هەمووان لە بەردەم ئەرک وبەرپرسیارێتییەکى مێژوویی،نەتەوەیی ونیشتیمانیی گەورەدا

هەمووان لە بەردەم ئەرک وبەرپرسیارێتییەکى مێژوویی،نەتەوەیی ونیشتیمانیی گەورەدا

 

وێراى لێکتێگەیشتننامە و ڕێککەوتننامەیەکى 60 رۆژى ، بەڵام ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەبەردەم ئاگرێکى بەرفراوان و گرژییەکى توندى نێوان ئەمەریکاوئیسرائیل بەرامبەر ئێراندایە کە تێیدا هەموو هاوکێشە سیاسى وئەمنییەکانى بەشێوەیەک ئاڵۆز وگرژ کردووە ، دیار نییە بە چ ئاقارێک دەروات ، لەو نێوەشدا عێراق وەک هەمیشە بووەتە شوێنکى سەرەکى بەریەککەوتنى ئەم جەنگە ئەویش بەڕێگەى میلیشیا لەیاسا دەرچوو و دروستکراوەکانى دەستى ئێران
لە نێو ئەو ڕەشەباو گەردەلوولەى کە لەناوچەکەدا هەڵى کردووە ، هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى و سیاسى ، هەردەم لە ژێر هەڕەشە و پەلاماردان و گەمارۆدانى ئاگرەکەى دەوروبەردا بووە ، جگە لەو مەترسییە دەرەکییانە ، کێشە وئاڵنگارییەکى دیکەى هەیە لەکوردستاندا ئەویش دۆخى چەقبەستوویی سیاسییە کە کاریگەرى لە سەر هەنگاوە کارگێڕییەکانى حکوومڕانى کوردستان و ئاستى خزمەتگوزارییەکان کردووە
هەموو ئەو کێشانە لەکات وساتێکدایە ، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاریی ونەخشەى نوێ هەنگاو دەنێت و گرنگ و زەروورەتە گەلى کورد و گشت هێزولایەنە سیاسییەکان کار بۆ یەکڕیزى و تەبایی نێوماڵى کوردستانى بکەن ، چونکە درێژەکێشانى چەقبەستوویی سیاسى بۆ پۆست و وەزارەتێک و پێشخستنى بەرژوەندى حزبى لە پێش بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمانەکەت ، زیانى گەورەى لێدەکەوێتەوە ، بەتایبەتى پەکخستنى باڵاترین دامەزراوەى یاسادانانى وەک پەرلەمانى کوردستان و ئینجا دواخستنى پێکهێنانى حکوومەتى نوێی کوردستان ، کاریگەرى لەسەر سەنگ و پێگەى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان لەنێو ئەو ململانێی و ئاڵنگارییانەى ناوچەکە بەجێدەهێڵێت
هەر بۆیە ، بەگەڕخستنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەتى نوێی کوردستان، تەنها کارێکى سیاسى و فریادرەسى هەرێمى کوردستان نییە لە بۆشایی یاسایی ، بەڵکو ویستى جەماوەرى ،نیشتیمانى و ڕێزگرتنە لە ئیرادە و دەنگى خەڵک و هەروەها ستراتیژییەکە لە پێناو پارێزگاریکردن لەم قەوارەیە وگرنگیدان بە ژیانى کوردستانیان و گەشەپێکردن و خزمەتگوزارى بۆ هەمووان
بۆ ناکرێت ، چیتر بەهۆى بەرژوەندییە کەسى وحزبییەکانەوە ، خەڵکى کوردستان لە ترس و نیگەرانى بۆ داهاتوو بڕوانن ،گرنگە هەنگاوەکان خێرا بکرێت و هەمووان لە ئاست بەرپرسیاریەتیی مێژوویی و نیشتیمان دابن , بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى حکوومەتێکى بەهێز و نیشتیمانى تا وەکو بتوانێت پارێزگارى لە مافەرەوا دەستوورییەکانى هەرێمى کوردستان بکات لە بەغدا و بەهێزیشەوە ڕووبەڕووى فشار و ململانێییە ناوچەییەکان ببێتەوە
بەدڵنییاییەوە ،بەردەوامیی ئەم بۆشاییە سیاسى و یاساییە ، نەک هەر کاریگەرى لەسەر سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستان بەرامبەر گفتوگۆ و دانووستانەکان لەگەڵ عێراقى فیدراڵى دادەنێت ، بەڵکو لە سەر ئاستى ناوچەکەو نێودەوڵەتى تواناکانى کوردستان لاواز و بێ متمانە دەکات بەتایبەتى لەڕووى خۆبەڕێوەبردنەوە ، گرنگە و زەروورەتە لەم قۆناغە هەستیارەدا ، هەموو هێزولایەنە سیاسییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکى مێژوویی و نەتەوەیی ونیشتیمانیی گەورە هەڵبگرن ، هەمووان بەرامبەر خوا و خوێنى شەهیدان و خەبات و تێکۆشانى دەیان ساڵەى پێشمەرگە و دڵسۆزانى ئەم نیشتیمانە بەرپرسیارن ، چونکە ناکرێت بەهۆى بەرژوەندیی تەسکى حزبى و کەسى ئەم دەرفەتە زێڕێنەى پارێزگاریکردن لە قەوارەى کوردستان لەدەست بدرێت و سوودیش لە دەرفەتەکانى بەردەمان بەهۆى ململانێ و ناکۆکییەکانەوە وەرنەگرین
ئەمڕۆ ئەو قۆناغە مێژووییەى گەلەکەمانە ،کە تێیدا گشت هێزولایەنەکان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەىەکى مێژوویی بەرامبەر تێکۆشان و قوربانیدان وخەباتى چەندین ساڵەى گەلى کورد ، ئەویش بە ڕەچاوگرتنى بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان بخرێتە پێش هەموو بەرژوەندییەکى دیکەوە ، ئەویش بە هەست کردن بەو هەڕەشە و مەترسیانە و ڕووداو و پێشهاتانەى کە ناوچەکە هەیە و کەکاریگەرییان لەسەر عێراق و کوردستانیش هەیە ، بۆیە کاتى ئەوە هاتووە ڕێز لە ئیرادەى گەلى کورد بگیرێت و پەرلەمانێک کە موڵکى پێشمەرگە ، هەموو کوردستانییەکە کارا بکرێتەوە و حکوومەتێکى نوێی وبەهێزتر لە پێناو خزمەتکردنى کوردوکوردستان پێکبهێنڕێت ، چونکە تاکە قەڵغانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى کێشە و مەترسییەکان ، بەتەبایی و یەکهەڵوێستى هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتیی مێژوویی بۆ ئێستا و داهاتوویی گەلەکەمان

Top