەردەوامە.

ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی یەکڕیزی و دڵسۆزی خەڵکی ناوچەکە و حکومەتە. هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا، دەستخۆشی لەو کەسانە کرا کە بە خۆنەویستانە کارەکەیان تەواو کرد و بوونە هۆی ئەوەی ئەم خەونە ببێتە واقیعێکی دەستگرە بۆ هەزاران هاووڵاتیی دەڤەری بارزان.

بە دڵنیاییەوە، پڕۆژەی ئاوی باڵندا، وەک سیمبولێک بۆ گەشەپێدان دەمێنێتەوە و سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە ناوچە دوورە دەستەکان، لەپێناو باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی بەردەوامی کوردستان.

Top