ئیرك شمیت بەڕێوەبەری پێشووی جێبەجێكاری كۆمپانیای گووگڵ: مەزندە دەكرێت چین ساڵی2027 لە كێبڕكێی زیرەكیی دەستكرد پێش ئەمریكا بكەوێت
كەناڵی «ئەی ئای ئەپلۆد - AIUpload» شرۆڤەی قسەكانی ئیرك شمیدت، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گووگڵ دەكات، كە بەم دواییە لە كۆنفڕانسێكدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە چین تەنیا ماوەی شەش مانگ لە دواوەی ئەمریكایە لە زیرەكیی دەستكرد و شەش مانگیش بۆ زیرەكیی دەستكرد چاوترووكانێكە. لەبەر گرنگیی ئەم شرۆڤە و چاوپێكەوتنە وەك خۆی بە كوردی بڵاوی دەكەینەوە.
لە كێبڕكێی AGI
چین تەنیا شەش مانگ لە دواوەی ئەمریكایە
ئیریك شمیت، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای گووگڵ، لە چاوپێكەوتنێكی نوێ و هەژێنەردا كۆمەڵێك زانیاری و هۆشداریی مەترسیداری لەبارەی ئایندەی «زیرەكیی دەستكردی گشتگیر» (AGI) خستە ڕوو، كە بە ڕاستی جێگەی سەرنج و تێڕامانن. شمیت ئاماژەی بەوە كرد، چین لە ئێستادا تەنیا شەش مانگ لە دوای ئەمریكاوەیە لەم كێبڕكێ تەكنەلۆژییە چڕەدا. ئەو هۆشدارییەكی توندی دا و ڕایگەیاند، ئەگەر چین بتوانێت لەم پێشبڕكێیەدا پێش ئەمریكا بكەوێت، ئەوا مەترسییەكی یەكلاكەرەوە بۆ سەر باڵادەستیی ئەمریكا دروست دەبێت و دەڵێت: «ئەو كاتە كارەكە بۆ ئێمە كۆتایی دێت».
جگە لە لایەنی سیاسی، شمیت هۆشداری دا كە لە مانگەكانی داهاتوودا، زیرەكیی دەستكرد دەبێتە هۆی جێگرتنەوە و لەدەستدانی ملیۆنان هەلی كار لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لە بازاڕی كاردا دروست دەكات.
سەردەمی كلاسیكیی بەرنامەسازی كۆتایی هاتووە و ئێستا خەریكە دەبێتە مێژوو
ئێریك شمیدت:
سەبارەت بە دۆخی ئێستای زیرەكیی دەستكرد بە شێوەیەكی گشتی، دەمەوێت بەو پەڕی ڕاشكاوییەوە ئەوەی لە ناخی مێشكمدا دەگوزەرێت بۆتانی باس بكەم. من لە ئێستادا لە جۆرێك لە «ماتەمێنی» و خەمباریدا دەژیم. ئەم خەمبارییەشم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە من هەر لە تەمەنی ١٣ یان ١٤ ساڵییەوە وەك بەرنامەسازێك دەستم پێ كردووە و كۆدنووسیم كردووە، بەڵام ئێستا دەبینم ئەو سەردەمە بە كردەیی كۆتایی پێ هاتووە و شێوازی كلاسیكیی بەرنامەسازی خەریكە دەبێتە مێژوو.
تەنیا هەفتەیەك لەمەوبەر، وڵاتی چین مۆدێلی (DeepSeek V4)ی ڕاگەیاند، كە ئەمەش وەرچەرخانێكی گەورەیە. كاتێك من لە «كۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ زیرەكیی دەستكرد» كارم دەكرد، ئێمە بە هەماهەنگییەكی چڕوپڕ لەگەڵ ئیدارەی پێشووی تڕەمپ و بایدن، هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ چەسپاندنی كۆنتڕۆڵ و سنوورداركردنی هاردوێر «Hardwear»، بەتایبەت چیپە «Chip» پێشكەوتووەكان. لەو كاتەدا هەموو پێكەوە سەركەوتوو بووین لەوەی ڕێگری بكەین لەوەی چین دەستی بەو چیپە بەهێزانە ڕابگات. منیش وەك زۆرێك لە پسپۆڕانی دیكە، بە توندی لایەنگری ئەو جۆرە سیاسەتە بووم بۆ پاراستنی باڵادەستیی ئەمریكا.
