بیرچوونەوەی دیجیتاڵی
ئایا ژمارەی تەلەفۆن و چەند زانیارییەكی دیكەت بیردەچێتەوە كە پێشان بە ئاسانی بیرت دەهاتەوە؟ بیرچوونەوەی دیجیتاڵی «Digital Amnesia» كە بە كاریگەریی گوگڵ «Google Effect» ناسراوە، بریتییە لە مەیلی بیرچوونەوەی زانیاری، كە بەردەوام لە ئۆنلاین بەردەستە یان لە ئامێرەكانی دیجیتالیدا خەزن كراوە. لەجیاتی خەزنكردنی ڕاستییەكان یان ژمارەكانی فۆن، مێشك پشت بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانەوە دەبەستێت، بۆ بیرهاتنەوەی ئەوەی كە لە كوێدا زانیارییەكان بدۆزێتەوە لەجیاتی بیرهاتنەوەی خودی زانیارییەكان. گەلێك كەس توووشی بیرچوونەوەی دیجیتاڵی بوونەتەوە بێ ئەوەی كە دركی پێ بكەن. بیرچوونەوەی دیجیتاڵی حاڵەتێكی نەخۆشی نییە، چونكە لەوكاتەی كە شتێك لەناو مۆبایلدا خەزن دەكەیت یان سكرین شۆتی دەكەیت، مێشك لەمە دڵنیا دەبێت كە لەكاتی پێویستدا لە مۆبایلەكەدا وەریدەگرێت، بۆیە گرنگی بە خەزنكردن نادات. بە پێی توێژینەوەیەكی نوێ، بیرچوونەوە نە تەمەڵییە، نە پشتگوێخستن، بەڵكو مێشك ژیرانە سەرچاوەكانی بەكار دەهێنێت بە گواستنەوەی یاد بۆ یەكەیەكی خەزنكردنی دەرەكی، هەر وەكو گواستنەوەی مەلەفەكان لە كۆمپیوتەرەوە بۆ هارد بەمەبەستی هێشتنەوەی بۆشایی.
