فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: چەقبەستوویی ئێستای پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەناو مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە
فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە ، لە گفتوگۆی ئەمجارەدا « پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان و ئاستەنگەكانی» بەمجۆرە تێڕوانین و دیدوبۆ چوونەكانی خۆی خستەڕوو.
گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بۆ ژمارەی هەردوو مانگی تشرینی دووەم و كانوونی یەكەمی 2017 ناونیشانی « ڕابردوو نامرێت - The Undead Past» هەڵبژاردبوو و تیایدا كۆمەڵێك تویژینەوەی لەسەر ئەزموونی نەتەوەكانی جیهان بڵاوكردۆتەوە كە بە چ شێوەیەك مامەڵەیان لەگەڵ لاپەرە ڕەشەكانی میژووی خۆیان كردووە و چۆن بەشێكیان توانییویانە ئەو لاپەرە رەشانە ڕاست بكەنەوە و سەقامگیری و حكومڕانی باش و خۆشگوزەرانی بۆ نەتەوەكانی خۆیان دابنین، چۆن بەشێكیشیان ئەو لاپەرە ڕەشانەیان داپۆشیووە و سەرەنجام بە شەڕی ناوخۆی خوێناوی كۆتایی پێهاتووە.
لەم چوارچێوەیەدا كاتێك باس لە چەقبەستوویی ئێستای پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكەین ، جێگەی خۆیەتی ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ئەم ڕەگی ئەم كێشەیە لەناو میژوویی بزووتنەوەی ڕزگاریی خوازی كوردستانەوە خۆی داكوتاوە؟ بیگومان وەك سیاسەتمەدارە بە ئەزموونەكان لەم گفتوگۆیە راشكاوانە ئاماژەیان پێكرد، سەرەتای ئەم كێشەیە لە سەرەتاكانی شەستەكانی سەدەی رابردوو سەری هەڵداوە و سەرەنجام بە لێكترازانی باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆتایی پێهات و، ئەوجا لەبەر ئەوەی ڕەگی ئەم كێشەیە لە ڕیشەوە دەرنەهێنراوە، ئەوا لەماوەی شەش دەیەی رابردوودا هەر دەساڵ جارێك بە شێوازێكی جیاواز و دەرهاویشتەی خراپەوە ئەم كێشەیە خۆی دووبارە كردۆتەوە و بیگومان چەندین جاریش ئەزموونی تاڵی شەڕی بەدناوی ناوخۆمان تاقیكردۆتەوە.
بۆ لەڕیشەوە هەڵكێشانی كێشەی چەقبەستوویی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان وەك پرۆفیسۆر ڕیچارد جەی ئیڤان لە تویژینەوەیەكدا بەناونیشانی « لە نازیزمەوە بۆ دووبارەنەبووەی هەتا هەتایە .. ئەڵمانیا چۆن مامەڵەی لەگەڵ رابردووی خۆی كردووە» ئەوا دەبێت وەك ئەڵمانەكان چۆن دوای دوو دەیە لە ڕووخانی نازیزم هاتن ئەنیستیتویەكیان دامەزراند بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دەست بكەن بە لێكوڵینەوە لەرابردووی خۆیان و بڕیاریاندا ئەو میژووە دەبێت لە زانكۆكان بخوێنرێت بۆ ئەوەی نەوەكان دوای نازیزم لە میژووە ڕەشەكەی نازیزم تێبگەن و ڕێگەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەرگیز دووبارە نەبێتەوە.
كەواتە ئەم ئاراستەیە دەمانخاتە سەر ئەو ڕێچكەی ئێمەش لاپەڕە ڕەش و گەشەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان وەك خۆی بیخەینە بەردەم نەوەكانی ئێستا بۆ ئەوەی بە بیركردنەوەی ئەم نەوەیەی ئێستا و ئەزموونی نەوەكانی پێشتر ڕێگەی چارەیەك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لاپەرە ڕەشەكانی ئەو میژووە ڕاست بكەینەوە جارێكی دیكە و بۆ هەتا هەتایە شەڕی بەدناوی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی كۆتایی بێت.
