بایز حاجی چاودێری سیاسی لە زاخۆ: دانانی بناغەیەكی پتەو و دروست، یەكەمین هەنگاوە بۆ سەركەوتنی هەر پرۆسەیەكی سیاسی

بایز حاجی  چاودێری سیاسی لە زاخۆ:  دانانی بناغەیەكی پتەو و دروست،  یەكەمین هەنگاوە بۆ سەركەوتنی  هەر پرۆسەیەكی سیاسی

 

دەستپێشخەرییەكانی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی هەمیشە وەك خاڵێكی وەرچەرخان و بنچینەیی سەیر دەكرێن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا. كاتێك بنبەستی سیاسی دێتە كایەوە و لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت ناگەنە ڕێككەوتن، چاودێران و هێزە سیاسییەكان بە گرنگییەوە لە دەستپێشخەرییەكانی جەنابی سەرۆك دەڕوانن. ئەم هەوڵانە وەك نەخشەڕێگەیەك دەبن بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان و دۆزینەوەی زەمینەیەكی هاوبەش لەنێوان لایەنە جیاوازەكاندا.

بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە، دەكرێت هاوشێوەی پرۆسەی دروستكردنی خانوویەك لێی بڕوانین، كاتێك مرۆڤ دەیەوێت تەلارێك یان خانوویەك بنیاد بنێت، پێش هەر شتێك پێویستی بە دانانی بنچینەیەكی (ئەساسێكی) پتەو و بەهێز هەیە. ئەگەر بناغەی خانووەكە لاواز بێت، هەرچەندە كارەكە بەرەو پێش ببەن، لە كۆتاییدا بینایەكە تووشی لادان یان داڕمان دەبێت و ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ سەرەتا تا بنچینەیەكی دروستتر و قایمتر دابڕێژنەوە. دەستپێشخەرییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی ڕێك وەك ئەو بنچینە و بناغە سەرەكییە وان، ئەگەر بێتو لایەنەكان لە سەرەتادا پشتگوێی بخەن و ڕێگەی تر تاقی بكەنەوە، لەوانەیە كاتێكی زۆریش بەسەردا بڕوات و پرۆسەكە پەك بكەوێت، بەڵام لە كۆتاییدا هەر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر هەمان ئەو ڕوانگە و پێشنیازانەی كە لە دەستپێشخەرییەكەدا خراونەتە ڕوو، چونكە بێ هەبوونی ئەو بنچینە دروستە، هیچ حكومەتێكی سەقامگیر بنیاد نانرێت.

ئەم ڕاستییە لە چەندین قۆناغی مێژوویی و لەسەر ئاستی بەغدا و هەولێریش سەلمێنراوە. پێكهێنانی حكومەتەكانی پێشووی عێراق بە ڕوونی دەریخست كە بێ گەڕانەوە بۆ دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆك، لایەنەكان نەیانتوانی لەسەر كارنامەیەكی هاوبەش ڕێكبكەون. بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، پێكهێنانی كابینەیەكی بەهێز و كارا پێویستی بە هەمان ئەو بنەما نیشتمانی و سیاسییانە هەیە كە لە دەستپێشخەرییەكەدا ئاماژەیان پێ كراوە. كەواتە ئەم دەستپێشخەرییانە تەنیا چارەسەری كاتی نین، بەڵكو نەخشەڕێگەیەكی بنەڕەتین بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیریی سیاسی و، پێویستە لایەنەكان لە سەرەتاوە پشتی پێ ببەستن، بۆ ئەوەی لە بەهەدەردانی كات و وزە بەدوور بن.

 

Top