سەرەتا وا دەركەوت كە ئەو سیاسەتە كاریگەرە، بەڵام لە ئێستادا ئاماژەكان پێمان دەڵێن كە ئەو گەمارۆیانە بەرەو بێكاریگەری دەچن. چینییەكان مرۆڤی زۆر زیرەك و لێهاتوو و بەهرەمەندن، ئەوان توانیویانە سیستەمێك دابهێنن كە لە ئاستی مۆدێلە هەرە پێشكەوتووەكانی ئەمریكادایە، بەڵام بە بەكارهێنانی هاردوێر كە زۆر لەوەی ئێمە لاوازترە. بەپێی كورتەی تەكنیكیی ئەوان، چینییەكان چیپێكیان بەكارهێناوە بە ناوی (Ascend)، كە بە پرۆسەیەكی خاوتر كار دەكات، بەڵام ئەوان لە ڕێگەی داهێنانی سۆفتوێریی نوێ و گۆڕینی تەلارسازیی سیستەمەكە، توانیویانە هەموو ئەو بەربەست و كێشەكانی هاردوێر تێپەڕێنن.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە كە ئێمە ڕكابەرێكی ڕاستەقینەمان هەیە كە هانمان دەدات بۆ پێشكەوتنی زیاتر، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە كە چین بە شێوەیەكی زۆر ورد سەرنجی خستووەتە سەر بڵاوكردنەوەی ئەم تەكنەلۆژیایە لەسەر ئاستی جیهان، ئەویش لە ڕێگەی «سەرچاوەی كراوە» (Open Source). ئەمە واتە تەكنەلۆژیاكە بەبێ هیچ جۆرە كۆنتڕۆڵێكی ئێمە لە هەموو شوێنێك بڵاو دەبێتەوە.
ئەگەر ساڵێك لەمەوبەر لێتان بپرسیبایە، دەموت چین یەك بۆ دوو ساڵ لە دوای ئێمەوەیە، بەڵام شیكارییەكانی ئەم دواییە دەریدەخەن كە چین تەنیا «شەش مانگ» لە دوای ئەمریكاوەیە. لە جیهانی تەكنەلۆژیای ئەمڕۆدا، شەش مانگ تەنیا وەك چاوتروكانێك و «نانۆ-چركەیەك» وایە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە چین تا چەند پابەند و سوورە لەسەر گەیشتن بە لووتكەی زیرەكیی دەستكرد و بە هیچ شێوەیەك ناوەستن.
بۆ ئەوەی ئەم جۆرە سەركەوتنانە بەدەست بهێنیت، پێویستت بە وڵاتێكی تەواو هەیە كە پڕ بێت لە سوپایەك لە ئەندازیار، زانا، گەنجی بلیمەت، سەرمایەكی زەبەلاح و هاردوێری پێویست. زۆر دەگمەنن ئەو وڵاتانەی كە بتوانن بە تەنیا ئەم كارە بكەن، بێگومان چین یەكێكە لەوان و ئەمریكاش بە هاوكاریی هاوپەیمانەكانی ئەوی دیكەیە. ڕەنگە لە داهاتوودا تەنیا وڵاتێكی سێیەم، یان چوارەم هەبن كە بتوانن بچنە ناو ئەم كێبڕكێیە مەزنەوە.
ئایندەی ئاسایشی نەتەوەیی
لە دەست چەكە ئۆتۆماتیكییە زیرەك و خێراكانە
• كاتێك سەیری نەك تەنیا دۆسیەی ئاسایشی نیشتمانی، بەڵكو چۆنیەتی مامەڵەی ئەم وڵاتە لەگەڵ زیرەكیی دەستكرد لە ئەلفەوە تا كۆتایی دەكەین، دەبێت بپرسین: چۆن ڕێنمایی سەركردایەتیی ئەمریكا دەكەیت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ زیرەكیی دەستكرددا؟ سنوورە پارێزەرە چەپ و ڕاستەكان چین؟ ڕۆڵی كەرتی تایبەت چییە و چۆن دەتوانین كۆدەنگییەكی گشتی بۆ ئەم پرسە بنیاد بنێین؟
بە ئۆتۆماتیكردنی سوپا هەلی كار كەم ناكاتەوە بەڵكو جۆری كارەكان دەگۆڕێت
ئێریك شمیت:
با هەندێك زانیاریی ناخۆش بڵێم كە پێموایە ڕاستن، ئەگەر باوەڕیشم پێ ناكەن، تكایە قسەكانم بنووسن و ساڵێكی دیكە هەڵمبسەنگێننەوە. ئێمە بڕێكی زۆر تانك، كەشتی، مووشەك و فڕۆكەی جەنگیی مرۆیی و بێفڕۆكەوان دروست دەكەین، بەڵام ئێستا هەموویان لەبەردەم مەترسیدان. هەر شتێك گەورە، خاو، گرانبەها بێت و گەرمی دەربكات، تووشی كێشە دەبێت. كەواتە ئەو ئەنجامەی كە من تێیدام ئەوەیە كە دەبێت سەرنجی ئاسایشی نەتەوەییمان بخەینە سەر بە ئۆتۆماتیككردنی چەكەكانی زەمینی، دەریا و ئاسمان و هاوشێوەكانیان. ئێمە سوپایەكی نایاب و مرۆڤی زۆر زیرەكمان هەیە، دەبێت بتوانین ئەم گواستنەوەیە ئەنجام بدەین، هەرچەندە كاتی دەوێت. لە لایەكی دیكەوە، ئەمە هەلی كار كەم ناكاتەوە، بەڵكو تەنیا جۆری كارەكان دەگۆڕێت. هەروەها بەو مانایە نییە كە بوودجە كەم دەبێتەوە، بەڵكو لەوانەیە زیاد بكات، بەڵام بۆ پێداویستیی جیاواز خەرج دەكرێت.
