جوان بەدرخان كەلتووری كوردستان دەباتە سەر ستەیجە جیهانییەكان

جوان بەدرخان كەلتووری كوردستان دەباتە سەر ستەیجە جیهانییەكان

لە كۆتایی مانگی شوباتدا، شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بووە ناوەندی سەرنجی جیهان بۆ نمایشكردنی نوێترین داهێنانەكانی بواری مۆدە و دیزاین. لە «هەفتەی مۆدەی لەندەن»دا (London Fashion Week)، كە یەكێكە لە چوار گەورەترین و گرنگترین ڕووداوەكانی مۆدە لە جیهاندا، كۆمەڵێك لە بەناوبانگترین دیزاینەرانی وڵاتان كۆ بوونەوە، لە نێو ئەم كەشوهەوا هونەرییەدا، ناوی دیزاینەری كورد «جوان بەدرخان» وەك ئەستێرەیەكی گەش درەوشایەوە.

جوان لە نمایشێكی تایبەتدا كە دوو ڕۆژی خایاند، بە ٢٠ پارچە جلی كوردیی ناوازە بەشداریی كرد، كە تێیدا ڕەسەنایەتی و مۆدێرنیتەی بە شێوازێكی هونەری تێكەڵ كردبوو.

جوان بەدرخان كەلتووری كوردستان دەباتە سەر ستەیجە جیهانییەكان

ئەزموونێكی دەوڵەمەند لە كوردستانەوە بۆ ئەوروپا

بەشداریكردنی جوان بەدرخان لە لەندەن بە ڕێكەوت نەبووە، بەڵكو ئەنجامی ساڵانێك كاركردن و داهێنانە. جوان پێشتر لە چەندین نمایشی گەورە و نێودەوڵەتیدا لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپا و هەروەها لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەشداریی كردووە. ئەم ئەزموونە فراوانە وای لێ كردووە كە بە شارەزاییەكی تەواوەوە بتوانێت ڕەنگ و نەخشە كوردییەكان بە شێوازێك دابڕێژێت، كە لەگەڵ ستانداردی جیهانیدا بگونجێت.

تاكە نوێنەری كورد

لە نێو هەموو ئەو دیزاینەرە جیهانییانەی ئامادە بوون، جوان بەدرخان تاكە دیزاینەری كورد بوو كە بەشداریی لەم چالاكییەدا كرد. ئەم بەشداریكردنە سەرنجی هەمووانی ڕاكێشا و بووە جێگەی سەرسامی و دەستخۆشیی بەشداربووان، دیزاینەران و شارەزایانی مۆدە، كە بە چاوێكی پڕ لە ڕێزەوە سەیری ئەو وردەكارییە هونەرییانەیان دەكرد كە لە دیزاینەكاندا ڕەنگی دابووەوە.

جوان بەدرخان كەلتووری كوردستان دەباتە سەر ستەیجە جیهانییەكان

تابلۆیەك بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان

ئەو ٢٠ پارچە جلەی جوان لە نمایشەكەدا پێشكەشی كردن، تەنیا جلوبەرگ نەبوون، بەڵكو گوزارشتێكی ڕەمزی بوون لە هەموو بەشەكانی كوردستان. جوان توانیبووی تایبەتمەندییە كەلتوورییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لە نێو نەخش و چنین و ڕەنگی قوماشەكاندا كۆ بكاتەوە، بەمەش پەیامێكی كەلتووریی بەهێزی گەیاندە جیهان.

گرنگیپێدانی میدیای جیهانی و گۆڤاری «Vogue» وەك نموونە میدیا جیهانییەكان، كە ڕووماڵی هەفتەی مۆدەی لەندەنیان دەكرد، گرنگییەكی زۆریان بە نمایشەكەی جوان بەدرخان دا. كارەكانی ئەم خانمە دیزاینەرە بووە سەردێڕی زۆرێك لە گۆڤارە مۆدە و هونەرییە بەناوبانگەكان. یەكێك لە گەورەترین دەستكەوتەكان ئەوە بوو كە وێنەی دیزاینەكانی جوان لە لاپەڕەكانی گۆڤاری ناوداری جیهانی «Vogue» بڵاو كرایەوە، ئەمەش وەك ددانپێدانانێكی جیهانی بە لێهاتوویی و هونەرەكەی دادەنرێت.

سەرسامیی ئەستێرە و ئەكتەرە جیهانییەكان

نمایشەكە تەنیا سەرنجی ڕۆژنامەنووسانی ڕانەكێشا، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییە ناودارەكان و ئەكتەرە جیهانییەكان كە لەوێ ئامادە بوون، سەرسامیی خۆیان بۆ نمایشە كوردییەكە دەربڕی. ئەوان ئاماژەیان بەوە كرد كە ئەو ڕەنگە زیندووانە و شێوازە جیاوازەی جلی كوردی، جوانییەكی تایبەت و جیاوازی هەبوو، كە لە مۆدێلە باوەكان نەدەچوو.

وێستگەی داهاتوو نیویۆرك

سەركەوتنی جوان لە لەندەن تەنیا سەرەتایەكە، وا بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا، جوان بەدرخان بەرەو ئەمریكا بەڕێ بكەوێت بۆ بەشداریكردن لە یەكێك لە گەورەترین نمایشەكانی مۆدە لە شاری نیویۆرك، ئەم هەنگاوە دەبێتە دەرفەتێكی زێڕین بۆ ئەوەی جوان جارێكیتر جوانی و ڕەسەنایەتیی كەلتووری كوردی لەسەر ئاستی جیهانی نمایش بكاتەوە.

Top