شەیدا محەمەد حسكۆ: سروشتی ئافرەت خولقێنەرە و دەتوانێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بخولقێنێت

شەیدا محەمەد حسكۆ:  سروشتی ئافرەت خولقێنەرە و دەتوانێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بخولقێنێت

 

 

شەیدا محەمەد حسكۆ خانمە گەنجێكی بە توانا و لێهاتوو و بە ئەزموونی كوردستانە، وێڕای ئەوەی خاوەنكار و بزنسی خۆیەتی لە هەمان كاتیشدا لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە وانەی گەشبینی و بڕوابەخۆبوون پێشكەش بە هەوادارانی دەكات، بەردەوامیش خولی تایبەت بە ڕێنمایی و گەشەپێدانی خود دەكاتەوە.

شەیدا محەمەد حسكۆ لە ساڵی 1995 لەدایك بووە و بەشی زانستی كۆمپیوتەری تەواو كردووە، هاوسەردارە و دایكی دوو منداڵی جوانە، وەك خۆی باسی دەكات ماوەی دوو ساڵە لە بواری سۆشیال میدیادا ئەكتیڤە، لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ كاركردن دەكات و هەنگاوەكانی ناسین و پیشخستنی خود بۆ كەسانی دەوروبەری كورت تر دەكاتەوە.

 

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«زۆر لە مێژەیە كار لەسەر بابەتی دەروونی دەكەم بەڵام نزیك دوو ساڵە لە سۆشیال میدیادا ئەكتیڤم، من كاری تایبەتی خۆمم هەیە و بزنس دەكەم، بەڵام وەكو خولیایەك لە ڕێگەی پەیجی «گەشبین بە» یارمەتی خەڵك دەدەم بۆ ئەوەی گەشبینانەتر و باشتر بژین، بە گشتی ئیش لەسەر بروابەخۆبوون، سەركەوتن و پارەداری دەكەم، بەتایبەتیش بۆ هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان هەوڵدەدەم، كە چۆن ئەوان گەوهەری ناخیان بدۆزنەوە و بزانن كە چەند پێگەیەكی گرنگیان لە كۆمەڵگەدا هەیە، وەك دەزانین سروشتی ئافرەت خولقێنەرە لەبەر ئەوە ئەو دەتوانێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بخولقێنێت، دەكرێ بتوانن سوود لەم خولقێنەربوونەی خۆیان ببینن و لە هەموو بوارەكانی ژیانیاندا سەركەوتووتر بن، ئەو زانیارییانەی كە لە پەیجەكەمەوە لەگەڵ بینەرەكانم دابەشی دەكەم سەرەتا وەكو حەزێك و چێژێك بۆ خۆم دەستم پێكرد و سوودی زۆرم لێی بینی، بەهۆیەوە ژیانم زۆر گۆڕا و شێوازی بیركردنەوە و تێڕوانینم بۆ ژیان زۆر زیاتر گەشەی كرد، خێر و بەرەكەت و سەركەوتنی یەك لە دوای یەك ڕوویان تێكردم، ئیدی گوێم بەوەنەدا كە ئیشی خۆمم هەیە و نابێت لەو بوارەشدا ئەكتیڤ بم، بڕیارمدا دەستپێبكەم چونكە هەم چێژم لێی دەبینی هەمیش ویستم وەكو میراتێك ئەوەی دەیزانم بیبەخشم و لە دوای خۆمدا بەجێبهێڵم، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییەكی زۆرباش لە كارەكەم كرا و نامەی زۆرم بۆ دەهات و ڕێنماییەكانم بوونە هۆكاری چارەسەربوونی كێشەكان، توانیشم سوود بەو كەسانە بگەینم كە هانام بۆ دێنن، هەر لە تەمەنی هەرزەكارییەوە بە دوای سەرچاوەكانی زانستی دەروونیدا دەگەڕام و كتێبم دەخوێندەوە و میدیتێشنم دەكرد، دواتر هەنگاو بە هەنگاو بینیم ژیانم چەند دەگۆڕێت، گەیشتم بەو قەناعەتەی كە هەر شتێك لە دەوروبەرمان كە ڕوو دەدات ڕەنگدانەوەی ناخی مرۆڤەكانە، واتە ڕەگی كێشەكان دەگەڕێتەوە بۆ ناخی خۆمان، چ بە بیرۆكە و بیركردنەوەی نەرێنی بێت یان ئەو شتانەی بە منداڵی لە ژیانماندا ڕوویداوە، بۆیە كە لە ناخی خۆماندا كێشەكە چارەسەر دەكەین دنیای دەرەوەش دەگۆڕێت و ژینگەكەمان ئارامتر و سەقامگیر تر دەبێت، هەموو ئەوانە هانیاندام كە ئەو زانیاریانە بگەینم بە خەڵك بە تایبەتی توێژی خانمان».

