لە ناوخۆدا ڕکابەرم نیيە
دیە تحسین یاریزانی دەستشكانەوەی پارێزگای سلێمانی
لە ناوخۆدا ڕکابەرم نیيە
یاری دەستشكانەوە یەكێك لەم یارییانەی كە ماوەیەكە هاتۆتە شارەكانی كوردستان و عێراق، لە پارێزگای سلێمانیش یەكەم پاڵەوانێتی دەستشكانەوەی یانەكانی عێراقی بەرێوەچوو، لە ئێستادا ئارەزومەندانی ئەم یارییە هەموو هەولێكیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانن گرنگیی زیاتر بەم یارییە بدەن بە تایبەتی لە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی بتوانن ئاستی ئەم یارییە ببەنە قۆناغێكی باشتر و بتوانن بەشداری پاڵەوانێتیەكانی دەرەوەی عێراقی بكەن. یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە ئارەزوویەكی زۆری بۆ ئەم یارییە هەیە ئەویش دیەتەحسین-ی كچە یاریزانی شاری سلێمانییە و بۆ یەكمجار بەشداری ئەم پاڵەوانێتیەی كرد و توانی پلەی دووەم بەدەست بهێنێت، دیە جگە لە یارییە جەنگییەكان خولییایەكی زۆری بۆ ئەم یارییە هەیە و دەیەوێ لە ئایندەیەكی نزیك بتوانی ئاست و ئەنجامی شایستە پێشكەش بكات، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە دیمانەیەكی لەگەڵی ئەنجامدا و وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو دنیای وەرزشت هەڵبژارد؟
- وەرزش بۆ من تەنها خولیا نەبووە، بەڵکو لە تەمەنی ٥ ساڵییەوە بەشێک بووە لە ژیانم. بە جوملاستیک دەستم پێکرد و دواتر بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە کاراتیدا بەردەوام بووم تا گەیشتمە پشتوێنی ڕەش (دان ٢). ئەم ڕابردووە وای لێکردم هەمیشە بەدوای تەحەدای نوێدا بگەڕێم.
*لەنێو ئەو هەموو یارییە وەرزشییە چۆن بوو دەستشکاندنەوەت هەڵبژارد؟
- دوای ساڵانێکی زۆر لە کاراتی ، ویستم لە بوارێکی تریشدا هێز و ئیرادەی خۆم تاقی بکەمەوە. دەستشکاندنەوە یارییەکی پڕ لە تەکنیک و هێزە، ویستم بیسەلمێنم کە کچی کورد دەتوانێت لەم یارییە قورسانەشدا پێشەنگ بێت.
* هەست ناکەی یارییەکی قورست هەڵبژاردووە؟
- بێگومان قورسە، بەڵام چێژی وەرزش لە قورسییەکەیدایە. بۆ من کە لە تەمەنی ٥ ساڵییەوە لەناو ئازار و ماندووبوونی وەرزشدام، قورسی نابێتە ڕێگر. من نەک هەر وەک یاریزان، بەڵکو وەک داوەریش چوومە ناو ئەم یارییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنم هیچ شتێک بۆ ئێمە ئەستەم نییە.
* ئاستی یاری دەستشکاندنەوە چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- ئاستەکەی بەرەو پێش دەچێت، بەڵام هێشتا وەک پێویست گرنگیی بە لایەنی خانمان نەدراوە. من وەک یەکەم خانمی کورد کە وەک داوەر لە پاڵەوانێتی عێراقدا بۆ یاری کوڕان دەستنیشان کرام، هەستم کرد تینوێتییەکی زۆر هەیە بۆ ناساندنی ئەم وەرزشە بە شێوەیەکی زانستی و یاسایی.
* چی بکرێت باشە بۆ بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە؟
- پێویستمان بە کردنەوەی خولی داوەری و ڕاهێنانی بەردەوام هەیە بۆ خانمان. هەروەها میدیاکان دەبێت زیاتر تیشک بخەنە سەر پاڵەوانەکانی ئەم بوارە بۆ ئەوەی کچانی تریش جورئەت بکەن و بێنە پێشەوە.
