لەکایەی دبلۆماسی نێو دەوڵەتیدا دەسکەوتێکی دیکە بەدەستهات.....

لەکایەی دبلۆماسی نێو دەوڵەتیدا دەسکەوتێکی دیکە بەدەستهات.....


لە پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە، دەنگدانەوەیەکی تری مێژوویی لە کایەی دبلۆماسیی نێودەوڵەتیدا تۆمار کرا. ئەمڕۆ دەوڵەتی ئیتاڵیا باڵاترین مێدالیای ڕێزلێنانی خۆی (ئەستێرەی پلە یەک) دەبەخشێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ کە بەرزترین پلەی ڕێزلێنانی دەوڵەتی ئیتاڵیایە لەلایەن باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و بە نوێنەرایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک کۆماری ئیتاڵیا پێشکەش بە ڕێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی دەکرێت.
ئەم ڕێزلێنانە تەنها خەڵاتکردنی کەسایەتیی جەنابیان نییە، بەڵکو سەلماندنی فەرمی و نێودەوڵەتیی سەنگی دبلۆماسی، ئاشتیخوازی و فەرهەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیانی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کاک نێچیرڤان بارزانی بە کارامەیی و دیدگا قووڵەکەی، خۆی ئەستێرەی خەمخۆری و دبلۆماسیەتی ئێمەیە و ئەم هەنگاوە دەگمەنەش، دەستپێکێکی گرنگ دەبێت بۆ ڕێزلێنانی زیاتری وڵاتانی زلهێزی جیهان لەم کەسایەتییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییە مەزنە.
ئەم دەستکەوتە پڕشنگدارە، پێگە و سەنگی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پتەوتر و بەهێزتر دەکات و شایەتییەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئاستی بەرزی دبلۆماسیەتی کوردی، بەتایبەتی لەپێناو توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان دەوڵەتی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان. ئەم نازناو و ڕێزلێنانە باڵایە، لە ڕاستیدا بەرهەمی پاراستنی بنەماکانی ئاشتی، ئازادی، دیموکراتی و فەلسەفەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە لە هەرێمدا؛ کە وایکردووە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا بە تایبەتی بدرەوشێتەوە.
بێگومان درەوشانەوەی کەسایەتی و سەنگی ڕێزدار جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی لە ڕووی هێڵی پتەوی دبلۆماسیی کورد و کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئیتاڵیا و تەواوی جیهاندا، هێمای لێهاتوویی و کارێزمایی جەنابیانە. ئەم ڕێزگرتنە پڕ لە شکۆ و شایستەیەی کە لە کەسایەتیی ڕێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی کرا، خاڵێکی یەکجار گەش، ئەرێنی و مێژووییە بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی و ئەرشیفی سیاسیی گەلی کوردستان، کە شایستەی تێڕامان و پێزانینی بێپایانە. ئەم مێژووە نوێیە لە تەواوی نیشتمان پیرۆز بێت.

لەکایەی دبلۆماسی نێو دەوڵەتیدا دەسکەوتێکی دیکە بەدەستهات.....
Top