هەولێر دەستی بە ئامادەكاری نوێكردنەوەی گرێبەستەكان كردوە
هەولێر دەستی بە ئامادەكاری نوێكردنەوەی گرێبەستەكان كردوە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی هەولێر یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی سەر ئاستی یانەكانی عێراقە لە خولی ئەستێرەكان و لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەكانی خولەكە دێت. لە ئێستادا كارگێڕیی یانەكە ئومێدی زۆری بەم تیپە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم وەرزە بە هەر جۆرێك بێت بتوانن سەركەون بۆ یەكێك لە خولە گەورەكانی دەرەوەی عێراق، دەستەی كارگێڕیی یانەكە پلانی ئەوەی هەیە بتوانێ دەست بە نوێكردنەوەی گرێبەستی دەستەی ڕاهێنەران و یاریزانان بكات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەنجامی باشتر بۆ وەرزی داهاتوو بەدەست بهێنن.لەم بارەشەوە سەفین یاسین سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر ئەوەی ئاشكرا كرد گوتی: چەندین ساڵە چاوەڕوانی ئەوەین یانەی هەولێر یەكێك لە پلەكانی پێشەوە بەدەست بهێنێت و بەشداری پاڵەوانێتیەكی دەرەوەی عێراق بكات.وەكو كارگێڕیی یانەی هەولێریش ئەمساڵ هەموو هەوڵێك دەدەین بتوانین لە یەكێك لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە بەشداربین، لەبارەی نوێكردنەوەی گرێبەستی دەستەی ڕاهێنەران و یاریزانانیش سەرۆكی یانەی هەولێر ئەوەشی ئاشكرا كرد لیژنەیەكمان داناوە بۆ ئەوەی دەست بە ئامادەكاری بكەین بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكان و قسەشمان لەگەڵ كاپتن باسم قاسم كردوە و ئەنجامەكانیشی وەكو پێویست بووە و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین گرێبەستی باش بكەین، یارییەكانیشمان هەمووی گرینگە و دەمانەوێ ئەنجامەكانمان باشتر بێت و بگەینە ئامانجەكەمان.