پێشبڕكێی زیرەكیی دەستكرد لەگەڵ چین
لە داهاتوودا بۆ ئەمریكا قورس دەبێت
شتێك كە كاریگەرییەكی خراپی لەسەرمان دەبێت لە پێشبڕكێی زیرەكی دەستكرددا بەرانبەر بە چین، ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی ئەوانە. مەبەستم ئەوەیە، وزەی بەرهەمهاتووی ئەوان یەكجار زۆرە، زۆر زیاترە لەوەی ئێمە لە ئەمریكا بەرهەمی دەهێنین. با وای دابنێین چین ئێستا خاوەنی چیپی ناوخۆیی بێت كە نیوەی ئەوەی ئێمە باش بێت، و چوار ئەوەندە وزەی بوێت بۆ دروستكردنی مۆدێلێكی زمانیی هاوشێوەی ئەمریكا، بەڵام بەو توانایە بەهێزەی لە وزەدا هەیانە، دەتوانن تێچووەكە دابین بكەن تا وزە بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكانیان هەرزان بكەن. جگە لەوەی ئەو بڕە داتایەی كۆی دەكەنەوە شێتانەیە، سەرەڕای ئەوەی لەوێ شتێك نییە بە ناوی تایبەتمەندیی تاكەكەسی. بۆیە دەتوانن داتای هەر كەسێك بەكاربهێنن، لە كاتێكدا «OpenAI»بە هۆی بەكارهێنانی داتای كۆپی ڕایتەوە، ڕووبەڕووی دادگا دەبێتەوە. مەبەستم ئەوەیە كە پێشبڕكێی زیرەكیی دەستكرد لەگەڵ چین لە مانگەكانی داهاتوودا بۆ ئەمریكا زۆر قورس دەبێت، چونكە ئەوان بەو پەڕی هێزەوە ڕكابەری دەكەن.
ئێستا هەر تاكێك دەتوانێت بە تەنیا پڕۆژەی سۆفتوێری زۆر بەهێز دابنێت
ئێریك شمیت:
ئێستا شێوازی پڕۆگرامینگ لە لووتكەی پێشكەوتندا بەم جۆرەیە: پەرەپێدەرێك لە خەو هەڵدەستێت، دەچێتە ئۆفیس، چونكە حەزی بە پەیوەندیی كۆمەڵایەتییە، لەوێ دادەنیشێت، بەڵام هاوڕێی زۆری نییە، بۆیە دە دانە لە هاوڕێیانی ‹كلۆد› یان ‹جێمینای› (زیرەكیی دەستكرد) كۆدەكاتەوە. ئەرك و ئامانجیان بۆ دیاری دەكات و سەیری ئەو كۆدانە دەكات كە ئەوان دەینووسن. پاشان دەچێت بۆ نانی نیوەڕۆ و پڕۆژەكان بە جۆرێك ڕێك دەخات كە لە كاتی نانخواردنیدا بەردەوام بن لە كاركردن. دواتر دەگەڕێتەوە و كارەكانی دەكات، كاتێكیش كاتی گەڕانەوەیە بۆ ناو خێزانەكەی، ئامانج و سیستەمی وردبینییان بۆ دادەنێت و پڕۆژەكە هێندە درێژە كە هەموو شەو دەخایەنێت. ئەوان لە نووسینی كۆدەوە -كە ئەوە كارێك بوو من لە تەمەنی بیست ساڵیدا دەمكرد و پێموابوو سەیرترین شتە- ئێستا گەیشتوونەتە ئەم جۆرە لە دەسەڵات. من بینیم ئەم سیستەمانە چی دەكەن و سەرسامیان كردم. گۆڕانكارییەكی یەكجار گەورە لە ئارادایە كە لە تشرینی یەكەمی پارەوە دەستی پێكردووە. ئەمە بۆ ئەم كۆنفڕانسە نوێیە. ئەگەر بە شێوەیەكی نەریتی كۆد دەنووسیت، بوەستە، چونكە ئەو سەردەمە كۆتایی هات. ئەگەر بەڕێوەبەری كۆمپانیایت، بە پەرەپێدەرەكانت بڵێ بۆچی هێشتا وەك شەش مانگ لەمەوبەر كۆد دەنووسن؟ ئەمە كاریگەریی جیهانیی زۆری دەبێت، چونكە بەرهەمداریی سۆفتوێر زۆر زیاتر دەبێت. هەروەها واتا هەر تاكێك دەتوانێت ئەپڵیكەیشنی یەكجار بەهێز دروست بكات. بینیتان چۆن پشكەكانی سۆفتوێر (SaaS) دابەزین، چونكە بازاڕ پێیوابوو ئەو بەرهەمانە لەناو دەچن، كە بێگومان ڕاست نییە، بەڵام ئەوان لە مەترسیدان و دەبێت خۆیان بگونجێنن.
