شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: ئەم قۆناغەی ئێستای پرۆسەی سیاسیی كوردستان پێویستی بەوەیە ئەنجومەنێكی سیاسی دابمەزرێت
شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە. لە گفتوگۆی ئەم جارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی) بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.
سرووشتی پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لەو سیستمانەی ناویان لێ نراوە «پەرلەمانی و دیموكراتی» و تێیدا یاسای ڕێكخستنی پارتە سیاسییەكان هیچ ڕێوشوێنێكی یاسایی وەك بەربەست بۆ بەشداریی پارتەكان بۆ ناو پەرلەمان دانەنابێت، هەمیشە جۆرێك لە ناسەقامگیری لەناو پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانیدا بەدی دەكرێت و لەناو كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیشدا یاسا و بڕیارەكان بە ئاسانی تێپەڕ نابن و دەنگیان لەسەر نادرێت.
پێدەچێت هەڵبژاردنی پەرلەمانیی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ی عێراق نموونەیەكی سەرنجڕاكێش بێت بۆ گفتوگۆكردن، بەتایبەت كە سەرەڕای كاردانەوە ناڕاستەوخۆكانی جەنگە گەورەكەی ناوچەكە لەسەر وڵاتەكە، بەڵام پەرلەمان و حكومەت لە ماوەیەكی پێوانەییدا بەراورد بە كابینەكانی ڕابردوو پێك هێنران، هۆكاری ئەم جیاوازییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە لە ١٢ لایەنی سیاسی پێك دێت، توانی وەك یەك فراكسیۆنی پەرلەمانی ڕێژەی یاسایی «٥٠+١» تێپەڕێنێت، بۆیە لایەنە عەرەبییە سوننەكانیش لەم واقیعە نوێیە تێگەیشتن و لە ناو خۆیاندا ئەنجومەنێكی سیاسییان دامەزراند و لەسەر سەرۆكێك بۆ پەرلەمان ڕێك كەوتن. لە نێو ئەم هاوكێشە سیاسییەدا، تەنیا لایەنە كوردستانییەكان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی لەسەر دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار ڕێك نەكەوتن و بە ململانێی زۆرینە و كەمینە پۆستەكانیان یەكلا كردەوە، پرسیارە بنەڕەتییەكە لێرەدا ئەوەیە، بۆچی پارتی و یەكێتی بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی، دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی زەیدی ڕێك نەكەوتن؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە پێویستی بە هەڵوەستەیەكی ورد هەیە و بە ڕوونی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات كە ململانێی بەردەوامی دەسەڵات لە نێوان ئەم دوو حزبە سەرەكییەدا بە ڕێگەی سندووقەكانی دەنگدان چارەسەر نابێت، چونكە ئەزموونی ٣٤ ساڵی ڕابردووی دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم ڕاستییەی بە شێوەیەكی زۆر ڕوون بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كردووە.
لێرەدا پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە بۆچی پارتی و یەكێتی بۆ پرۆسەی هاوبەشیی سیاسی، كاندیدی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی ڕێك نەكەوتن؟ وەڵامی ئەمە پێویستی بە سەرنجدانێكی زۆر جددی هەیە، چونكە ڕاشكاوانە نیشانی دەدات كە ململانێی قووڵی دەسەڵات لە نێوان ئەم دوو حزبە سەرەكییەدا بە سندووقی دەنگدان چارەسەر ناكرێت، لەم سۆنگەیەوە پێمان خۆش بێت، یان نا، ئەم واقیعە سیاسییەی كوردستان ناچارمان دەكات كە لە دەرەوەی سیستمی ئێستای هەڵبژاردن و یاسای پارتە سیاسییەكان، هەمووان بە یەكەوە بیر لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی دیكە بكەینەوە.
یاسای حزبە سیاسییەكان و ڕێكاری بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سیستمە دیموكراتەكاندا، بەپێی تایبەتمەندیی سیاسی و فەرهەنگی دەوڵەت و كۆمەڵگەكان جیاوازە، هەروەها لە سیستمە فیدڕاڵییەكانیشدا، لەسەر ئاستی ویلایەت و هەرێمەكان شێواز و یاساكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت.
