لە پاریس فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی مۆسیقای«Birkleyn Sound Festival» ساز كرا كە لەلایەن مۆسیقاژەنێكی كوردەوە دامەزراوە

لە پاریس فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی مۆسیقای«Birkleyn Sound Festival» ساز كرا كە لەلایەن مۆسیقاژەنێكی كوردەوە دامەزراوە

پاریس، كە وەك یەكێك لە پایتەختە كولتوورییەكانی ئەورووپا دەناسرێت، لە ڕۆژانی ١٦ تا ١٨ی نیسان خۆی بۆ میوانداریكردنی چالاكییەكی مۆسیقیی زۆر گرنگ ئامادە دەكات. فیستیڤاڵی (Birkleyn Sound) كە ئەمساڵ بۆ یەكەم جار بەڕێوە دەچێت، وەك پلاتفۆرمێكی نێودەوڵەتیی دەگمەن دەردەكەوێت، كە یادەوەریی مۆسیقیی جوگرافیا جیاوازەكان و خوێندنەوەی هاوچەرخ پێكەوە كۆ دەكاتەوە و پێشوازی لە هونەردۆستان دەكات.

(Birkleyn Sound) فێستیڤاڵێكی مۆسیقای نێودەوڵەتییە كە لە ئەورووپا جێگیر بووە؛ وەك كایەیەك بۆ دیالۆگ لە نێوان میراتی كولتووریی ئەورووپی و نەریتە مۆسیقییەكانی كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست، میزۆپۆتامیا، باڵكان و قەوقاز داڕێژراوە. لە ڕێگەی بەرنامەیەكی ورد و دەوڵەمەند لە كۆنسێرت و كۆبوونەوەی هونەری، فیستیڤاڵەكە یادەوەری و داهێنانی هاوچەرخ و ئاڵوگۆڕی هونەری لەسەر ئاستی ئەورووپا پێكەوە گرێ دەدات.

فیستیڤاڵی (Birkleyn Sound) لەژێر تێمای (سەرچاوەكان و یادەوەریی هاوبەش)دا، كار لەسەر بەرزنرخاندنی گواستنەوەی ئەزموون لە نێوان نەوەكان، هەروەها فرەچەشنیی كولتووری و جووڵەی هونەرمەندان لە نێو ئەورووپادا دەكات. ئەم فیستیڤاڵە، مۆسیقا وەك میراتێكی زیندوو و لە گۆڕانی بەردەوامدا دەبینێت، كە تێیدا ڕەگ و ڕیشە كولتوورییەكان دەبنە هەوێنی شێوازە نوێیەكانی دەربڕین و پەیوەندیی نێوان سەكۆ هونەرییەكانی ئەورووپا بەهێزتر دەكەن.

لە پاریس فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی مۆسیقای«Birkleyn Sound Festival» ساز كرا كە لەلایەن مۆسیقاژەنێكی كوردەوە دامەزراوە

یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین لایەنەكانی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە كە بۆ یەكەم جارە لە پاریس، فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی مۆسیقا لەلایەن مۆسیقاژەنێكی كوردەوە دابمەزرێت. ئەم فیستیڤاڵە كە لەلایەن مۆسیقاژەن و ئاوازدانەر «ڕووشان فیلیزتەك»ەوە هێنراوەتە ئاراوە، تەنیا چالاكییەكی هونەری نییە؛ بەڵكو لە ڕووی نوێنەرایەتیی كولتووری، دەركەوتن و بەرهەمهێنانی بەكۆمەڵیشەوە واتایەكی بەهێزی هەیە.

فیستیڤاڵی (Birkleyn Sound)؛ لە جوگرافیایەكی فراواندا كە لە مۆسیقای كوردییەوە تا دەریای ناوەڕاست، باڵكان و ئەفریقا دەگرێتەوە، شێوازە تەقلیدییەكان و جوانیی گوزارشتی هاوچەرخ پێكەوە گرێ دەدات. لەم ڕووەوە، فیستیڤاڵەكە مۆسیقا تەنیا وەك «جۆر»ێك نابینێت، بەڵكو وەك زمانێكی گەردوونیی زیندوو و گۆڕاو مامەڵەی لەگەڵ دەكات.

چەمكی «بێركلاین» (Birkleyn)؛ وەك خواستنێك (میتافۆر) كە گوزارشت لە بیرۆكەی ڕەگ، سەرچاوە و بەردەوامی دەكات، لە ڕۆحی فیستیڤاڵەكەدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم تێڕوانینە كە گوزارشت لە گەشتی بێپچڕانی مۆسیقا لە نێوان كات و جوگرافیاكاندا دەكات (وەك دەروون و جووڵەی سرووشت)، تەوەرەی سەرەكیی فیستیڤاڵەكە پێك دەهێنێت.

ڕەوشەن فلیزتەك كە بەرهەمە هونەرییەكانی خۆی لە دەوری تێمەكانی كۆچ، یادەوەری و كاریگەریی دوولایەنەی كولتووری بونیاد ناوە، ئامانجیەتی لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە كایەیەكی نوێ بۆ دیالۆگی نێوان كولتوورە جیاوازەكان بكاتەوە. فیستیڤاڵەكە لە هۆڵی (La Marbrerie) كە یەكێكە لە شوێنە گرنگەكانی نمایش لە پاریس، بەڕێوە دەچێت و دوور لە بەرژەوەندیی بازرگانی، مۆدێلێكی بەرهەمهێنانی سەربەخۆ و بەشداریی بەكۆمەڵ دەخاتە پێشەوە.

