مزگەوتی گەورەی بارزانی هەنگاوێك بۆ پاراستنی شوناسی ئایینی و نەتەوەیی

مزگەوتی گەورەی بارزانی  هەنگاوێك بۆ پاراستنی شوناسی ئایینی و نەتەوەیی

 

 (*)

دانانی بەردی بناغەی گەورەترین مزگەوت لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە ناوی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە، هەنگاوێكی مێژوویی و گرنگە كە شایستەی شانازییەكی زۆر گەورە و پیرۆزە.

مزگەوت لە ڕوانگەی ئیسلامەوە وەك ماڵی خودا و بنكەیەكی ئایینی بۆ پەرستش و بەجێگەیاندنی دروشم و ئەركە ڕۆحانییەكان، بە یەكێك لە پیرۆزترین شوێنەكانی سەر زەوی دادەنرێت، كە خوای میهرەبان لە قورئان و پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەكاندا باسیان لێوە كردووە.

گەلی كورد هەمیشە بە ڕێزەوە سەیری پێگەی مزگەوتی كردووە و دیندارییەكی ڕاستەقینەی تێدا پەیڕەو كردووە، بۆیە هیچ كات لەم ناوەندە پیرۆزە دانەبڕاوە و فەرامۆشی نەكردووە، تەنانەت زۆربەی سەركردە و شۆڕشەكانی كوردستان بە توندی پەیوەست بوون بە مزگەوتەوە، ئیلهامی خوداناسی و مەعریفەی ئایینیان لێ وەرگرتووە و بەو پەڕی شانازییەوە لە خزمەتیدا بوون و لێیان ڕوانیوە.

بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەچێت، هەر لەو سەردەمەی كورد بە خواستی خۆی باوەشی بۆ ئیسلام كردەوە، مزگەوت هەمیشە ئامادەیی هەبووە و لەگەڵ سەرجەم قۆناغەكانی گەلەكەمان ڕۆڵی بووە، تا ئەو ڕادەیەی هیچ شار و گوند و ئاوەدانییەكی كوردستان نییە مزگەوتی لێ نەبێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە گەلی كورد و ئایینداری و مزگەوت و زانست پێكەوە بەستراونەتەوە و وەك هێمایەكی شارستانیەتی ئیسلامی، لەناو كۆمەڵگەیەكی زۆرینە موسڵماندا، مانا و گرنگییەكی قووڵیان بە ژیان و كیان و قەوارەی گەلەكەمان بەخشیوە، هاوكات بووەتە ناوەندێكی مەعریفی بۆ پێگەیاندنی زانایان، دانایان، سەركردە مێژووییەكان، نووسەران، شاعیران، شەرعزانان و خەباتكارانی ڕێگای ڕزگاری و پارێزەرانی ڕێبازی پیرۆزی كوردایەتی.

لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا، مزگەوت هەمیشە خاوەن پێگەیەكی پیرۆز و تایبەت بووە. ئەم ناوەندە، جیاواز لە زۆرێك لە گەلانی دیكە كە ڕەنگە تەنیا وەك شوێنێكی خواپەرستی سەیری بكەن، بۆ گەلی كورد ڕەهەندێكی فرەلایەن و كاریگەری هەبووە. مزگەوت لە مێژووی ئێمەدا، هاوشانی عیبادەت و لایەنی ڕۆحی، بووەتە مەڵبەندێكی گرنگ بۆ پەروەردەكردنی مرۆڤ، گەشەپێدانی هزر، بڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتی، پێكەوەژیان، تەبایی و میانڕەوی. هاوكات لەم شوێنەدا، هەستی ئایینپەروەری و كوردایەتی بە شێوازێكی هاوسەنگ ئاوێتە بوون، ئەو شێوازە تایبەتە لە دینداری و نیشتمانپەروەرییەی كە ئەمڕۆ جێگەی شانازی هەمووانە، بنچینەكەی لە مزگەوت و حوجرەكانەوە سەرچاوەی گرتووە.

مێژووی گەلی كورد شایەتی ئەو ڕاستییەیە كە زۆربەی شۆڕش و بزووتنەوە نەتەوەییەكانی كوردستان، لەسەر دەستی ئەو سەركردە و تێكۆشەرانە ڕێبەرایەتی كراون كە پەروەردەكراوی ئەم ناوەندە ئایینی و زانستییانە بوون. خەبات و بەرگریكردن لە خاك و شوناس لەم پێگەیەوە گەشەی سەندووە و بووەتە بناغەی ڕاپەڕین و قوربانیدانە یەك لە دوای یەكەكانی گەلەكەمان لە پێناو ئازادیدا.