زیرەكیی دەستكرد 90%ی ئەندازیاران لادەبات و ئەیجێنتەكان جێگەیان دەگرنەوە
بەڕاستی هەست بە ناڕەحەتی دەكەم كاتێك دەبینم ئەم بەڕێوەبەرە جێبەجێكارانەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆژیا دێن و كۆمەڵێك ڕاستیی نیوەناچڵ دەدركێنن. مەبەستم ئەوەیە، بەڵێ، ئەو ڕاست دەكات كاتێك دەڵێت زیرەكیی دەستكرد (AI) جیهانی كۆدنووسین و پڕۆگرامسازی دەگۆڕێت، بەڵام ئەوەی پێتان ناڵێت، ئەوەیە كە ئەم تەكنەلۆژیایە خەریكە لە (٩٠%)ی ئەندازیارانی سۆفتوێردی مرۆیی لادەبات و «ئەیجێنتەكان» یان بریكارە زیرەكەكان دەخاتە شوێنیان.
ئەم بەڕێوەبەرە ملیاردێرانە هەمیشە بەم شێوەیە دەست پێدەكەن و دەڵێن: «نا، زیرەكیی دەستكرد جێگەی ئەندازیارانی نەرمەكاڵا ناگرێتەوە، بەڵكو تەنیا وایان لێدەكات كاراتر و بەرهەمهێنەرتر بن». كەچی دەبینین، هەر چەند هەفتە جارێك، كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیا هەزاران ئەندازیاری سۆفتوێر لە كارەكانیان لادەدەن و دەریان دەكەن. بەڕاستی ئەم ملیاردێرانە لەم ساتەدا خەریكن هەموو خەڵكی جیهان دەكەن بە گەمژە و سووكایەتی بە عەقڵمان دەكەن. ئەوان لە قووڵایی دڵیاندا زۆر دڵخۆشن كە زیرەكیی دەستكرد جێگەی مرۆڤەكان دەگرێتەوە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی پاشەكەوتكردنی ملیارەها دۆلار كە پێشتر وەك مووچە دەدرا بە كارمەندان. هەر لەبەر ئەمەشە كە ئێستا فشار دەخەنە سەر حكومەتەكان بۆ ئەوەی وزە و كارەبای زیاتر بەرهەم بهێنن، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن مۆدێلەكانی زیرەكیی دەستكرد وا ڕابهێنن كە لە داهاتوودا جێگەی مرۆڤ بگرنەوە.
لە لایەكی دیكەوە، من دەبینم زۆرێك لە پڕۆگرامسازان لە سۆشیاڵ میدیا هێشتا لە دۆخی نكۆڵیكردنی ئەم شۆڕشەی زیرەكیی دەستكرددان. ئەوان هێشتا ئەو جۆرە قسانە دەكەن و دەڵێن: «نا، ئەندازیارانی سۆفتوێر ناتوانرێت بە زیرەكیی دەستكرد جێگەیان پڕ بكرێتەوە، چونكە بواری ئێمە زۆر ئاڵۆزە و لە توانای زیرەكیی دەستكرددا نییە دەستی بەسەردا بگرێت». تكایە وەرنەوە سەر خۆتان! سەرتان وەك وشترمل مەكەن بە ژێر خۆڵدا و خۆتان لە ڕاستییەكان مەدزنەوە. ئێوە لە ناخی دڵتاندا باش دەزانن كە زۆر نزیكە جێگەتان پڕ بكرێتەوە و لە كارەكانتان لاببرێن. كەواتە، باشتر وایە ئێستا ڕاستییەكە قبووڵ بكەن و بیر لە چارەسەرێك بكەنەوە، پێش ئەوەی كاتەكە بەسەر بچێت.