شەیدا محەمەد حسكۆ سەبارەت بە پڕۆژە و بیرۆكەی داهاتووی كارەكەی دەڵێت: «حەز دەكەم لە داهاتوودا پڕۆژەی گەشبین بە گەورەتر بكەم و بیكەم بە ڕێكخراوێك و لە شوێنە جیاوازەكانی كوردستان لە ڕێگەی سیمینار و كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆرسەوە خزمەت پێشكەش بە خانمان بكەم. من وەكو ئافرەتێكی خاوەنكار و دایكێكی بە ئەزموون توانیومە كارەكانم بە ڕێكوپێكی ڕایی بكەم، پلانی ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانەم هەیە تەنانەت بۆ ساڵەكەشم پلان دادەنێم، پێموایە هەر ئافرەتێك كە بە پلان و بەرنامە كاربكات دەرەنجامی باشتری دەبێت».

گوتیشی: « هەر ئافرەتێك بیەوێت سەركەوتوو بێت پێویستە لە ڕووی دارایی و سۆزدارییەوە سەربەخۆ بێت، واتا دەستی لە گیرفانی خۆیدا بێت و بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، لە كاتێكدا ئەگەر هاوسەرەكەی یان باوك و براكانی خەرجی بدەن ئاساییە و جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام ئافرەت كە سەربەخۆیی دارایی خۆی هەبێت، لە كاتی قەیران و كێشە و گرفت ناكەوێتە ژێر كاریگەری دەوروبەر و ناتوانن كۆنتڕۆڵی بكەن، لەلایەكی دیكەوە كاتێك ئافرەت دەگاتە ئەو ئاستەی كە خۆی بتوانێت خۆی دڵخۆش بكات و پلان و بەرنامەی خۆیی هەبێت و كات بۆ خۆی تەرخان بكات ئەوە ئەوپەڕی بڕوابەخۆبوونە، چاوەڕێی ئەوە نابێت كە پیاوێك بێت و دڵخۆشی بكات، واتا پیاو بە قۆرییەكەی عەلائەدین نابینێت، هەر كاتێكیش ئافرەت توانی ئەوە بكات ئیدی چیدیكە باج بۆ خۆشەویستی نادات و سواڵی خۆشەویستی ناكات، چاوەڕێ ناكات كەسێك گرنگی پێبدات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بوونی هاوژینی باش لە ژیانی ئافرەتدا نایابە، بەڵام بە نەبوونی ئەوە ئافرەت نابێت بڕووخێت.

ئافرەت زۆر بەهێز و گەوهەرێكی بە نرخە، هەر كات توانی ئەو گەوهەرەی ناخی بدۆزێتەوە لەوە تێدەگات كە چەند لێهاتووە و كە خوای گەورە چەند گەورە و بەڕێز خەلقی كردووە، ئامۆژگاریم بۆ ئافرەتان ئەوەیە كە بگەڕێنەوە بۆ گەورهەری ناخیان و گرنگی بەخۆیان و بە ئامانجەكانیان و سەركەوتنەكانیان بدەن و ژیانێكی ئارام و شایستە بۆ خۆیان بنیاد بنێن، ئەگەر هاتوو ئافرەت تەركیزی لەسەر شتە لاوەكییەكانی ژیانی وەكو خەمخواردن بۆ ڕابردوو لاببات، ئەوا دەتوانێت بە بیركردنەوەی ئەرێنی ئەو وزە و هێزە لە بنیادنان و وەبەرهێنان بۆ سەرچاوەی داهات و پێشخستنی خۆی بەكاربهێنێت».

 

شەیدا محەمەد حسكۆ:  سروشتی ئافرەت خولقێنەرە و دەتوانێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بخولقێنێت
شەیدا محەمەد حسكۆ:  سروشتی ئافرەت خولقێنەرە و دەتوانێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بخولقێنێت
Top