د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان: مێژووی کارکردنی بازنەی گفتوگۆ سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەمانەوێت بەشدارییەکی کارا و گرنگ لە پرۆسەی دیالۆگی کوردستاندا بکەین
د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چل و دووەمین بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی "پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی" لە دوو پەیڤی جیاوازدا بەمجۆرە بیربۆچوونەکانی خۆی و پێشنیازەکانی خۆی خستە ڕوو:
لە دەستپێکی گفتوگۆکەدا، زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی ئەم گفتوگۆ گرنگەی کرد و هەڵوەستەی لەسەر ئەوە کرد کە "بازنەی گفتوگۆ" وەک ئۆرگانێکی سەربەخۆ لە پێناوی چیدا لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دامەزرا. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوە کرد: "بازنەی گفتوگۆ لە پێناوی یەک ئامانجی سەرەکی دامەزراوە، ئەویش ئەوەیە کە سەکۆیەکی کراوە دروست بکەین بۆ ئەوەی ڕاشکاوانە بیربۆچوونە جیاوازەکان پێکەوە گفتوگۆی تەندروست و ساغڵەم بکەن و پێکەوە ڕێگەچارەی نیشتمانیانە بۆ کۆی کێشە و گرفتەکانمان بدۆزینەوە و وەک هاوکار و ڕاوێژکار پێشکەش بە سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕیارسازانی ئەم وڵاتە بکەین. لەوانەش گرنگتر، بەشداریکردنی نوێنەرانی جیاوازی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و هەر چوار پارچەی کوردستان لەم بازنەیەدا، نیشانەی ئەوەیە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان پێمان وایە خەم و کێشەکانی ئەم نیشتمانە هی هەموولایەکمانە و دەبێت پێکەوە بەرپرسیاریەتی هاوبەش هەڵبگرین و ناکرێت هیچ لایەک بە تەنیا بیر بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا باشترین پێناسە، باشترین یەکتربینین، باشترین لێکگرێدانی تێگەیشتنە هاوبەش و جیاوازەکان، لەوەدایە کە پێکەوە گفتوگۆ بکەین. گفتوگۆش وەک خەسڵەتێکی نوێی جیهان، ڕەهەندێکی زۆر گرنگی پرۆسەی سیاسییە. بۆیە ئەم مێژووەی کارکردنی بازنەی گفتوگۆ تا ئێستا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەمانەوێت بەشدارییەکی کارا، گرنگ و گەورە لە پرۆسەی دیالۆگی کوردستاندا بکەین".
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی و هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت و چارەسەرنەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی خۆمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: "ناونیشانی ئەم گفتوگۆیە تەوەرێکی زۆر گرنگە، ئەویش «پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانیەتی». کەواتە ئێمە لەبەردەم ناونیشان و بابەتێکی ئێجگار گرنگداین کە بریتییە لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی. لێرەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەین، لەسەرەتادا هەوڵدەدەم سێ شێوازی گفتوگۆ و ئاخافتن لەیەکتری جیابکەمەوە کە بەدیدی من یەکەمیان، گوتارێکی گرژ، توندوتیژ و هەمیشە هێرشبەرانەیە، کە پێویستە هەموومان خۆمانی لێ بەدوور بگرین؛ دووەمیان، پێشکەشکردنی ڕستەی جوانی سەرزارەکییە بەبێ ناوەڕۆک، ئەمەش بە ڕاستی چارەسەری پێ نییە، سێیەم و دروستترین شێوازی ئاخافتنیش ئەوەیە کە بە شێوازێکی عەقڵانی، ویژدانی و ڕاستگۆیانە قسە بکەین. پێم وایە ئەم شێوازی سێیەمە دەتوانێت بەشێکی گرنگ بێت لە چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی ئەم قۆناغە.
بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی دروست بکەین، پێویستە سێ جۆر خوێندنەوە یان ڕوانگە لەیەک جیا بکەینەوە کە ئەوانیش: ڕوانگەی گشتی، ڕوانگەی ناوەند و ڕوانگەی تایبەتن. لێرەدا ئەم سێ ڕوانگەیە ڕوون دەکەمەوە، چونکە زۆرجار تێگەیشتنەکان تەنیا لە چوارچێوەی ململانێی پارتی و یەکێتیدا کورت دەکرێنەوە، بە جۆرێک وێنا دەکرێت کە کوردستان تەنیا لەم دوو هێزەدا کورت بووەتەوە. ئەم تێڕوانینە لە ڕووی زانستی و واقیعییەوە دروست نییە، چونکە بابەتەکە و بینینەکە زۆر لەوە فراوانترە و، ناکرێت قسە لەسەر بەشێک (کوردستان) بکەین بێ ئەوەی سەیری کۆی هاوکێشە جیهانییەکە بکەین. ئێمە پێویستمان بەم ڕوانگە گشتییە هەیە، ئەگەر تەنیا لەسەر پارتی و یەکێتی چڕ ببینەوە، لە هاوکێشە گەورەکە بێبەش دەبین.
تێڕوانینی دووەم "ناوەند" ئەوەیە کە کۆی لایەنەکانی ناو پرۆسەی سیاسییەکە ببینین، لەم پرۆسەیەدا پارتی و یەکێتی بە تەنیا بوونیان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک لایەنی دیکە هەن کە لەناو پرۆسەکەن و بە خۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن، بۆیە جێگەی خۆیەتی بپرسین: دۆخی ئۆپۆزسیۆن چۆنە؟ ئۆپۆزسیۆن بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ چارەنووسی ئۆپۆزسیۆن و ئەو خەڵکەی هیوایان لەسەر هەڵچنی، بە کوێ گەیشت؟ دۆخی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان چۆنە و ناکۆکیی نێوانیان لەسەر چییە؟
بۆیە ئەگەر تێڕوانینی ناوەند و گشتگیر، تێڕوانینێکی دروست بێت بۆ ئەم ناوچەیە، ئەوا دەبێت گوێ لە هەموو لایەنەکان بگرین بۆ ئەوەی بتوانین جارێکی تر بە ئارامییەوە سەیری کۆی کێشەکانمان لە هەرێمی کوردستان بکەین پێکەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە.
ئینجا دێمە سەر تێڕوانینی سێیەم کە تێڕوانینێکی تایبەتە، واتە ئەم تێڕوانینە بە جۆرێکە کە تەواوی پرۆسەی سیاسیی و کۆی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوی "پارتی و یەکێتی"دا بچووک دەکەنەوە، لەمەش زیاتر لەم بابەتەدا جۆرێک لە تێکەڵکردن لە هەڵسەنگاندنی ئەم دوو لایەنە "پارتی و یەکێتی" بەدی دەکرێت. بەشێک لە حیزبەکان، هەردوو لایەنەکە بە تەواوی وەک یەک دادەنێن و بەردەوام پێکەوە ناویان دەبەن. بە بڕوای من، ئەمە نادادپەروەرییە، پارتی و یەکێتی جیاوازن، هەر بۆیەش ناکۆکی لەنێوانیاندا هەیە. پێویستە حیزبەکان، لایەنەکان و ڕۆشنبیران لەم ڕووەوە بە باش بڵێن باش و بە خراپیش بڵێن خراپ، ناکرێت ئێمە بەردەوام هەردوولا وەک یەک وێنا بکەین. لەو شوێنەی گلەیی یان ڕەخنە لە سەر پارتی هەیە، با ڕەخنە و گلەییەكان بگوترێت و ئاراستەی پارتی بكرێن، لەو شوێنەشدا کە پێویستە رەخنە لە یەکێتی بگیرێت، دەبێت بگوترێت: لێرەدا یەکێتی ڕێزت لە دەنگدەرانی خۆت نەگرتووە، نەتتوانیوە هاوکار بیت و حکوومەتی کوردستان پێکبهێنیت، یان نەتوانیوە ڕێککەوتنی کۆدەنگیی کوردی لە بەغدا دروست بکەیت. دەبێت ڕوانگەیەک هەبێت ئەم ڕاستییانە دەرببڕێت. ئەوەی کە هەموومان بمانەوێت بە یەک چاو سەیری پارتی و یەکێتی بکەین، کارێکی زۆر خراپە".
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە سەرۆك بارزانی لە بەهاری 1991 لە كۆیەوە ڕایگەیاند دەبێت ئەم وڵاتە بكەینە دەوڵەتی یاسا و بگەڕێنەوە بۆ دەنگی خەڵكی كوردستان و هەڵبژاردن ئەنجامبدەین و بۆشایی دامەزراوەكان پڕبكەینەوە، ئێستاش هەر ئەوە ڕێگە دروستەكەیە و دەبێت هەموو لایەك ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرێت.