كەواتە گرفتی سەرەكیمان پێش ئەوەی لە ڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانەوە سەیر بكرێت و هەوڵی جددی بۆ چارەسەركردنی بدرێت، پێویستی بەوەیە ئەنجومەنێكی سیاسی دابمەزرێت، كە سەرجەم سەرۆك حزبەكان تێیدا ئەندام بن، یەكەم بڕیاری ئەم ئەنجومەنە سیاسییە كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی كوردستان بێت، وەك مەرجەعێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگەی یاسایی، پێویستە ئەم ئەنجومەنە بەرنامە بۆ داڕشتنی پلان و نەخشەڕێگەیەك دابنێت تا پەرلەمانی كوردستان هەر دوو یاسای «پارتە سیاسییەكان» و «هەڵبژاردنەكان» بە جۆرێك هەموار بكاتەوە، كە لەگەڵ واقع و فەرهەنگی سیاسیی حزبەكانی كوردستاندا بگونجێت، پاشان سەرجەم لایەنەكان ڕێك بكەون لەسەر ئەوەی كە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن، لەژێر سایەی ئەم یاسایانەدا ڕێز لە دەرئەنجامی دەنگەكان بگرن و لە وادەیەكی پێوانەیی و دەستووریدا پەرلەمان و حكومەت پێك بهێنن.
سەبارەت بە كێشەی ململانێی دەسەڵات لە نێوان هەردوو لایەنی سەرەكی (پارتی و یەكێتی)، دیسان ئەركی ئەنجومەنە سیاسییەكە دەكرێت ڕەشنووسی پڕۆژە یاسایەك ئامادە بكات، بۆ دووبارە داڕشتنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، پاشان ناردنی ڕەشنووسی ئەم یاسایە بۆ پەرلەمانی كوردستان تا پەسەند بكرێت و لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، ئەمەش ڕاشكاوانە بەو مانایەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی كۆمەڵێك دەسەڵاتی دیاریكراو بێت پەیوەست بە «یەكپارچەیی هەرێم، هێزی پێشمەرگە، سەرچاوەكانی داهات و هاوشێوەكانیان»، لە هەمان كاتدا پارێزگاكانیش خاوەنی دەسەڵاتێكی فراوان بن بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەكان و ڕاپەڕاندنی پرۆژەكان و كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی سنووری كارگێڕیی خۆیاندا.
ئەگەر ئەو ئەنجومەنە سیاسییە كە ئێستا داواكاری لایەنەكانە بۆ پێكهێنانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، دابمەزرێت و لەو ئەركە گرنگانەی ئاماژەیان پێ درا سەركەوتوو بێت، ئەوا دەكرێت كارێكی دیكەی ئەو ئەنجومەنە ڕێككەوتنی گشتگیری پارتە سیاسییەكان بێت لەسەر دووبارە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو واقیعە نوێیەی لە كوردستاندا دێتە ئاراوە، بەمەش دوای ئەوەی لە گشتپرسییەكی گشتیدا خەڵكی كوردستان دەنگ لەسەر ئەو دەستوورە دەدەن، ئەوا دەستوور دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی سەرجەم كایەكانی سیستمی سیاسی و پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا.
لێرەوە دەگەڕێمەوە سەر دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی كە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە ئاراستەی كۆی پارتە سیاسییەكانی كوردستانی كردووە، كە تێیدا ڕاشكاوانە داوای كردووە لەم قۆناغەدا پێویستە سەرجەم حزبە سیاسییەكانی كوردستان پێكەوە كۆ ببنەوە و پرۆسەی سیاسیی كوردستان لەم چەقبەستووییە ڕزگار بكەن، ئەمەش بەو مانایەیە كە سەرۆك بارزانی حزبەكانی سەرپشك كردووە بۆ ئەوەی پێكەوە لەسەر كارنامەیەك ڕێك بكەون، تاوەكو كۆتایی بەو چەقبەستووییە بهێنرێت، كۆتاییهاتنی ئەم چەقبەستووییەش بە كاراكردنەوەی خێرا و بێ مەرجی پەرلەمانی كوردستان دەست پێدەكات، بە ئامانجی ئەوەی هاوكات لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە و بە دەركردنی یاسای تازە، یان هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكان، ئەو گرێ كوێرانە بكاتەوە كە پرۆسەكەی ڕووبەڕووی چەقبەستوویی كردووە.
