زانكۆ سەردار مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی: پێویستە پارتی و یەكێتی نەرمی بنوێنن و كار بۆ دروستكردنەوەی متمانە بكەن كە بنەمای چارەسەركردنی قەیرانەكانە

زانكۆ سەردار  مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی:  پێویستە پارتی و یەكێتی نەرمی بنوێنن و كار بۆ دروستكردنەوەی متمانە بكەن كە بنەمای چارەسەركردنی قەیرانەكانە

 

 

دەستپێشخەریی سیاسی لەلایەن هەر سەركردە، ڕووناكبیر، یان لایەنێكەوە بكرێت، هەنگاوێكی گرنگە بۆ هێوركردنەوەی ململانێكان و نیشانەی ئەوەیە كە هێشتا دەرگای گفتوگۆ بە تەواوی دانەخراوە. لەم بارودۆخە هەستیارەدا دەستپێشخەرییەكان جێی بایەخن، چونكە ڕێككەوتنی سیاسی كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە.

ئێستا ناوچەكە لەبەردەم گۆڕانكاریی خێرادایە و لەژێر كاریگەریی ململانێی هێزە زلهێزەكاندایە، لە كاتێكدا دەیان دۆخی ئاڵۆزی دەوروبەر گەمارۆیان داوین، پەرتەوازیی ناوخۆیی مەترسییەكی زۆر گەورە و جددییە بۆ سەر هەموو دەستكەوتە مێژووییەكان و خوێنی شەهیدان. گەورەترین گرفت لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیدا، نەبوونی متمانەیە لە نێوان لایەنەكاندا كە بووەتە هۆی بێئاكامبوونی كۆبوونەوەكان و لاوازبوونی پێگەی هەرێم لە ئاستی دەرەوەدا. هۆكاری سەرەكیی زالبوونی دەنگی بەغدا بەسەر كورددا، نەبوونی یەكدەنگی ناوخۆییە. گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و بەكارھێنانی دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستییەكی كاتییە، چونكە چەقبەستوویی سیاسی كاریگەریی نەرێنی بۆ داهاتوویەكی درێژخایەن دەبێت. چەندین مانگە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆتایی هاتووە، بەڵام بەهۆی ململانێی لایەنەكانەوە نە پەرلەمان كارا كراوە و نە حكومەتێكی نوێی بنكەفراوان پێكهێنراوە بۆ ڕاییكردنی كاروباری ڕۆژانەی خەڵك.

بۆ پاڵپشتی و سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییانە، پێویستە پسپۆڕان و نووسەران و ئەكادیمیانی دەرەوەی بازنەی ململانێی حزبی بێنە ناو بابەتەكە، چونكە ئەوان بە دیدێكی بێلایەنانە و زانستی دەتوانن بە ئاسانی سەرچاوەی سەرەكیی كێشەكان دەستنیشان بكەن و ڕێگاچارەی گونجاو پێشكەش بكەن.

دەستپێشخەرییەكەی یەكگرتووی ئیسلامی بە سەركردایەتیی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین، كە بە كەسایەتییەكی میانڕەو، نەرم و دیپلۆماتكار ناسراوە، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی ململانێی پارتی و یەكێتییە، گرنگییەكی تایبەتی هەیە. بەڵام ڕاستی ئەوەیە، بەبێ ڕێككەوتنی ئەم دوو هێزە سەرەكییە، هیچ دەستپێشخەرییەك سەركەوتوو نابێت. بۆیە دەبێت پارتی و یەكێتی بە جددی پێشوازی لەم هەوڵانە بكەن. سازشكردن لەسەر هەندێك داواكاری و پۆستی حكومی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان، نیشانەی گەورەیی و بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە. كاتێك ململانێ لەسەر دەسەڵات دەبێتە هۆی پەككەوتنی ژیانی خەڵك، قوربانییەكی گەورە لە هاووڵاتیان دەخوازێت. كەواتە پێویستە هەردوولا نەرمی بنوێنن و كار بۆ دروستكردنەوەی متمانە بكەن كە بنەمای چارەسەركردنی قەیرانەكانە.

لە جیهانی سیاسەتی ئەمڕۆدا، هاوپەیمانێتی كاتییە و هیچ دۆستایەتییەكی هەمیشەیی، یان دوژمنایەتییەكی هەمیشەیی بوونی نییە. پێكهێنانی هاوپەیمانێتیی نوێ لەلایەن هەر لایەنێكەوە پرۆسەیەكی سرووشتی، یاسایی و دەستوورییە و نابێت بە هیچ شێوەیەك ببێتە هۆی توندوتیژی و گرژی. تەنانەت ئەگەر لایەنێكی سیاسی زۆرینەی هەرە زۆری كورسییەكانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت، بەبێ بوونی پەرلەمانێكی كارا و یەكدەنگ، ئەو دەستكەوتە هیچ سوودێكی نابێت. گرنگ كاراكردنەوەی دامەزراوەكانە نەك تەنیا ململانێی ژمارەی كورسییەكان.

لە كۆتاییدا، زۆربەی كێشەكانی ئێستای نێوان لایەنەكان یاسایی نین، بەڵكو سیاسیین، بۆیە پەنابردن بۆ بیانووی یاسایی تەنیا كاتكوشتن و مەشغوڵكردنی یەكترە. گرنگترین هەنگاو ئەوەیە پارتی و یەكێتی بگەنە ڕێككەوتنی ستراتیژی، چونكە دروستكردنی هاوپەیمانێتی جیاواز لە دەرەوەی یەكتری، ناتوانێت جێگەی لێكگەیشتنی هاوبەشی ئەوان بگرێتەوە. ئەم دوو هێزە مێژووییە لەسەر زەوی خاوەن نفوز و هێزن، دابەشبوونیان بۆ دوو زۆنی جیاواز زیانی گەورەی لە یەكڕیزیی نەتەوەیی داوە. بۆیە گەڕانەوەی جددییان بۆ سەر هاوپەیمانییەكی ڕاستەقینە، تاقە گەرەنتییە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی شایستە و ئارام بۆ گەلی كوردستان.

 

Top