ئۆپۆزسیۆنی ساختە

ئۆپۆزسیۆنی ساختە

 

 

هەمیشە لە ڕابردوودا ئەوە دووپات کراوەتەوە، کە لە کوردستاندا حیزبی ئۆپۆزسیۆن بوونی نەبووە، ئەوەی هیچ گومانی تێدا نییە کە زۆرینەی ئەم حزبانە دروستبوونیان لە دەڤەری سلێمانی و هەژموونی یەکێتی بووە، بە جۆرێک ئیدی دەبێ خەڵکی کوردستان لەو ڕاستییە تێبگەن کە دەنگەکانیان بۆ خزمەتی ئەجێندایەکی دیاریکراوی حیزبێک بەکار هاتووە، کە باشتر وایە لە داهاتوودا ئەم فێڵکردنە لەبیر نەکەن، کە لە مێژووی ئەم هەرێمەدا چەندین جار دووبارە بووەتەوە.

پێویستە بە ڕاشکاوی بڵێین، هەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام لە فراوانبووندایە لە رووی پێگەی جەماوەری و سەقامگیری و ئاسایش و خزمەتگوزاری و فۆڕمی حوکمرانییەوە لە کوردستان، لە بەرامبەریشدا هەژموونی یەکێتی لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشێدا بوو، بۆ دەرچوون لەم قەیرانەش یەکێتی ئەزموونی دروستکردنی بزووتنەوەی گۆڕانی تاقی کردەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو دەنگە ناڕازیانەی لە دەرەوەی یەکێتی لە چوارچێوەی هێزێکی تری بەناو ئۆپۆزسیۆن کۆبکاتەوە و جەماوەر بەهەڵە ئاڕاستە بکات، بەڵام لە پاش ماوەیەکی زۆر کەمدا راستییەکان دەرکەوتن و کوڕانی (نەوشیروان مستەفا)، جێگری ئەوکاتی سەرۆکی یەکێتیی حیزبەکە و کۆی دەنگی دەنگدەرانیان پێشکەشی یەکێتی کردەوە، ئەمە سەرەڕای ناڕازیبوونی زۆرینەی سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە لە بەرامبەر مانەوەی دەستکەوتە کەسییەکانیاندا، ئەمەش ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە، کە هەر لە سەرەتاوە ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگیی نێوان هەردوو بنەماڵە بووە.

دواجار تاقیکردنەوەی ئەزموونی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بوو، کە لەلایەن (بەرهەم ساڵح) جێگری سەرۆکی یەکێتی دامەزرێندرا، ئەگەر زیاتر ورد بینەوە، دەبینین هەردوو ئەزموون لەلایەن جێگرانی سەرۆکی یەکێتی تاقی کرانەوە، بەڵام ئەم ئەزموونەش زۆری نەخایاند، سەرۆکی حیزب لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەتەواوی دوورکەوتەوە لە سەرکردایەتیکردنی حیزبەکە، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایەتیی زۆرینەی سەرکردایەتیی حیزبەکە، لە کۆتاییشدا کار گەیشتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار، ئەویش خستنە زیندانی ( ئارام ئەحمەد ) سەرۆکی حیزبەکە بە بێ بوونی هۆکارێکی دیاریکراو، کە بێگومان ئەمەش بە واتای کۆتاییهێنان بوو بەم حیزبە.

ئەوەشمان بیر نەچێت، نەوەی نوێ وەک خراپترین ئەزموون لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتی بە هۆکاری ئەوەی لەلایەن کەسێکی گوماناوی کە هیچ ئەزموونێکی سیاسی نەبوو، دامەزرێندرا. هاوکات دروستكردنی گرووپێکی راگەیاندن کە لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاری لەسەر ناشیرنکردنی بەها نیشتیمانییەکانی ئەم میللەتە کردووە لەگەڵ نەهێشتنی ئینتیمای نیشتیمانی لەلایەن گەنجانەوە، بەشێوەیەک سەرۆکی جوڵانەوەکە هەمیشە بانگەشەی کۆتاییهێنانی بە دەسەڵاتی یەکێتی دەکرد، لە ئێستاشدا بووەتە بەرگریکار لە سیاسەتەکانی ئەم حیزبە.

ئەوەی ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە، وتەکانی (ئاراس شێخ جەنگی) ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی بوو، کە جەختی لەو راستییە کردەوە، ئەم جوڵانەوەیە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار دروست کراوە، بەڵام سەرۆکی ئێستا ئەم کارتەی لە کاتێکی زۆر لاوازدا سووتاند، بە سیناریۆیەکی کەشفکراو کە لە ئێستادا پێی دەڵێن (هاوپەیمانیی گرتووخانە)، کە ئەمەش جگە لەوەی هەنگاوێک بوو بۆ فێڵکردن لە جەماوەر، لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی دەنگی ئەوان بوو بۆ خزمەتی حیزبێکی دیاریکراو.

لە ڕاستیدا، ئەزموونی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و پێگەیاندنی کۆمەڵێک کەسایەتیی بەناو سەربەخۆ، کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد بۆ بەریگردن لە مافەکانی خەڵک لەسەر شەقامەکان و بەردەوام لە شاشەکان هێرشیان دەکردە سەر حکوومەتی هەرێم، لە کۆتاییدا دەرچوو جگە لە خزمەتکارێك بۆ خزمەتی هەژموونی حیزبێکی دیاریکراو، هیچ کاریگەرییەکی تریان نییە.

هاوکات ئەزموونی بەرەی هەڵوێست و سەربەخۆکان لە ماوەی ڕابردوودا، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانەی پێشوو و پێشووتردا نییە، بەشێوەیەک لە بەغدا هەڵوێستەکانیان تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندیی حیزبێکی دیاریکراو بوو، هەمدیسان لە هەرێمیش جورئەتی هیچ هەنگاوێک ناکەن بەبێ ئۆکەی هەمان حیزب.

Top