* هۆکاری چییە یانەکانی کوردستان تیپ دروست ناکەن و یارییەکەیان پشتگوێ خستووە؟
-ڕەنگە بەهۆی ئەوەبێت کە وەک وەرزشێکی تەنها "هێزی" سەیری دەکەن، بەڵام ئەمە وەرزشێکی جیهانییە. پشتگوێخستنی ئەم یارییە زیان بە ناوبانگی وەرزشی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە ئێمە پاڵەوانمان هەیە کە دەتوانن لەسەر ئاستی جیهان کێبڕکێ بکەن.
* بەرنامەت چییە بۆ داهاتووی خۆت وەک کچە پاڵەوانێک؟ بەرنامەم ئەوەیە پەرە بە ئاستی داوەری و یاریزانی خۆم بدەم. من تەنها بەم ئاستەی ئێستەمەوە ناوەستم، ئامانجم ئەوەیە لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا ئاڵای کوردستان بەرز بکەمەوە و ببمە هاندەرێک بۆ دروستبوونی تیپێکی بەهێزی خانمان.
* سەرکەوتن چی هەستێکت پێ دەبەخشێت؟
- سەرکەوتن هەستی شانازی و بەرپرسیارێتییە. کاتێک وەک داوەر بڕیارێکی ڕاست دەدەم یان وەک یاریزان مەدالیا دەبەمەوە، هەست دەکەم ماندووبوونی ئەو هەموو ساڵەی ڕابردووم و ئەو ڕاهێنانە قورسانەی شەوانە ئەنجامی دەدەم، بەفیڕۆ نەچووە.
*کێ بە ڕکابەری خۆت دەزانی؟
- لە ناوخۆدا ڕکابەرم نیە، بۆیە لە پاڵەوانێتی عێراقدا یاریزانی ئێرانییان بۆ هێنام کە خاوەن ئەزموون بوون. من ڕکابەری هەر کەسێک دەکەم کە لە من بەهێزتر بێت، چونکە ڕکابەری بەهێز وادەکات منیش ئاستم بەرزتر بکەمەوە.
* هیوا و ئاواتت وەک کچە وەرزشکارێک و پاڵەوانێکی ئەم یارییە چییە؟
- ئاواتم ئەوەیە چیتر تاقانە نەبم! دەمەوێت کچانی تریش بێنە ناو مەیدانەکە. هیوادارم ڕۆژێک بێت یاری دەستشکاندنەوەی خانمان لە کوردستان ببێتە یەکێک لە سەرەکیترین وەرزشەکان و ئێمە وەک کورد لە جیهاندا بناسرێین.
- بۆچی کچان یان کوڕانیش بەکەمی ڕوو لەم وەرزشە تازەیە دەکەن؟
- لەبەر ئەوەی زانیارییان لەسەری کەمە و زۆرجار بە یارییەکی مەترسیدار دەبینرێت. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی و لەژێر چاودێری داوەری وەک ئێمەدا بێت، یەکێکە لە جوانترین وەرزشەکان.
* خانەوادە و ڕاهێنەرەکەت تا چەند پاڵپشتیت دەکەن و هان دەدەن؟
- پاڵپشتی خێزانەکەم و ڕاهێنەرەکەم گەورەترین سەرمایەی منە. ئەگەر پاڵپشتی ئەوان نەبوایە، نەدەگەیشتمە ئەم ئاستەی ئێستا کە هەم داوەر بم و هەم یاریزان. ئەوان هەمیشە هانم دەدەن کە لە ڕاهێنانە قورسەکانم بەردەوام بم
* ئەگەر لە کۆتاییدا شتێک ماوە ؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەم دەرفەتە. پەیامم بۆ هەموو کچێک ئەوەیە: مەهێڵن قسەی خەڵک یان قورسی وەرزشێک پاشەکشەتان پێ بکات. وەک چۆن من لە ٥ ساڵییەوە تێدەۆشم، ئێوەش دەتوانن. ئێمە دەبێت قوربانی بدەین بۆ ئەو شتانەی کە دەمانەوێت بەدەستی بهێنین.