داهاتووی زیرەكی دەستكرد
بەستراوەتەوە بە دابینكردنی وزەی پاك و بەردەوام
• دەزانم كە تۆ زۆر بیرت لە یەكێك لە گرنگترین فاكتەرە یارمەتیدەرەكانی زیرەكیی دەستكرد كردووەتەوە، كە ئەویش پرسی «وزە»یە. ئەو بڕە زەبەلاحەی كارەبا كە بۆ داهاتوو پێویستمان دەبێت. ئایا تۆ پێشبینی ئەوە دەكەیت كە پێویستیمان بە وزەی زیاتری با، وزەی خۆر، یان كارتێكەرە ئەتۆمییە بچووكەكان (SMR) هەبێت؟ چۆن دەتوانین وزە بۆ ئەو داهاتووەی زیرەكیی دەستكرد دابین بكەین كە بەبێ هیچ گومانێك بەرەو ڕوومان دێت؟
سنووری ڕاستەقینەی گەشەی زیرەكیی دەستكرد وزە نییە، بەڵكو پارەی كاشە
- ئێریك شمیت:
با تەنیا یەك شتی دیكە سەبارەت بە وزە بۆ ئاسایشی نیشتمانی بڵێم. سوپای ئێمە ئێستا — كە ئەمە كارێكی زۆر نایابە — دەركی بەوە كردووە كە پێویستی بە سەنتەری زانیاریی (Data Centers) تایبەت و پۆلێنكراوی نهێنی هەیە. بۆیە، دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە لەوەی چۆن هاوبەشی لەگەڵ كەرتی بازرگانی و تایبەتدا بكەن لەم بوارەدا. من پێموایە ئەمە هەنگاوێكی سەرنجڕاكێشە. ئێمە وەك وڵات پارێزراو نابین، مەگەر ئەوەی حكومەتەكەمان خاوەنی سەنتەری زانیاریی زۆر گەورە و بەهێزی خۆی بێت، شتێك كە پێشتر هەرگیز نەیبووە. كاتێك من بۆ وەزیری بەرگری كارم دەكرد و لە سەردەمی «ئاش كارتەر»دا بووین (كە هەمیشە قەرزاری ئەوم بۆ ئەوەی منی پەلكێشی ئەم بوارە كرد) دەتوانم بڵێم بە كردەیی هیچ شتێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نەبوو، بەڵام ئێستا سەربازیی ئەمریكا پلانێكی ڕوونی بۆ ئەمە هەیە، كە ئەمە جێگەی دەستخۆشییە.
بە شێوەیەكی گشتی، ئەوەی ئێوە لە میدیاكاندا دەیخوێننەوە با بەم جۆرە باسی بكەین: گەشەسەندنی زیرەكیی دەستكرد لە نێوان یەك بۆ دوو لە سەدی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) ئەمریكای پێكهێناوە. ئەمە ژمارەیەكی زۆر گەورەیە. بۆ زۆربەی ئێوە، ڕەنگە بڵێن: «خوایە گیان، ئەم خەڵكە گەمژەن! چۆن دەكرێت ئەو هەموو پارەیە بەو شێوەیە بەفیڕۆ بدەن؟» بەڵام ڕای من وا نییە. من پێموایە شۆڕشی زیرەكیی دەستكرد كەمتر لەوەی كە شایەنیەتی بایەخی پێ دراوە (Under-hyped)، نەك زیادەڕۆیی لە ناساندنیدا كرابێت. ئەمە تەنیا ڕای كەسیی منە.
من خۆم یەكێك لەو چەندین پڕۆژەی سەنتەری زانیارییانەم دەست پێكرد بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەم بابەتە بكەم و سەنتەری زانیاری بنیاد بنێم، دەتوانم بە كورتی پێتان بڵێم چ ئەنجامێكمان دەست كەوتووە. یەكەم، تۆڕی بەیەكەوەبەستنی كارەبا بەرگەی ئەم هەموو فشارە و ئەو وزە نوێیە ناگرێت كە پێویستە. سویچی پێویست، وایەری پێویست و سیستەمی بەڕێوەبردنی پێویست لە ئارادا نییە. ئەو «ڕیزانەی بەیەكەوەبەستن» كە پێیان دەوترێت (Interconnection Queues) زۆر درێژن و كاتی زۆریان دەوێت.
بۆیە، ئێستا خەڵك پەنا دەبەنە بەر دروستكردنی سەنتەری زانیاری لە شوێنە دوورەدەستەكاندا كە وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی تایبەت بە خۆیان هەیە. زاراوە تەكنیكییەكە بۆ ئەمە بریتییە لە «لە پشت پێوەرەوە» (Behind the meter). ئەوەی ئەوان دەیكەن ئەوەیە كە سەنتەری زانیاریی زەبەلاح دروست دەكەن كە بە هەوا سارد دەكرێنەوە، ئەمانە لە بنەڕەتدا سیستەمی ساردكەرەوەی هەوایین. ئەوان هێندەی ئێوە بیری لێ دەكەنەوە، ئاو بەكار ناهێنن، تەنیا ئەو ئاوەی بەكاری دەهێنن بۆ گواستنەوەی گەرمیی ناوەكییە و بڕێكی زۆر كەم ئاو لە دەست دەچێت. بەڵام، بە بڕێكی شێتانە كارەبا بەكار دەهێنن.
ئەم سەنتەرانە بە «مێگاوات» دەپێورێن. گەورەترین سەنتەرەكانی زانیاری ئێستا لە قۆناغی یەك بۆ دوو «گیگاوات»دان. خەڵكانێك هەن باسی ئەوە دەكەن كە تێچووی تەنیا یەك سەنتەری زانیاریی «یەك گیگاواتی» نزیكەی پەنجا ملیار دۆلارە، جەخت دەكەمەوە، ڕەنگە بپرسن چۆن دەكرێت خەڵكانی ناو پیشەسازییەكەی من هێندە شێت بن كە ئەو هەموو پارەیە كۆبكەنەوە و سەنتەری زانیاری بنیاد بنێن؟ وەڵامەكە ئەوەیە: ئەوان خواستەكە (Demand) دەبینن.
