تاڤگە مەلا حوسێن: لە هەموو بارودۆخیكدا ئیشكردن بۆ ئافرەت گرنگ و پێویستە
تاڤگە مەلا حوسێن ناسراو بە تاڤگە بڕاند، ئافرەتێكی چوست و چالاك و پڕ وزەیە، لە ماڵەكەی خۆیدا لە پاڵ ئەركی دایكایەتی و پەروەردەكردنی منداڵ و ماڵ بەڕێوەبردن سووچێكی خنجیلانەی تایبەت كردووە بە فرۆشتنی جلی منداڵان، هاوكات لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە و بە شێوەی ئۆنڵاین كەلوپەلەكانی دەفرۆشێت.
تاڤگە مەلا حوسێن ساڵی ١٩٨٠ لە گوندی قوشتەپەی گەورە لەدایك بووە و ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە و دەرچووی قۆناغی ناوەندییە، لە دیدارێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چیرۆكی سەركەوتنی خۆی لە بواری كار و بزنسدا بۆ خوێنەران باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«پاش دە ساڵ بەجێهێشتنی قوتابخانە گەڕامەوە بەر خوێندن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە هاوسەرگیریم كرد دووبارە وازم لە خوێندن هێنایەوە و خەریكی ماڵ و منداڵ بووم، پاش ئەوەی كچێكم بوو دیسان گەڕامەوە بۆ خوێندن بەڵام كچەكەم تەمەنی شەش مانگ بوو دڵم نەدەهات بە جێیبهێڵم دیسان وازم هێنا، ئێستاش سوپاس بۆ خوا دایكی پێنج منداڵی جوانم چوار كچ و كوڕێك.
ژیانێكی زۆر سادە و ساكارمان هەیە، بەشبەحاڵی خۆم هەموو هەوڵێكم داوە بۆ ئەوەی خۆشەویستی لەناو ماڵەكەماندا دانەبڕێت و ماڵێكی ئارام و ئاسوودەمان هەبێت و لە سایەیدا بە شكۆمەندی و ڕێزەوە درێژە بە ژیان بدەین».
ئەو خانمە خاوەنكارە لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «هەرچەندە پێش ئەوەی ئەو كارە بكەم هیچ كارێكی ترم نەكردووە، بەڵام كە دەستم پێكرد بە متمانە بە خۆ بوونێكی زۆر و پشت بە خوا بەستن دەستم پێكرد و كارەكەشم زۆر خۆشدەوێت، بەردەوامم و بە سەربەرزییەوە لەسەر پێیەكانم وەستاوم. بە خۆشحاڵییەوە خەڵك بە تواناكانم سەرسامن كە لەناو ماڵەكەی خۆمدا بەردەوامیم بە كارەكەم داوە و تائاستێكی باش لە كارەكەم سەركەوتووم.
ماوەی شەش ساڵە لە ئیشەكەم بەردەوامم، بە هەبوونی بازاڕ و بێ بازاڕی بەڕێمكردووە، بە چەندین قۆناغی خۆش و ناخۆش و زەحمەتی توانیومە بەردەوامی بە كارەكەم بدەم».
تاڤگە بڕاند لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە تا چەند گرنگە ئافرەت كار بكات و توانا و لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت؟ ئەو گوتی: «لە هەموو بارودۆخێكدا ئیشكردن بۆ ئافرەت گرنگ و پێویستە هەم بۆ ئەوەی داهاتێك بەدەست بهێنیت هەمیش بۆ ئەوەی شان بدەیتە بەر ئەو بەرپرسیارێتییەی كە باوكی منداڵەكان بۆ پەیداكردنی نانێكی حەڵاڵ هەڵیگرتووە، كەواتە دەتوانم بڵێم زۆر گرنگە لەو سەردەمەی ئێستادا ئافرەت بتوانێت شانبەشانی هاوسەرەكەی بۆ پەیداكردنی پارویەك نانی حەڵاڵ بجەنگێت، هەروەها كاركردنی ئافرەت لە هەمان كاتدا سەلماندنی خودی كەسایەتییەكی سەركەوتووە.
دڵخۆشی و ئاسوودەییم لەگەڵ ئیشەكەم كە پێناسە ناكرێت، لەبەر ئەوەی هەست دەكەم وەك نیكۆتین لەگەڵ خوێنم تێكەڵ بووە، هەندێك جار بیر دەكەمەوە كە ئەگەر ئیشەكەم نەمینێ چیم بەسەر دێت و بێ ویستی خۆم دڵم تەنگ دەبێت.
هەوڵی زۆرم داوە بۆ ئەوەی ئیشەكەم پێشبخەم، ماندووبوونم بۆی كێشاوە دەتوانم بڵێم شەونخونیم كردووە بۆ ئەوەی كارەكەم بە جوانی بخەمە بەر دیدی بینەر و موشتەرییەكانم، هەزار هێندەش بەفەخرەوە لەو كارەم دەڕوانم، كە بینەر و كڕیارەكانیشم بەو پەرۆشییە دەبینم زۆر شانازی هەم بەخۆم و هەمیش بە ئیشەكەم دەكەم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا پڕۆژەی داهاتووت بۆ كارەكەت چییە؟ ئەو گوتی: «پڕۆژەی من دەبووایە ئێستا بكەوتبوایە بواری جێبەجێ كردن و دوكانێكی تایبەتم هەبووایە، بەڵام بارودۆخی ئابووری كوردستان بەهۆی نەناردنی بودجە و هاتن و نەهاتنی مووچەی خەڵك پڕۆژەكەمی دواخست، چونكە پلانی پڕۆژەكەی من ئەوە بوو دوكانێكی زۆر باش لە شوێنێكی شایستە بە كارەكەم بكەمەوە و كڕیارەكانم لە كردنەوەی دوكانەكەم بەشدارییان بكردبایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئومێدم هەیە كە لە داهاتوویەكی نزیك پەنا بەخوا دوكانێكی گەورە تایبەت بە جلوبەرگ و یاری منداڵان بكەمەوە.
بە خۆشحاڵییەوە لە سناپ چات و لە ئينستاگرام بابەتەكانم بۆ بینەرەكانم دەخەمەڕوو بەكوردی و بەو شڕە عەرەبییەی كە دەیزانم چونكە كڕیارەكانم لە زۆربەی هەرە زۆری لە شارەكانی خوارووی عێراقن.
هەروەها هەندێك جار ستایلی ڕۆژانەی ناوماڵەكەم دادەنێم یان شیعرەكانم دادەنێم یان ئەو وتانەی كە زۆر بەهیزن، هەم بابەتەكانم دەخەمەڕوو هەمیش هەندێك لە ڕۆژانەی خۆم و كارە ڕیكلامییەكانم ئەنجام دەدەم كە لەگەڵ هەندێك كۆمپانیا گرێبەستمان هەیە، بەڕاستی بینەرێكی زۆر زۆرم هەیە و هەم من هەم ئەوان دڵمان بەیەكتر خۆش دەبێت هەمیش كاتەكانمان بە شتێكی بە سوود پڕ دەكەینەوە نەك وەك هەندێك بلۆگەر كەسناپەكانیان بەداخەوە تایبەت كردووە بە جنێو و قسەی نەشیاو».