لەم سۆنگەیەوە، وەك چۆن سەرۆك وەزیران لە گوتارەكەیدا ئاماژەی پێكرد، ئەم هەنگاوانە ڕەنگدانەوەی ئەو بەها بەرز و مرۆییانەیە كە شێخانی تەریقەتی بارزان بۆیان بەجێهێشتووین. ئەم میراتە دەوڵەمەندە، كە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانیی شەهیدەوە تا شێخ ئەحمەدی بارزانی و سەرجەم كەسایەتییە ئایینییە نیشتمانپەروەرەكان دەستی پێكردووە، پێویستی بەوە هەیە هەمیشە بە زیندوویی ڕابگیرێت و ئەم جۆرە شوێنانەش ببنە ناوەندێك بۆ یادكردنەوە و ڕێزگرتن لە خەبات و لێبوردەیی ئەو پیاوە مەزنانە.

بنیادنانی ئەم مزگەوتە لەم قۆناغەدا، بەو قەبارە گەورەیە و بەو نەخشە، ئەندازەسازی، تەلارسازی و ناسنامە كوردی و نیشتمانییەوە لە سەنتەری پایتەختی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك وەزیران، بەردەوامیدانە بە ڕەسەنایەتیی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی گەلی كورد لە ڕووی ئایینپەروەری و كوردایەتییەوە. ئەمە هەنگاوێكە لە ناخی مێژووی پڕ شانازیی نەتەوەكەمانەوە سەرچاوەی گرتووە، كە هەمیشە مزگەوتی وەك بیلبیلەی چاوی پاراستووە و بە بزوێنەری پێشكەوتنی شارستانیەتی ئیسلامی زانیوە، هاوكات ڕێزگرتنە لە ویستی ڕۆحیی زۆرینەی گەلەكەمان بۆ ئەوەی تەواوی ژیانیان بە ئیمان و خوداناسی ڕۆشن بكەنەوە.

ئەم مزگەوتە گێڕانەوەی شكۆمەندییە بۆ پێگەی مزگەوت و پاڵپشتی هەمیشەیی بزاوت و هەنگاوە ئایینییەكانە، كە هاوكات بەستنەوەی واقیعی ئەمڕۆیە بە دوێنێوە. ئەم ڕێزگرتنە لە مزگەوت، بەبیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە كە سەركردە و شۆڕشەكانی كورد هەمیشە مزگەوتیان لا گرنگ بووە، لە ئێستاشدا مزگەوت بە شكۆوە دەپارێزرێت و گەشەی پێ دەدرێت. ئەم كولتوور و فەلسەفەیە، هەستكردنە بە پێگە و كاریگەریی مزگەوت لەناو گەلی ئێمەدا، هەوڵدانە بۆ خزمەتی ئایینی بە ناسنامە و مۆركێكی ڕەسەنی كوردی. ئەمە بەرهەمی تێگەیشتنێكی دروست و هەڵقووڵاوی ناخی دینداریی ڕاستەقینەی گەلەكەمانە، كە سەرباری دۆخە سەخت و نەهامەتییەكان، هەرگیز ئایینی پەراوێز نەخستووە و وەك ئامراز بۆ مەرامە دنیاییەكان بەكاری نەهێناوە.

لەناو گەلی كورددا مزگەوت گەورەترین خزمەتی بە ئیسلام و مرۆڤایەتی پێشكەش كردووە، زانا و سەركردە ناسراو و دیندارەكانی كورد هەمیشە بە ڕۆحیەتێكی خوداناسانە هەنگاویان ناوە، بۆیە ئایین ئامادەبوونێكی مەزنی هەبووە و ڕەگ و ڕیشەیەكی قووڵی لەناو مێژووی گەلەكەماندا داكوتاوە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و نەهامەتییەكان، نەتەوەكەمان وازی لە بیروباوەڕی خۆی نەهێناوە و هیچ كاتێك هیچ داگیركەرێك نەیتوانیوە ئەم خەڵكە لە ئایین دوور بخاتەوە. زۆر كات نەیاران چاویان بەم ڕاستییە هەڵنەهاتووە و بە ناوی ئایینەوە هێرشیان كردووەتە سەرمان و ئاوڕیان لەوە نەداوەتەوە كە شۆڕش و خەباتگێڕانی ئێمە هەمیشە هەستی نیشتمانی و ئایینییان ئاوێتە كردووە و لەپێناو مافە ڕەواكانیاندا تێكۆشاون.

 لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا كاتێك كورد بێدەرەتان و نەیاران لە لووتكەی دەسەڵاتدا بوون، هاوشانی ئەنفال و وێرانكردنی پێنج هەزار گوند، زیاتر لە چوار هەزار مزگەوتیشیان خاپوور كرد و تەنانەت قورئانی پیرۆزیشیان لە ناو مزگەوتەكاندا سووتاند! بەڵام ئێستا كە كورد لە دەسەڵات و پێشكەوتندایە، نەك بیر لە تۆڵەكردنەوە و بێڕێزی ناكاتەوە بەرانبەر مزگەوت، بەڵكو گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشكەش بە موسڵمانان و شارستانیەت دەكات و بەردی بناغەی دادەنێت، ئەمەش ئاماژەیەكە كە دەسەڵات، بە تەواوی ڕێز لە بەها و خواستەكانی گەلەكەی دەگرێت.

