نووسەر و لێكۆڵەر(ڕزگار سەعید)دوو كتێبی نوێی بەرهەمهێنا
نووسەر و لێكۆڵەری كورد(ڕزگار سەعید)دوو كتێبی نوێی بەرهەمهێنا كە تایبەتن بە هونەری سیرامیك,(شارەزابوونی راكوو) و (گڵجۆشی) دوو بەرهەمی نوێی ئەم نووسەرەیە,لە پانتاییەكی قوڵەوە باس لە تەكنیك و هونەری سیرامێك دەكات,كتێبەكان چەند ڕەهەندێكی هەیە,هونەرییە,مێژووییە,زانستییە,هاوكات فێركارییە و دەروازەیەكن بۆ ئەو كەسانەی سەرەتا دێنە نێو هونەری و سیرامیك گۆزەسازی,تاوەكو ئارەزوومەندانی ئەم هونەرە بتوانن سوود لە ئەزموونی مێژووی هونەرەكە وەربگرن و بەشێوە زانستییەكەی هەنگاو بنێن,لە ناسینی جۆرەكانی قوڕ و چۆنیەتی كاركرن و تا قۆناغی تەواوبوونی,ئەم كتێبانە لەسەر ئەركی ناوەندی حەوت ڕەنگە چاپ كراوە.
كتێبی (شارەزابوونی راكوو) كە لە 215 ڵاپەڕە پێكدێت, ئەم کتێبە پراکتیکیانە باس لە پرۆسەی جۆشدانی ڕاکوو دەکات تا دواهەنگاوەکانی, بە ڕێنمایی دروست و میتۆدی جیاوازی گڵجۆشکارەکان, کە پەیامیان لەڕێی جۆری تەکنیکەوە نمایشکردووە, نەك لەڕێی پرۆژە هونەرییەکانیان, خودی تەکنیکەکە دەوڵەمەندە لە بیر و دیزاین و پلان کە دواجار لە پرۆسەی تێکڕای کارە هونەرییەکانیدا خۆی بینیوەتەوە,بابەتی قۆناغەکانی جۆشدانی ڕاکوو لە مێژووی سەرهەڵدانییەوە تا بە جیهانیبوونی بە ووردی باسکراوە, لەگەڵ ناسینی جۆرەکانی قوڕ, تەکنیك و فۆرم, دیزاین, شووشاندن,هەرەها دروستکردنی جۆرەکانی کوورە و چەندین مۆتیفی هونەرمەند و داهێنەرانی ڕاکووی جیهانی تێدایە.
هەروەها دووەم بەرهەمی چاپكراو پێكدێت لە كتێبی(گڵجۆشی) كە 268ڵاپەڕەیە,ئەم کتێبە پانتاییەکی قوڵی فۆرم و دیکۆرڕێژی داگیرکردووە, چەندین وێنە و شیکاریی جیاوازی لە خۆگرتووە کە تایبەتن بە تەکنیکەکانی گڵێنەسازی,واتە سەرجەم هەموو ئەو تەکنیکانە دەگرێتەوە کە لە بواری سیرامیکدا پەیڕەو دەکرێن,کەرەستەکان بە پێی کولتوور و شوناس و کاری مێژوویی پۆلێنکراون,ناسینی ماتریاڵە زانستییەکان و چۆنیەتی کارلێکردنیان بە مەبەستی بەکارهێنان و جوانناسی, توانیویەتی پشبڕکێیەکی فراوان درووست بکات لەناو هونەری گۆزەگەری دا,کتێبەکە چەندە هونەرییە ئەوەندەش کتێبێکی زانستی کیمیازانی فێرکارییە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