لە پیشەسازییەكەی مندا گۆڕانكارییەك ڕووی داوە، ئەگەر دەتەوێت پارەی زیاتر پەیدا بكەیت، پێویستت بە سێرڤەری زیاترە، چونكە سێرڤەرەكان ئەو ئامرازەن كە پارەكەت بۆ بەرهەم دەهێنن، چونكە ئەوان «لۆژیك و بیركردنەوە» (Reasoning) بەرهەم دەهێنن. ئەگەر گۆڕانكارییەكی گەورە لە بواری ئەلگۆریتمەكانی زیرەكیی دەستكرددا ڕوو نەدات، كە ببێتە هۆی گۆڕینی ئەو «تەلارسازییەی ترانسفۆرمەر» (Transformer Architecture) كە لە ساڵی ٢٠١٧ لە گووگڵ داهێنرا (سوپاس بۆ گووگڵ)، ئەوا ئێمە تا ڕادەیەك لەناو ئەم پێكهاتەی تێچووەدا گیر دەخۆین.
بۆیە ڕای كەسیی من ئەوەیە، ئێوە دەبینن كە لە ناوچە دوورەدەستەكانی ئەمریكا ئەم وێستگانەی وزەی «پشت پێوەر» بنیاد دەنرێن. هەرچەندە كاتێكی زۆری دەوێت تاوەكو تۆرباینەكان و هەموو پێداویستییەكان دابین دەكرێن. پێموایە سنووری ڕاستەقینەی بەردەم گەشەی زیرەكیی دەستكرد «وزە» نییە، بەڵكو لە ڕاستیدا «پارەی كاشە»، چونكە كاتێك تێچووی ئەمانە كۆ دەكەیتەوە، با ژمارەكان وەك خۆیان وەربگرین، ئەگەر یەك گیگاوات ٥٠ ملیار دۆلاری تێ بچێت، ئەوا ١٠ گیگاوات دەكاتە نیو تریلیۆن دۆلار.
ئایا چەند كۆمپانیا، یان وڵات هەن كە بتوانن تریلیۆنێك دۆلار سەرمایە بدەن بە پیشەسازییەك؟ زۆر زۆر كەمن. چینییەكان بێگومان دەتوانن ئەوە بكەن، بەڵام من نازانم ئایا خەریكن دەیكەن، یان نا، هەوڵ دەدەم لەوە بكۆڵمەوە. لە ئەمریكادا، خەڵكانێك هەن كە هیوایان وایە ئەمە ڕوو بدات. جێگەی سەرنجە كە تۆ دەتوانیت پارە بۆ ئەم پڕۆژانە دابین بكەیت، چونكە بلیمەتی و زیرەكیی بازاڕی سەرمایەی ئەمریكا ڕێگەمان پێ دەدات، ئەو جۆرە بڕە پارە گەورانە بە قەرز وەربگرین. بۆ نموونە، ئەوروپییەكان ناتوانن كارێكی وا بكەن، كە ئەمەش وای كردووە كەمێك نیگەران و دڵگران بن. بەڵام لە كۆتاییدا، ئەمە بۆ ئەمریكا كارێكی زۆر باشە.
ململانێی زیرەكیی دەستكرد
لە نێوان قۆرخكاریی ئەمریكی و كرانەوەی چینیدا
لەم بەشەدا، ئێریك شمیت باس لە مۆدێلە سەرچاوە كراوەكانی (Open Source) وڵاتی چین دەكات. ئەم بەشەی قسەكانی زۆر جێگەی سەرنجە، چونكە ئێریك بە ڕاشكاوی دژی بیرۆكەی مۆدێلە سەرچاوە كراوەكان دەوەستێتەوە. ئەگەر بە وردی چاودێری چاوپێكەوتنەكانی ئەم كەسە بكەین، دەبینین هەر كاتێك پرسیاری مۆدێلە سەرچاوە كراوەكانی لێ دەكرێت، یەكسەر دەست دەكات بە ترساندنی خەڵك و دەڵێت: ئەم مۆدێلانە بۆ مرۆڤایەتی مەترسیدارن. ڕاستگۆیانە بڵێم، ئەم جۆرە لێدوانانە مرۆڤ تووڕە دەكەن، چونكە ڕوونە كە كەسانی وەك ئەو دەیانەوێت دەسەڵاتی زیرەكیی دەستكرد تەنیا لای خۆیان بێت و قۆرخی بكەن. ئەوان نایانەوێت ئەم هێزە تەكنەلۆژییە لە دەستی خەڵكی ئاساییدا بێت.