بنیادنانی مزگەوتێك بەم قەبارەیە و بە پێوەرە نێودەوڵەتی، تەلارسازی و بیرۆكە نەتەوەییەكانەوە، ئاوێتەبوونی لووتكەی پێشكەوتنی ئەمڕۆی گەلەكەمان بە مێژوو و كولتووری دەوڵەمەندمانەوە نیشان دەدات. لەم شوێنەدا ڕەهەندەكانی ئایینپەروەری، مزگەوت و بەرخۆدان، مزگەوت و دادپەروەری، مزگەوت و ژینگەدۆستی، مزگەوتی مۆزەخانە، مزگەوت و مەدرەسە، مزگەوت و دابونەریتی كوردی، مزگەوت و ئاوی سازگار، مزگەوت و كۆڕبەندە زانستییەكان دەبنە پەیامی گرنگ بۆ داهاتوو. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هێما و ناسنامەیەكی گەورەی هەولێر و كوردستان كە لایەنی ئایینی پیشانی جیهان دەدات، هەروەك سەرۆكی حكومەت ئاماژەی پێكرد و گوتی: «هەستمان كردووە هەولێر و كوردستان پێویستیان بە هێمایەكی ئایینی هەیە كە ڕەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستیی گەلەكەمان بێت، هەروەها ڕەنگدانەوەی مێژووی پڕ لە سەروەریی گەلەكەمان بێت لە دادپەروەری و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەمدا بە شێوەیەكی گونجاو بۆ ئێستا و نەوەكانی دواڕۆژمان».

ئەم مزگەوتە هەڵگری ناسنامە، مێژووی خوداناسی، خەبات و كولتووری نەتەوەكەمانە، كە بە شێوازی كۆمەڵگەیەكی ئایینیی مۆدێرن و شارستانی وەك سیمبول و ناوەندێكی باڵا و دیاری دینداری دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، هاوكات ڕەهەندە ئایینی، هزری، ڕۆشنبیری و هونەرییەكانی كورد پیشانی جیهان دەدات. لە هەمان كاتدا، ناونانی بە ناوی سەركردە و ڕابەری ئایینی و نیشتمانی مەلا مستەفای بارزانی، نیشانەی وەفاداری و پیشاندانی قوربانیدانی نەتەوەیی و پاراستنی بەها ئایینی و مرۆییەكان و گواستنەوەی وێنەی خوداناسیی ئەو سەردەمەیە بۆ نەوەكانی ئەمڕۆمان. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە كە ئایین و نیشتمان، ئیسلام و نەتەوە، وەك چۆن لە ڕابردوودا لێك جیا نەكراونەتەوە، بەم شێوەیەش لێرەدا ڕەنگ دەدەنەوە. ئەم پڕۆژەیە وێڕای پاراستنی گیانی نیشتمانپەروەری، پەیامی پابەندیی گەلی كورد و كەسایەتیی كاریزمایی ئەو سەركردە مەزنە لە بەها مرۆیی و عیرفانییەكاندا پیشانی هەمووان دەدات بۆ خزمەتكردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی لە جیهانی ئێستاماندا بە شێوەیەكی كاریگەر و گونجاو لەگەڵ قۆناغی ئێستادا.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئامادەگییەكی قووڵی لەناو گەلی كورددا هەیە و هێزێكی كارایە لە داڕشتنی بیركردنەوەی مرۆڤ و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە لە ڕووی ڕۆحی، دابونەریتی، هونەر، ئەدەبیات، بەها مرۆییەكان و ئاوێتەكردنی هەستی ئایینی لەگەڵ چەمكی نەتەوەییدا بە گونجاوترین شێوازی مێژوویی.

سەرەنجام، ئەم تەلارە مەزنە وەك گەنجینەی مێژووی نەتەوەیی و شاكاری شارستانیەتی ئایینیی كورد بۆ پەرستنی خودایە، كە هاوكات هەڵگری پەیامێكی گرنگی نەتەوەییە بۆ پیشاندانی ڕەسەنایەتی و هاوسەنگیی نێوان كوردایەتی و خوداناسی. وەك سەرۆكی حكومەت ئاماژەی پێكرد: دەبێتە هێما و سیمبولێك كە پیشان بدات، گەلی ئێمە، خواپەرست، مرۆڤدۆست و دادپەروەرە، هەمیشەش ئامادەین لەپێناو خزمەتكردنی نیشتمانەكەماندا، بە ڕێگەی ئایین و خوداناسی، بەردەوام بین بەرەو پێشەوە.

 

(*) بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان

Top