شەفافییەت، داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان

شەفافییەت، داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان

 لە كۆی 146,4 تریلیۆن دیناری پشكی یاسایی هەرێمی كوردستان، تەنیا 33،4 تریلیۆن دینار كە دەكاتە 2,8% نێردراوە و 48,7 تریلیۆن دینار وەك شایستەی دارایی ماوەتەوە

 

 

 

 

 

پرسی بەڕێوەبردنی دارایی، شەفافییەت لە داهاتەكان و چاكسازیی ئابووری لە پێشینەی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بووە. لەم ڕاپۆرتەدا، لەسەر بنەمای داتا فەرمییەكانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، تیشك دەخرێتە سەر دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٥.

1- بوودجەی فیدڕاڵی و پشكی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان

بەپێی یاسای بوودجەی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان بە هاوتای (12,67%) لە كۆی بوودجەی گشتیی عێراق دیاری كراوە (بەدەر لە بوودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان)، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم (14,1%)ی عێراق پێكدەهێنێت.

ئامارە فەرمییەكان نیشانی دەدەن لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٥)، لە كۆی (146،4) تریلیۆن دینار كە وەك پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر كرابوو، تەنیا 33,4 تریلیۆن دینار بە كرداری لەلایەن بەغداوە نێردراوە، بەم پێیەش، تەنیا ڕێژەی 2,8%ی كۆی بوودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە كراوە و بڕی 48،7 تریلیۆن دینار وەك شایستەی دارایی خەرج نەكراوە و ماوەتەوە. هاوكات هەرێمی كوردستان لە خەرجییە سەروەرییەكان و بەشە سەربازییەكانی عێراق (شایستەی هێزەكانی پێشمەرگە) بێبەش كراوە.

2- داهاتەكانی هەرێمی كوردستان: نەوتی و نانەوتی

داهاتی كۆكراوەی هەرێمی كوردستان لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە51,3 تریلیۆن دینار، كە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بووە:

● داهاتی نەوتی: لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ تا ئازاری ٢٠٢٣، كۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت 22،5 تریلیۆن دینار بووە، كە ٤٤٪ی كۆی داهاتەكانی هەرێمی پێكهێناوە. دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە كۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢٣وە، ئەم داهاتە لە ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بە تەواوی سفر بووەتەوە.

● داهاتی نانەوتی: بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، گرنگیی زیاتر بە داهاتە ناوخۆییەكان درا كە گەیشتووەتە 28,7 تریلیۆن دینار و بەم شێوەیەیە:

● داهاتی وەزارەتەكان: 13,8 تریلیۆن دینار (٢٧٪ی كۆی داهاتەكان).

● داهاتی گومرگ: 9,5 تریلیۆن دینار (١٨٪ی كۆی داهاتەكان).

● داهاتی باج و خانووبەرەی میری: 5,4 تریلیۆن دینار (١٠٪ی كۆی داهاتەكان).

3- خەرجییە گشتییەكان و بەكاربردنی مانگانە

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی سێكتەرە جیاوازەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، ساڵانە پێویستی بە دابینكردنی بوودجەی جیاواز هەیە. بۆ نموونە، خەرجیی كرداریی ساڵی ٢٠٢٥ بریتی بووە لە 14,3 تریلیۆن دینار كە بەم شێوەیە خەرج كراوە:

● ١٠ تریلیۆن دینار بۆ كەرتی مووچە.

● 2,7 تریلیۆن دینار بۆ خەرجییەكانی بەكاربردن.

● 1 تریلیۆن دینار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر داهاتی ناوخۆ.

● ٤٨٢ ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.

جگە لە مووچە، حكومەت بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان مانگانە پێویستی بە ١٣٠ بۆ ١٦٠ ملیار دینار هەیە، كە بەم جۆرە خەرج دەكرێت:

● ٧ ملیار دینار مانگانە بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشكی.

● ١٢ ملیار دینار مانگانە بۆ پاككردنەوەی شارەكان و نەخۆشخانەكان.

● ٣٠ ملیار دینار مانگانە بۆ چاككردنی ڕێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی پارك و سەوزاییەكان.

● ٤٢ ملیار دینار مانگانە بۆ شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ.

بەپێی پێوەرە داراییەكان، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەمویلكردنی مانگانەی ١٢٠ ملیار دینار بۆ بەغدا و تەرخانكردنی بوودجەی پڕۆژەكان، پێویستە داهاتی ناوخۆی هەرێم مانگانە لە نێوان ٣٨٥ بۆ ٤٠٠ ملیار دیناردا جێگیر بێت.

4- قەیرانەكان، دۆخی مووچە و پرۆسەی دامەزراندن

لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی گەورە بووەوە، لەوانە: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت و نەناردنی بەردەوامی شایستە داراییەكان لەلایەن بەغداوە. سەرەڕای ئەم دۆخە سەختە، حكومەتی هەرێم توانیویەتی لەم ماوەیەدا زۆربەی مووچەكان دابەش بكات. تەنیا ١٠ مووچە بە تەواوی خەرج نەكراون، كە بەپێی یاسا لە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵییە، هەروەها ١١ مووچەش لە سەردەمی قەیرانەكاندا بە شێوازی لێبڕین یان پاشكەوت دابەش كراون. شایەنی باسە ٤٩٪ی كۆی مووچە دابەشكراوەكان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم دابین كراون.

لە ئێستادا، ژمارەی مووچەخۆران و سوودمەندان لە هەرێمی كوردستان 1,190,391 كەسە، كە مانگانە پێویستیان بە 945,8 ملیار دینارە. گەورەترین پشكی ئەم پارەیە بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی(382,350 كەس بە بڕی 366,3 ملیار دینار) و هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە و خانەنشینان دەڕوات.

سەرەڕای ئاستەنگە داراییەكان، حكومەتی هەرێم لەسەر داهاتی ناوخۆ 66،474 كەسی بە شێوازی جیاواز (هەمیشەیی، گرێبەست، پزیشكان و سێ یەكەمەكان) دامەزراندووە، هاوكات مووچەی 19،918 هاووڵاتیی خاوەن پێداویستی تایبەتیشی بەستووەتەوە.

5- پوختەی كۆتایی و پێداویستییە داراییەكان

شیكاریی داتاكان دەری دەخەن كە هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە نزیكەی ١ تریلیۆن دیناری نەختینەیی هەیە تەنیا بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران. بۆ دابەشكردنی ١٢ مووچەی تەواو لە ساڵێكدا بەبێ دواكەوتن، پێویستی بە ١٣ تریلیۆن دینار هەیە. ئەم بڕە پارەیە جیاوازە لەو تێچووانەی كە بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، جیاوازیی مووچە، خەرجییەكانی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی فەرمانگەكان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان پێویستن. دەرەنجامی داتاكان نیشانی دەدەن كە جێگیربوونی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە دابینكردنی شایستە یاساییەكانی هەرێمە لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵیدا، شانبەشانی ڕێكخستنەوەی بەردەوامی داهاتە نانەوتییە ناوخۆییەكان.

 

Top