بـــاره‌گای بـــارزانی : سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە باڵوێز تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

بـــاره‌گای بـــارزانی : سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە باڵوێز تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا كرد.

 

لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆک ترەمپ بە سەرۆک بارزانی، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی نیشاندا و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە هەبوو. جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراق و ناوچەكە پێویستی بە سەقامگیری هەیە و لەوەشدا هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگ و جێی بایەخی لە ئێستا و ئایندەدا هەیە. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە گەشە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە نموونەیی وەسفی كرد.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری بووە و لەگەڵ دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسی بووە بۆ  سەرجەم كێشەكانی عێراق و ناوچەكە. هەرێمی كوردستان هیچ كاتێک بەشێک نەبووە لە كێشەكان، بەڵام بەناهەق پریشكی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكەی بەركەوتووە. سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی سەقامگیر و خوشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەكەی بڕوات.

لە تەوەرێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر گرنگیی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی نوێی عێراق، نێردەی تایبەتیی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و سووریا باسی لە پێویستیی سەقامگیركردن و پاراستنی سیستەمی سیاسیی عێراق و پاراستنی ڕۆڵی دەوڵەت لە كۆنتڕۆڵكردنی هێزە چەكدارە ناڕەسمییەكان كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دووپات كردەوە لە پڕۆسەی داماڵینی چەک لە دەستی میلیشیات و هاتنەوەی بۆ ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی عێراق. 

سەبارەت بە حكوومەتی نوێی عێراق، سەرۆک بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی عەلی زەیدی، ئەوەی خستەڕوو پێویستە هەموو لایەک پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەرگرن و لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا كار بكرێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و هاوكێشەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێكەوە كار لەسەر كۆمەڵێک ئەولەوییەتی هاوبەش بكەن بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بونیادنانی دۆستایەتیی ستراتیژیی درێژخایەن لەڕووی ئابووری و برەودان بە وەبەرهێنان. 

Top