لە پاریس فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و سەربەخۆی مۆسیقای«Birkleyn Sound Festival» ساز كرا كە لەلایەن مۆسیقاژەنێكی كوردەوە دامەزراوە

هونەرمەندانی نێودەوڵەتی لە پاریس كۆ دەبنەوە

لە ماوەی سێ ڕۆژی فیستیڤاڵەكەدا، مۆسیقاژەنانی گرنگ لە وڵاتە جیاوازەكانەوە كارەكانی خۆیان پێشكەش كرد، لە بەرنامەكەدا ناوی هونەرمەندانی وەك «سێنی كامارا، نوریا ڕوڤیرا سلات، سیان، ئاریانا ڤافاداری، هایدۆتی ئۆركێستار، سیلڤاین بارۆ، فرانسوا ئاریا، ڕۆكسان ئێلفاسی، ناتی جەیمس، ئۆلایلا، سیان و نەجیب شانبەهزادە» دەبینرێن.

یەكێك لە نمایشە سەرنجڕاكێشەكانی فیستیڤاڵەكە، هی مۆسیقاژەنی كورد «ڕەوشەن چەلیكەر» بوو. ڕەوشەن، ئێوارەی شەممە ١٨ی نیسان، ئەزموونێكی مۆسیقیی بەهێزی پێشكەش بە گوێگران دەكات.

بەرنامەی فیستیڤاڵەكە بە نمایشی DJ و چالاكییەكانی وەك «شەوی سەمای كوردی» (Kurdish Dance Night) دەوڵەمەند دەكرێت و ئەزموونێكی فرەڕەهەند كە جۆرە جیاوازەكانی مۆسیقا كۆ دەكاتەوە، پێشكەش دەكات.

رەوشەن فیلیزتەك لە ژیانی هونەریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لەگەڵ كەسایەتییە گرنگەكانی وەك جۆردی ساڤال، تۆنی گاتلیف و سیمۆن ئەبكاریان كاری كردووە و لە هۆڵە ناودارەكانی وەك (Sadlers Wells) نمایشی كردووە. ئەم ئەزموونە، بناغەیەكی بەهێز بۆ دیدی هونەریی فیستیڤاڵی (Birkleyn Sound) پێك دەهێنێت.

ڕەوشەن چلیكەر، كە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە ئەلبوومی «ئاخ لێ وەسو» دەستی بە كاروانی هونەریی سۆڵۆی خۆی كرد، لە ڕێگەی ئەلبوومی «تووڤ»ـەوە سەركەوتنێكی گەورەی لە ڕیزبەندییەكانی مۆسیقای جیهانیدا بەدەست هێنا. هەروەها، بە هەردوو ئەلبوومی «Live Session Vol. 1» و «Live Session Vol. 2» كە لە تۆماركراوی كۆنسێرتە زیندووەكانی پێك هاتوون، ناوبانگییەكی زۆری پەیدا كرد.

لە ساڵی ٢٠٢٣دا، یەكەم گەشتی هونەریی خۆی لە ئەورووپا ئەنجام دا و دواتریش لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەشتی دووەمی بۆ هەمان مەبەست كرد؛ لەم گەشتانەدا لە شارەكانی شتوتگارت، مانهایم، ڕۆتەردام، بێرن، كۆڵن، ئێسن و فرانكفۆرت، كۆنسێرتەكانی بە تەواوی بلیتی فرۆشراوەوە (Sold out) بەڕێوە چوون.

ڕەوشەن چەشنێكی مۆسیقی دەخولقێنێت كە سۆز و هەستێكی قووڵ لە لای جەماوەرەكەی بێدار دەكاتەوە. ئەو لە ڕێگەی بەرهەمەكانیەوە، خشتێكیتر دەخاتە سەر پردی نێوان كولتووری كوردی و مۆسیقای هاوچەرخ، و ئاوێتەبوونێكی هونەری پێشكەش دەكات، كە كاریگەریی لەسەر گوێگران لە هەموو پێكهاتە و ڕەهەندە جیاوازەكان دەبێت.

فیستیڤاڵی (Birkleyn Sound) بەو تێڕوانینەی كە فرەچەشنیی كولتووری و بەرهەمهێنانی هونەری خستووەتە چەقەوە، كاندیدە بۆ ئەوەی ببێتە خاڵێكی وەرچەرخان لە گۆڕەپانی مۆسیقای ئەورووپادا.

پردێك لە یادەوەریی كولتوورییەوە بەرەو داهاتوو

فیستیڤاڵی (Birkleyn Sound) تەنیا زنجیرە كۆنسێرتێك نییە؛ بەڵكو وەك كایەیەك بۆ یەكتربینین، گێڕانەوەی یادەوەرییەكان و دروستكردنی گێڕانەوەی نوێ داڕێژراوە. فیستیڤاڵەكە شوێنەوارەكانی ڕابردوو بە زمانی ئەمڕۆ لێك دەداتەوە و ڕوانگەیەكی بەهێز بۆ جیهانی مۆسیقای داهاتوو دەخاتە ڕوو.

ئەم دەنگە نوێیەی لە پاریسەوە بەرز دەبێتەوە، وەك نوێنەری دیدێكی هونەریی هاوچەرخ كە بە ڕەگ و ڕیشەوە بەستراوەتەوە و بەڵام سنوورەكان دەبەزێنێت، سەرنج ڕادەكێشێت.

Top