لاپەڕە گەشەكانی ناو میژووی شەش دەیەی رابردووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، چەند وێستگەیەكە دەكرێت بیكەینە سەرەتایەك بۆ ئەوەی بەدوای رێگەچارەیەكی گونجاو بگەڕێن ، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 1970 – 1975 ، لە 1986 – 1994، لە 2005-2015 « ئەمانە ئەو وێستگانەی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانن كە هاوڵاتیانی كوردستان هەستیان كردووە پرۆسەی سیاسیی كوردستان بە شێوەی تەبایی و بەڕێوە دەچێت و كێشەی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی نەدەگەیشتە بن بەست.
لە ناو ئەم میژووەدا وێستگەی ئاشتبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە كۆتایی 1986 كە بە ئۆتۆماتیكی بووە بناخە بۆ دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، وەرچەرخانێك بوو كە دەبێت زۆر بە قووڵی بۆ ئێستا تویژینەوەی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی لەسەر بناخەیەكی تازە هەنگاو بۆ ئەو ئەنجوومەنە سیاسییە دابنرێت كە ئێستا وەك پێشنیاری هەموو لایەنە سیاسیەكان لەناو پرۆسەكە بوونی هەیە و داوا دەكرێت بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی دابمەزرێت و، ئەم ئەنجوومەنە نەخشەی رێگە بۆ چارەسەری كۆی كێشەكانی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بهێنرێت و بەپەلە پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە.
هاوكات لەگەڵ ئامادەباشی لایەنە سیاسیەكان بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی سیاسیی، سەرۆك بارزانی لە جەژنی قوربانی ڕابردوو دەستپێشخەریەكی كردووە و داوا دەكات حزبە سیاسیەكان پێكەوە كۆببنەوە و كۆتایی بەم چەقبەستووییە لەناو پرۆسەی هەرێمی كوردستان بهێنن.
خاڵی ئەرێنی و نیشتمانی لە دەستپێشخەریەكەی سەرۆك بارزانی لەو خاڵەدا بەرجەستە دەبێت كە هیچ مەرج و بەربەستێكی بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان دانەناوە، بەڵكو داوایان لێدەكات هەوڵبدەن رێگەی دروست بۆ كۆتایهێنان بەم چەقبەستووییە بهێنن وەك بەرەنجامی ڕاویژ و پێشنیاری كۆی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەكی نیشتمانیدا هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەر قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە ، هەروەها بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
خاڵی دوماهیی كە بەمەبەستمە وەك خاڵێكی جێگەی ئومێد هەڵوەستەی لەسەر بكەمەوە ئەوەیە كە لە ئێستادا حزبە سیاسیەكانی كوردستان هەموو ئامادەباشیان دەڕبریووە لەژێر چەتری سەرۆك بارزانی ئەو ئەنجوومەنە سیاسییە دابمەزرێت ـ، هەموولایەكیشان ئاگاداری پێداگیری بەرێزیانن لەسەر ـ» یەك پەرلەمان ، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە» ، ئەم پێداگیریەش لە ناو ڕای گشتی كوردستاندا بۆتە كۆدەنگیەكی ئەوتۆ كە وییرای جیاوازی ئایدیۆلۆژیەتی حزبە سیاسیەكان بەڵام هەموویان لەسەر ئەو داوایە سەرۆك بارزانی كۆدەنگن، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم ئامانجە نیشتمانییە بێتە دی، هەموو گەلی كوردستان ئومێدی خۆی لەسەر هزر و لۆژیكی سەرۆك بارزانی دارشتووە و هیوایان بەوەیە كەلەم قۆناخە هەستیارەدا جارێكی دیكە كوردستان بەرەو كەناری ئارامی و سەقامگیری بگێرێتەوە.