ئەو لۆژیكەی ئەوان كاری پێ دەكەن سادەیە: دەیانەوێت هەموو دەسەڵاتەكە بۆ خۆیان بپارێزن و دواتر بە پارەیەكی خەیاڵی و بە شێوەی كرێ (Rent) بیدەنەوە بە بەكارهێنەران بۆ ئەوەی ملیاران دۆلار قازانج بكەن. ئەگەر سەرنج بدەن، هەموو كۆمپانیا زەبەلاحەكانی تەكنەلۆژیا لە ئەمریكا هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی مۆدێلەكانیان بە داپۆشراوی و بە «كۆدی داخراو» (Closed Source) بهێڵنەوە. ئەوان ڕقیان لە زیرەكیی دەستكردی سەرچاوە كراوەیە، چونكە لەوێدا ناتوانن قازانجی دارایی گەورە بكەن. ئێستا كە كۆمپانیا چینییەكان بێ گوێدانە لایەنی دارایی، مۆدێلەكانیان بە شێوەی سەرچاوەی كراوە دەخەنە ڕوو، ئەم ملیاردێرە ئەمریكییانە زۆر نیگەران و بێزار بوون. مەسەلەكە پاراستنی مرۆڤایەتی نییە، بەڵكو تەنیا و تەنیا مەسەلەی پارە و هەژموونە.
مۆدێلە نوێیەكانی زیرەكیی دەستكرد
دەبنە هۆی دروستبوونی هێرشی ئەلیكترۆنیی مەترسیدار
ئێریك شمیت:
هێنری كیسینجەر، زۆر نیگەران بوو لە كێبڕكێی نێوان ئەمریكا و چین لە بواری زیرەكیی دەستكرددا، پێیوابوو ئەم ململانێیە دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێكی ناسەقامگیر لە جیهاندا. ئەو باوەڕێكی زۆر بەهێزی بەم بابەتە هەبوو، بۆیە دەستی كرد بە ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی ناسراو بە «تراكی دووەم» (Track 2 dialogue) لەگەڵ چینییەكان، كە تا ئێستاش بەردەوامە. با نموونەیەكتان بۆ بهێنمەوە، ئەگەر سەیری مۆدێلی «میسۆس» (Methos) بكەن، كە مۆدێلێكی زۆر بەهێزی كۆمپانیای ئەنتڕۆپیكە (Anthropic)، ئێمە بە كۆی دەنگ پێمانوایە كە ئەمە تەنیا سەرەتای زنجیرەیەك مۆدێلی زۆر كارایە كە توانای ئەنجامدانی هێرشی ئەلیكترۆنییان (Cyber attacks) هەیە. بێگومان ئەمە شتێكی دڵخۆشكەر نییە. ڕەنگە بۆ كەسێك كە لە دۆخی هێرشبەریدایە باش بێت، بەڵام بۆ كۆمپانیایەك، یان سوپایەك كە دەیەوێت بەرگری بكات، كارەساتە.
دەبێت بەم شێوەیە بیر لە بابەتەكە بكەینەوە: ئێستا مۆدێلگەلێكی یەكجار بەهێزمان هەیە كە دێنە ناو بازاڕەوە. پرسیارەكە ئەوەیە چەند دانە لەم مۆدێلانە بوونیان دەبێت؟ لە ئێستادا چوار، یان پێنج مۆدێلی زۆر بەهێز لە ئەمریكا هەن، بە لایەنی كەمەوە سێ مۆدێلی تاقانە و بەهێزیش لە چین هەن، چەند دانەیەكی دیكەش لە شوێنانی دیكە پەیدا دەبن. با بڵێین بە گشتی دە مۆدێلی لەو شێوەیەمان هەیە. ئێستا، ئێوە دەتانەوێت جیهان چۆن ڕێك بخەن؟ ئایا دەتوانین كۆبوونەوەیەك بكەین كە تێیدا هەموو لایەنەكان لەسەر دانانی سنوورێك ڕێك بكەون؟
كێشەكە لێرەدا ئەوەیە: وای دابنێ من و تۆ لە دوو بەرەی دژبەرین (كە هیوادارم هەرگیز وا نەبێت)، ئێمە ڕێك دەكەوین كە سنوورەكان نەبەزێنین. بەڵام دواتر من شتێك بنیاد دەنێم، كە تۆش دەزانیت خەریكی دروستكردنیم و زۆر پێشكەوتووە، لێرەدا من دەتوانم بە شكاندنی ڕێككەوتنەكە و پێشكەوتنم لە تۆ، باڵادەستییەكی گەورە بەدەست بهێنم. ئەمە زۆر لە سیستەمی «ئۆپێك» (OPEC) دەچێت. تا ئێستا ئێمە زمانێكی هاوبەشمان لە نێوان وڵاتاندا نییە بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بكەین. ئیدارەی ترەمپ دەركی بەمە كردووە و دەیەوێت كار لەسەر ئەم ڕێكخستنە بكات، كە من پێموایە هەنگاوێكی زۆر باشە.
