فڕۆكە و پیسكردنی هەوا
فڕۆكەوانی سەرچاوەی 2.5%ی دەرهاوێشتەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنە بە هەوادا، هاوكات لەگەڵ 4%ی گەرمكردنی گۆی زەوی بە دەرهاوێشتەكانی دیكەی بزوێنەرەكانی فڕۆكە، كە بریتین لە ئۆكسیدەكانی نایترۆجین كە لە بەشەكانی سەرەوەی هەوادا كارلێكی كیمیایی دروست دەكەن و گازی ئۆزۆن پەیدا دەكەن، كاربۆنی ڕەش Soot و تەنۆلكەكانی سەلفەیت، هەوری دەستكردی تەنك cloud Cirrus كە بریتییە لە هەڵمی ئاو لە دەرهاوێشتەی بزوێنەری فڕۆكە لە بەرزایی زۆردا و گەرمیی زەوی هەڵدەمژێت. دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بۆ ماوەی سەدان ساڵ لەناو ئەتمۆسفیردا دەمێنێتەوە و هۆكاری سەرەكییە بۆ گەرمبوونی زەوی. گەرمبوونی زەوی مەترسیی زۆری بۆ تەندروستی هەیە وەكو: گرفتەكانی پەیوەست بە گەرما وەكو هیلاكیی گەرما و خۆربردن، زیادبوونی ئەگەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و كۆئەندامی دڵ وسووڕان، بەدخۆراكی، زیادبوونی ڕێژەی ئەو نەخۆشییانەی كە لە ڕێگەی خۆراك و ئاو دەگوازرێنەوە، هەروەها زیادبوونی ئەگەری نەخۆشییە گوازراوەكانی وەكو مەلاریا، تای دێنگ Dengue، لەگەڵ نەخۆشیی لایم Lyme disease.
