تێڕامانێک لە ئامێزی مێژوودا؛ پردی پێوەندیی ڕۆحیی دوو نەوەی شۆڕش
لە بەردەم تابلۆیەکی تژی لە مێژوو و سەروەریدا، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بە کوتوماتی و بێدەنگییەکی پڕ لە حیکمەتەوە ڕاوەستاوە؛ تێڕامانێکی قووڵ و فەلسەفی لە وێنەی باوکی ڕۆحیی گەل و نەتەوە، جەنەڕاڵی چیاکان، مەلا مستەفای بارزانی. ئەم چرکەساتە تەنها سەیرکردنی وێنەیەک نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەیە لە قوتابخانەیەکی بەردەوام و گەشەسەندوو، خوێندنەوەی دووبارەی خەبات، ئاکار، توانا، پاکی و بێگەردیی ڕێبازێکە کە مێژووی نەتەوەیەکی پێ نەخشێنراوە.
ئەم دیمەنە، پردێکی پێوەندیی ڕۆحی و دڵیی یەکجار قووڵ ئاشکرا دەکات؛ قۆناغی پڕ لە سەروەریی ڕابردوو بە ئاڵۆزییەکانی ئێستاوە گرێ دەداتەوە. وەک بڵێی سەرۆک لە کاتی گەیاندنی ڕازی دڵیدا بۆ ڕۆحی نەمری باوک، بە زمانێکی بێدەنگ دەڵێت: «ڕێبازەکەت هێشتا لە هەڵکشان و بەرەو لووتکەدایە، پەیام و مەنهەج و پڕۆگرامی کوردایەتیت شاکاری بەردەوامیی ئێمەیە، ئێمە هێشتا وەک پێویستی و ناچاری (لازم و مەلزوم) واین لەگەڵ تێپەڕاندنی کۆسپەکاندا و لە ناو جەرگەی گەل و نەتەوەکەماندا، تینووی سوودوەرگرتنین لە ئەزموون و خەباتی کەم وێنەی ئێوە.»
ئەم تەماشاکردنە کڕنۆشێکی پڕ لە وەفایە بۆ مێژوو؛ نیشانەی ئەوەیە کە ئەگەرچی زۆر پێلاوگەی سەخت و هەورازی دژوار بڕدراون و گەلێک بەربەست و ئاستەنگ تێپەڕێنراون، بەڵام هێز، سێبەر و مەعنەویاتی گەورەیی بارزانیی نەمر پاڵپشت و هەوێنی هەموو سەرکەوتنەکان بووە. لەم کاتەدا کە هێشتا ڕێگایەکی زۆرمان لەپێشە و چاوەڕوانیی گەورە لە ئارادان، هەمان هێز و ئیرادەی پۆڵایینی تۆمان پێویستە. دروود بۆ ڕۆحی پاک و بەرزەفڕتان، ئەی ڕابەر و جەنەڕاڵی هەمیشە زیندووی چیاکان.

سهلام مهحمود