كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان . . . وەرچەرخانێكی دامەزراوەیی لە پرۆسەی حوكمڕانیی باشدا

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان  . . .    وەرچەرخانێكی دامەزراوەیی لە پرۆسەی حوكمڕانیی باشدا

 

 

ڕۆژی 10ی تەمووزی 2019 كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی لە پەرلەمانی كوردستان متمانەی پێبەخشرا.

بەرنامەی كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو بنەما ستراتیژییە لەسەر چەند كۆڵەگەیەكی سەرەكی داڕێژرابوو كە بریتی بوون لە:

1. حكومەت لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا هەوڵ دەدات كە یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمان بە دڵسۆزی جێبەجێ بكات و ئامادەیە بۆ لێپرسینەوە و وەڵامدانەوەی كۆی پرسیارەكانی پەرلەمانی كوردستان.

2. بڕیارەكانی حكومەت لەناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بە كۆدەنگی و زۆرینە پەسەند دەكرێن و هەموو وەزارەتەكان پابەندی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەبن.

3. گەندەڵی لە كاروبارەكانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی ڕادەگیرێت و كەیسەكانی پێشتری گەندەڵی ڕووبەڕووی دەستەی دەستپاكی و دەسەڵاتی دادوەری لە كوردستان دەكرێنەوە.

4. ئەولەوییەت دەرێتە چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەموو میكانیزمێك دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی هیچ كێشەیەك لە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی نەمێنێت.

5. هەوڵەكان دەخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی كۆی ژێرخانەكانی حوكمڕانی دووبارە بونیاد بنرێنەوە و ئەو ژێرخانانەی كە هەتا ئێستا كاریان لەسەر نەكراوە وەك حكومەتی دیجیتاڵی هەنگاوی جددی بۆ هەڵبگێرێت.

6. ئەركی كابینەی نۆیەم دەبێت كە دەست بە پڕۆژەكانی پاراستنی ئاسایشی «خۆراك، ئاو، خۆبژێوی لە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و.. هتد» بكات و هەلی كاری شیاو لەناو ئەو پرۆژانەدا بۆ هێزی كاری ناوخۆیی فەراهەم بكات.

ئەمانەی ئاماژەمان پێكردن، تەنیا چەند ڕەهەندێكی گشتیی كارنامەی سەرەكیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون. ئەگەر ژینگەی پرۆسەی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق سەقامگیر بوایە، بێگومان دەتوانرا زۆر كاری گەورەتر بە سەركەتوویی ئەنجام بدرێن، بەڵام بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا دژوار و ئاڵۆز بوو، كە دەكرێتە بەمجۆرە هەڵوەستەی لەسەر بكەین:

دەستپێكی كابینەی نۆیەم و

تەنیا 80 ڕۆژ سەقامگیری

- لە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم لە 10ی تەمووزی 2019 یەكەم كاری ئەم كابینەیە بریتی بوو لە سەردانی شاندێكی باڵای حكومەت بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی و وەزیری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، لەم سەردانەدا لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی گەیشتنە كۆمەڵێك لێكتێگەیشتنی هاوبەش و دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی بەشی زۆری كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام بەداخەوە بە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و بەشێك لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق لە 1ی تشرینی یەكەمی 2019، پرۆسەی سیاسی لە عێراق كەوتە ناو پاشاگەردانییەكی ئەوتۆ كە دواتر عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆكی حكومەت ناچار كرا دەست لەكار بكێشێتەوە و دوای چەندین مانگ ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە حكومەتی كاربەڕێكەر بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی دابمەرزێت و كار بۆ هەڵبژاردنەوەی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بكرێت، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كە نەك هەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەكران، بەڵكو هێندەی دیكە پەیوەندییەكانی نێوانیان ئاڵۆزتر بوو.

