غەم و خەمۆكی جیاوازن
غەم Sadness هەستێكی كاتی و كورت خایەنە، زوو دێت و زوو دەڕوات، تەنیا تا هۆكارەكەی مابێت بەردەوام دەبێت، بە تێپەڕبوونی كات و حەسانەوە و پاڵپشتیی دەروونی سووك دەبێت، كەچی خەمۆكی بەردەوام دەبێت بۆ چەند هەفتە، یان هەتا چەند مانگێك و مەزاجی ناخۆش بە درێژایی ڕۆژ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە دوو هەفتە درێژەی دەبێت. كەسی غەمگین هێشتا چێژ لە هەندێك حەز و چالاكی وەردەگرێت، وەك: گوێگرتن لە موزیك یان بینینی هاوڕێكان، بەڵام تووشبووانی خەمۆكی چێژ لە هیچ شتێك و چالاكییەك وەرناگرن كە جاران چێژیان لێ وەردەگرت. غەم لەوانەیە ببێتە هۆی هیلاكی و گرفتی خەو بۆ ماوەی تەنیا یەك تا دوو شەو، بەڵام خەمۆكی هۆكارە بۆ هەستكردنی بەردەوام بە هیلاكی و خەوزڕان، یان زیاد نووستن لەگەڵ كەمبوونەوە یان زیادبوونی ئارەزووی خواردن. غەم هەندێك جار پەیوەندی بە نائومێدییەوە هەیە و كاریگەریی زۆر ناكاتە سەر ژیانی ڕۆژانە، بەڵام ڕەشبینی لەگەڵ بێ بەهایی، بەردەوام لە خەمۆكیدا بەرجەستەن، هەروەها خەمۆكی هەموو كار و چالاكییەكانی ڕۆژانە پەك دەخات.