كێشەی ناسەقامگیریی جیهانی لەوەش قووڵترە. مۆدێلی «میسۆس» تەنیا نموونەیەكی باشە كە هەمووان دەیناسن، بەڵام كێشە گەورەكە لێرەدایە: مۆدێلە چینییەكان سەرچاوە كراوەن و كێشی مۆدێلەكانیان (Open Weights) بەردەستە. ئەمە واتای ئەوەیە ئەگەر بتەوێت مۆدێلی وەك DeepSeek V4 وەربگریت و توانایەكی وێرانكەری بۆ زیاد بكەیت، دەتوانیت. ئەگەر تۆ مرۆڤێكی شەڕانگێز بیت، دەتوانیت ئەمە بكەیت. من ناڵێم چینییەكان خۆیان ئەمە دەكەن، بەڵام كەسانی خراپەكار لەم جیهانەدا بوونیان هەیە، پرسیارەكە ئەوەیە ئێمە چۆن بزانین كێ ئەمەی كردووە؟ چۆن سیاسەتی دروست بكەین و چۆن چاودێری بكەین؟
لانی كەم لە مۆدێلە ئەمریكییە گەورەكاندا، هەموویان لەژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیادان و خاوەندارێتییان پارێزراوە (Proprietary). ئێمە دەزانین پەیوەندی بە كێوە بكەین، سوپا دەتوانێت پەیوەندییان پێوە بكات، پۆلیس دەتوانێت و.. هتد. بەڵام ئەگەر ئەم تەكنەلۆژیایە بە شێوەی سەرچاوەی كراوە بڵاو ببێتەوە، ئەوەندە مەترسیدار دەبێت كە دەكرێت تیرۆریستێكی جۆری نوێ یان ئەكتەرێكی تەنیا (Lone Actor) لێیەوە سەرهەڵبدات. بێگومان ئێمە دەمانەوێت لەوە دوور بكەوینەوە. دەمانەوێت ددانی پێدا بنێین كە ئەمە ئەگەرێكی كراوەیە و دەمانەوێت پێشوەختە ڕێگری لێ بكەین، ئەمەش پێویستی بە ڕێككەوتنی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە.
بۆ داخستنی دەرگای داهێنان
شمیت پەنا بۆ سیاسەتی ترساندن دەبات
ئەم گوتارەی ئێریك شمیت، نیشاندەری قووڵیی ئەو درزە فیكری و ئابوورییەیە كە لە جیهانی تەكنەلۆژیادا دروست بووە. كاتێك شمیت باس لە مەترسیی «تیرۆریستی نوێ» یان «هێرشی ئەلیكترۆنی» دەكات، لە ڕاستیدا پەنا بۆ «سیاسەتی ترساندن» دەبات، تاوەكو پاساو بۆ داخستنی دەرگای داهێنان بە ڕووی خەڵكی ئاساییدا بهێنێتەوە.
لە لایەكەوە، كۆمپانیا چینییەكانی وەك DeepSeek بە بڵاوكردنەوەی مۆدێلەكانیان بە شێوەی «كێشی كراوە» (Open Weights)، شۆڕشێكیان لە دیموكراتیزەكردنی زیرەكیی دەستكرددا كردووە. ئەمە ڕێگە بە توێژەران و گەشەپێدەرانی هەموو جیهان دەدات بەبێ دانی پارەیەكی زۆر بە «OpenAI» یان «Google»، پەرە بە سیستەمەكانی خۆیان بدەن، ئەمەش ڕێك ئەو خاڵەیە كە بەرژەوەندیی ملیاردێرەكانی سیلیكۆن ڤالی دەخاتە مەترسییەوە.
شمیت، بە بەراوردكردنی دۆخی زیرەكیی دەستكرد بە «ئۆپێك»، دەیەوێت بڵێت كە ئەم تەكنەلۆژیایە وەك نەوت وایە و دەبێت تەنیا لەژێر دەستی چەند وڵات و كۆمپانیایەكی كەمدا بێت، تاوەكو نرخی بازاڕ و ئاراستەی بەكارهێنانی كۆنتڕۆڵ بكەن. بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە كە زیرەكیی دەستكرد «كۆد» و «بیركارییە»، نەك سەرچاوەیەكی سرووشتیی سنووردار. كاتێك دەڵێت: «ئێمە دەزانین پەیوەندی بە كێوە بكەین»، مەبەستی ئەوەیە كە دەوڵەت و كۆمپانیا زەبەلاحەكان دەبێت مۆنۆپۆڵی زانیاری بكەن، ئەمەش ڕێك پێچەوانەی ئەو فەلسەفەیەیە كە ئینتەرنێتی لەسەر بنیاد نراوە.
لە كۆتاییدا، ململانێی نێوان «سەرچاوەی كراوە» و «سەرچاوەی داخراو» تەنیا شەڕی تەكنەلۆژیا نییە، بەڵكو شەڕی دەسەڵاتە. ئایا زیرەكیی دەستكرد دەبێتە ئامرازێك بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی و گەشەی ئابووریی گشتی، یان دەبێتە چەكێكی نوێ لە گیرفانی چەند ملیاردێرێكی كەمدا بۆ ئەوەی هەموو جیهانی پێ كۆنتڕۆڵ بكەن؟ قسەكانی شمیت، باسی هەر مەترسییەك بكەن، ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە كە ئەوان لەوە دەترسن «كۆنتڕۆڵ» لە دەستیان بچێت.