- لە سەرەتای ساڵی 2020 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو لە شوباتی هەمان ساڵ حاڵەتی قەدەغەكردنی هاتۆچۆ و كەرەنتینە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان ڕابگەیەنێت، بەمەش ئاستی داهاتی ناوخۆی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر خراپ تا نزیكەی سفر دابەزی. هەر بە هۆی ئەم پەتایە و ڕاگەیاندنی كەرەنتینە لە سەرانسەری جیهان، نرخی نەوت نەك هەر گەیشتە سفر، بەڵكو دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری نەوت ناچار بوون، پارەیەكی زۆر بدەن بۆ ئەوەی نەوتەكانیان كۆگا بكرێت، لەم بارودۆخە سەختە ئابوورییە، نەك هەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق دەستی بەسەردا گیرا، بەڵكو لەو بەشە قەرزەش كە بڕیار بوو مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكەن، زۆر بە ئاشكرا هەرێمی كوردستانیان لێ بێبەش كرد و فەرمانبەرانی هەرێم لە مووچەی چەندین مانگ بێبەش كران.

- دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی تشرینی یەكەمی 2021، بە هۆی لێكترازانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و تەیاری سەدر، هەرێمی كوردستان بووە ئامانجی سەرەكیی لایەنە سیاسییە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و بە چەندین شێوازی جیاواز كەوتنە سەر هێرشی ناڕەوا بۆ سەرهەرێمی كوردستان و دادگای فیدڕاڵیی عێراقیان كردە ئامرازێك بۆ ئەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ڕەت بكاتەوە، بۆ ئەمەش لە شوباتی 2022 بە بڕیارێكی نادەستووریی دادگای فیدڕاڵی، یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بە نادەستووری لەقەڵەم درا، هاوكات لەگەڵ ئەم پێشێلكارییە گەورە نادەستوورییەی لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە هەمان كاتدا باڵی سەربازی ئەوەی پێی دەگوترێت «بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی» كەوتە هێرشی درۆن و مووشەك بۆ سەر خەڵكی مەدەنی و دامەزراوە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمە دواتر هەڵكشا بۆ دەستی دەوڵەتانی هەرێمی و چەندین جار هەرێمی كوردستان بە مووشەكی بالیستی بۆردومان كرا.

- لە ئایاری 2023 حكومەتی عێراق پشتگیری بڕیاری دادگای تەحكیمی پاریسی كرد و بەبێ گوێدانە مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستانی بۆ دەرەوە دا، لەمەش خراپتر ئامادەبوو نەوتی هەرێمی كوردستان وەك سامانێكی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ بكات و بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان بۆ پێداویستیی ناوخۆی بەكاربهێنێت و ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بە ڕێگەی بەندەرە ئاوییەكان بەرز بكاتەوە. بەپێچەوانەوە، ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی كردە كارتێك بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بكات، سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بكەت.

- لەناو ئەم بارودۆخە ناسەقامگیرییە سیاسی و حوكمڕانییەدا، تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بەرەو كۆتایی خولی پێنجەم دەڕۆیشت، بۆیە پەرلەمانی كوردستان ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژ كردەوە، بەڵام لە 30ی ئاداری 2023 بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم درا، و كۆتایی بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هێنا.

- لە 7ی تشرینی 2023 دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، شەڕێكی گەورەی خوێناوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵگیرسا، كە تیایدا حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەكانی یەمەن و گرووپە چەكدارەكانی عێراقی كردە بەشێكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەو شەڕەدا، ئەم شەڕە بووە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە پریشكی گەورە بەر سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بكەوێت و هەوڵەكان لەسەر ئاستی سەربازی و بەناو یاسایی بۆ نەهێشتنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بخرێنە گەڕ.

- لە مانگی كانوونی دووەمی 2024 هێرشێكی زۆر چڕ بە مووشەكی بالیستی كرایە سەر ماڵی هاووڵاتیانی مەدەنی لەناو هەولێری پایتەخت كە لەناو شەهید و قوربانیانی ئەو هێرشە دڕندانەیە كۆرپەیەكی تەمەن نۆمانگ بە ناوی «ژینا» شەهید بوو.

