سەوداگەری لەسەر خاک: کاتێک مەستبوون دەکڕدرێت و وەهم دەفۆڕشڕێت
لە جیهانێکدا کە سنوورەکانی نێوان «هەست» و «کاڵا» سڕدراونەتەوە، چیتر سەرسوڕمان نییە ئەگەر خاکی ژێر پێشمان بپێورێت و بە نرخێکی خەیاڵی بفڕۆشرێتەوە بە خۆمان. بڕیاری ئەم دواییەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (FIFA) بۆ بڕینەوە و فرۆشتنی پارچەکانی چیمەنی یاریگای کۆتایی مۆندیال بە نرخێک لە نێوان ٤٥٠ بۆ ٣٠٠٠ دۆلار، تەنیا ئاڵوگۆڕێکی دارایی یان ڕووداوێکی ئاسایی وەرزشی نییە. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدار و قووڵی فەلسەفی و کۆمەڵناسییە؛ پەردە لەسەر جەوهەری سەرمایەداریی هاوچەرخ و داڕمانی ڕەوانناسیی مرۆڤی ئەم چەرخە لادەبات.
ئەم دیاردەیە لە پێشدا، مانای «شوێن» لە چەمکە ڕەسەنەکەی دادەمێنێت. هەروەک میشێل فۆکۆ ئاماژەی پێدەکات، شوێنەکان تەنیا بەشێک نین لە جوگرافیا، بەڵکو هەڵگری دەسەڵات و مانا جڤاکییەکانن. یاریگای مۆندیال بڕبڕەی پشتی بەتاڵکردنەوەی هەستی بەکۆمەڵی ملیۆنان مرۆڤە. کاتێک سەرمایەداری ئەم شوێنە پیرۆزکراوە دەکاتە ناو سندوقی ئەکریلیکەوە، لە ڕاستیدا «شوێن و کات» دەکاتە کاڵا. کڕیار لەم مامەڵەیەدا بەدوای ڕووەکێکدا ناگەڕێت تا حەوشەکەی پێ بڕازێنێتەوە، بەڵکو دەیوێت «پچڕێک لە کات» و پارچەیەک لە مێژوو بپچڕێت و وەک دەستکەوتێک لەسەر ڕەفەی ژوورەکەی دایبنێت.
ئەم مۆدێلە بەردەوامیدانە بە هەمان لۆژیکی مێژوویی خافڵاندن؛ ستراتیژییەک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانییەکان. هەروەک یاڤینال بە دروشمی «نان و سێرک» (Panem et Circenses) وەسفی دەکرد، دەسەڵاتداران بە سازکردنی یاریی خوێناویی گلادیاتۆڕەکان، زەینی جەماوەریان لە نادادپەروەری لادەدا. بەڵام جیاوازیی جیهانی ئەمڕۆ لەوەدایە کە سیستەم نەک هەر سێرکەکە بۆ خاڵیکردنەوەی توڕەیییەکانت دروست دەکات، بەڵکو لە کۆتاییدا پاشماوەی سێرکەکەشیت بەسەردا دەفڕۆشێتەوە! ئەمە لووتکەی قۆستنەوەی عاطفەیە؛ کاتێک حەزی سروشتیی مرۆڤ بۆ ئینتیما دەکرێتە پیشەسازییەکی ملیار دۆلاری و لە کۆتاییشدا «گژوگیایەک» وەک بەڵگەی بەشداری لەم وەهمە گەورەیەدا بە تاكی بەکاربەر دەفڕۆشرێت.
لێرەدا، تیۆریی «بتپەرستیی کاڵایی»ی کارل مارکس ڕەنگ دەداتەوە؛ دۆخێک کە تێیدا کاڵاکان بەهایەکی ئوستووری و مێتافیزیکی وەردەگرن کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەهای بەکارهێنانی ڕاستەقینەیانەوە (Use-value) نییە. ئایا پارچەیەک چیمەن بە سەربەخۆیی خۆی بەهای ٣٠٠٠ دۆلاری هەیە؟ بێگومان نەخێر. بەڵام کاتێک ناونیشانی «چیمەنی یاریی کۆتایی»ی پێوە دەلکێنرێت، دەبێتە «بتێک» کە مرۆڤی تەنیا و پڕ لە بۆشاییی ڕووحیی ئەمڕۆ، ئامادەیە سەرمایەکەی بۆ ببەخشێت تا تەنیا هەست بە خاوەندارێتیکردنی پارچەیەک لە حەماسەت بکات.
لە کۆتاییدا، کڕینی چیمەنی مۆندیال بە بڕە پولێکی زەبەلاح، خەڵەتاندنێکی یاسایی نییە چونکە بە زۆر بەسەر کەسدا نسەپێنراوە؛ بەڵکو سەرکەوتنی بەدەستەمۆکردن و رامکردنی مێشکی مرۆڤە لەلایەن سیستەمی بازاڕەوە. ئەمە بیرخەرەوەیەکی تاڵە کە لەم چەرخەدا، تەنانەت ئەو خاک و خاشاکەی پێمان پیایدا دەنێین، ئەگەر بکەوێتە ژێر چەقۆی بەرنامەسازیی میدیایی، دەکرێت بڕازێنرێتەوە و وەک زێڕ بەو جەماوەرە بفۆڕشڕێتەوە کە خۆیان بینەری شانۆگەرییەکە بوون.

بەشدار باشووری