- لە شوباتی 2024 جارێكی دیكە دادگای فیدڕاڵی عێراق بە بڕیارێك كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی لە 111 كورسییەوە كەم كردەوە بۆ 100 كورسی و كورسیی كۆتای پێكهاتەكانی ڕەت كردەوە، هەروەها پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی سەندەوە و سپاردی بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لەمەش زیاتر هەرێمی كوردستان لە یەك بازنەوە بەسەر چوار بازنەدا دابەش كرد.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، سەقامگیریی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پێكەوە ژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی خستە سەر لێواری هەڵدێر، بۆیە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداری دا، ئەگەر كورسیی كۆتای پێكهاتەكان نەگێڕێنەوە، ئەوا نە بەشداریی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دەكات و لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیش دەكشێتەوە. ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە هۆكاری ئەوەی كە چاو بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیدا بخشێنرێتەوە و پێنج كورسیی كۆتا لە كۆی 100 كورسیی پەرلەمان بۆ كۆتای پێكهاتەكان بگێڕێتەوە.

- لەناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا، ئامادەسازی كرا بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی تشرینی یەكەمی 2024، لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ ئەوەی بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق و لەسەر بنەمای چوار بازنە بەڕێوە چوو، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكەی نیوەی دەنگدەرانی كوردستان دەنگی بەدەست هێنا، ئەوجا لەبەر ئەوەی ڕێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەكە بەراود بە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لە هەولێر و دهۆك زۆر بەرزتر بوو، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كە بەهای كورسییەكان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بە 6-8 هەزار دەنگ زیاتر بن لە كورسییەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەڵام وێڕای ئەوەش پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆی 95 كورسی 39 كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا.

- لەدوای هەڵبژاردنەكانی تشرینی یەكەمی 2024، پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كورتدا پەرلەمان كارا بكرێتەوە و كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت، بەڵام ناسەقامگیریی پرۆسەی سیاسی و دەستتێوەردانی دەرەكی پرۆسە سیاسییەكەیان گەیاندووەتە ئەم چەقبەستووییەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە دەیبینێت.

مەسرور بارزانی

تێپەڕاندنی قەیرانەكان و قۆستنەوەی دەرفەتەكان

خاڵی هەرە پرشنگداری شێوازی سەركردایەتیی مەسرور بارزانی بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەك هەر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بووەتە ئەو دەوڵەتمەدارە خۆڕاگرەی كە توانای « تێپەڕاندنی قەیرانەكان و قۆستنەوەی دەرفەتەكان»ی كردە مودێڵێكی تازەی پرۆسەی حوكمڕانیی باش لەسەر ئاستی جیهان، هەر بۆیە لە شوباتی 2024 ئەمەیان كردە ناونیشانی ئەو پەنێڵەی كە لە لووتكەی حكومەتەكان لە دوبەی بەڕێوەچوو، هەروەها لە ئاداری 2024 لەمیانەی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی بۆ واشنتۆن، ڕاستەوخۆ ئەنتونی بیلینكن وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بایدن، شێوازی دەوڵەتمەداریی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خۆڕاگر «resilience» پێناسە كرد، ئەم پێناسەیە كە وەزیری دەرەوەی گەورەترین سوپەر پاوەری جیهان بۆ شێوازی دەوڵەتمەداریی مەسرور بارزانی دەستنیشانی كردووە، مانای ئەوەیە ئەو شێوازی بەڕێوەبردنەی حوكمڕانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەراورد بەو هەموو كۆسپ و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی بوونەوە و بۆیان دروست كرد، جێگەی سەرسامییە وێڕای تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانە، لە هەمان كاتدا ژێرخانەكانی هەرێمی كوردستانی پتەوتر بونیاد ناوەتەوە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەدا، لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵمان داوە بە زمانی داتا و ژمارە، كۆمەڵێك سێكتەری گرنگی ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانەوە بخەینە ڕوو، ئەمە وێڕای ئەوەی ئاماری ئەو هێرشە زاڵمانانەش ئاماژە پێدەكەین كە لەدوای 28ی شوباتی 2026 بە ناهەق كرانە سەر هەرێمی كوردستان.

 

Top