یەكێتی و بەرخودان مژاری سەرەكیی سێیەمین فێستیڤاڵ فیلمی كوردیی دۆسلدۆرف بوو
سێیەم فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی دۆسلدۆرف لە ڕۆژانی ١٧ - ١٨ – ١٩-ی ئەمساڵ٢٠٢٦، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە نمایش كردنی چەندین فیلم ئەنجامدرا، ڕۆژی ١٧ نیسانی ٢٠٢٦ كاتژمێر هەشت بە كاتی ئەوروپا بە فیلمی “هەڤاڵ براكۆ” كە بەرهەمی كۆمینا فیلم ڕۆژئاواییە، لە دەرهێنانی «نۆمان یاگید»ـە فێستیڤاڵ دەستی بە كارەكانی كرد، ئەمساڵ بە هۆكاری زۆریی دەرهێنەران لە هەرچوار پارچەی كوردستان، فیلمەكانیان بۆ فیستیڤاڵەکە نێردرابوون.
تیمی هەڵبژاردراوی فێستیڤاڵ تەنیا ٢٩ فیلمی هەڵبژارد، سێ فیلمی درێژ، نۆ بەڵگە فیلم، حەڤدە كورتە فیلمیش لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە نمایش کران، هاوكات جێگەی دڵخۆشییە هەموو ساڵێك ئافرەتانیش پێشەنگن لە فێستیڤاڵەداكە و نۆ دەرهێنەر لە هەرچوارپارچەی كوردستان بەشداربوون. هاوكات سیمینارێک پێشکەش کرا لە فێستیڤاڵەكە بۆ «لیزا چالان» كە دەرهێنەر و چالاكوانێكی كوردە لە باكوری كوردستان و توركیا.
سەبارەت بە خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ لەسەر ئاستی چوار پارچە كوردستان خەڵات دابەش كران، خەڵاتەكان تەنیا بۆ كورتە فیلمەكانە و ئەو بەڵگە فیلمانە بوون كە لە پێشبڕكێدابوون، هەر خەڵاتەو گوزارشت لە پارچەیەكی كوردستان دەكات وەك خەڵاتی دەرهێنەری كورد «یەڵماز گۆنای، خەڵاتی ژینا ئەمینی وەك شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، خەڵاتی شۆڕشگێڕ سینەماكار خەلیل داغ، خەڵاتی مافی مرۆڤ و خەڵاتی گەنجی بەهرەمەند بەناوی چوار پارچەی كوردستان لەسەر هێرشەكانی ئەم دواییانەی ڕۆژئاوای كوردستان.
چوار كەس وەك ژووری لێژنە داوەران دانرابوون هەر یەك لە شانۆكار (فرمێسك مستەفا) وەك باشووری كوردستان لە ئەڵمانیا، سینەماكار (شەهرام عەلیدی) لە ڕۆژهەڵات كوردستان كە لە پاریس دەژی، سینەماكار (مەتین ئەور) وەك سەرۆكی ژوور لە فێستیڤاڵ و لە باكوری كوردستان (ئامەد)، لەگەڵ ئەندامێكی كۆمینا فیلم ڕۆژئاڤا بەناوی«محێدین ئەرسەلان» هاوكات هێڤی چنار لە ئەڵمانیا بەشدار بوو .
ئەم فێستیڤاڵە جارێكیتر پێشانیاندا كە یەكێتیی كوردان و تێكۆشانی هاوبەش چەندە گرنگە.
سێیەم فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی دۆسلدۆرف ٢٠٢٦ جارێكیتر لەسەر ئەم بنەماییە دروست بوو، دەنگ و دیدگاكان و چیرۆكە كوردییەكان كۆ دەكاتەوە، سنوورەكان دەبڕێت و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نیشانیان دەدات و یارمەتیی درووستكردنی هۆشیارییەكی هاوبەش و پەیوەندییەكان دەدات، كە سنوورەكان دەبڕن.
فۆكسی ئەمساڵی فێستیڤاڵ (یەكێتی و بەرخودان) هاوكات بۆ بەهێزكردنی یەكێتیی كوردان و تێكۆشانی هاوبەش.
سینەما لێرەدا دەبێتە شوێنێك كە ئەم یەكێتییە بە تەنیا نیشان نەدرێت، بەڵكو پەیامی گەورەتر هەیە، ئەمڕۆ بە هاوبەش كار لەسەر كەلتوور و هونەری سینەما بكرێت، فێستیڤاڵەكە شێوازی سینەمای نەتەوەیی وەرگرتووە، چونكە فیلمەكان لە هەر چوارپارچەی كوردستان لە فێستیڤاڵدا بەشداربوون، هاوكات خەڵاتەكانی ئەم فێستڤاڵە بۆ پشتگیریكردنە بۆ ئەو فیلمسازانە تا فیلمی نوێ بەرهەم بهێنن، بۆیە خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ بە ناوی یەكەم و دووەم و سێیەم نییە.
جێگەی خۆشحاڵییە فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی دۆسلدۆرف هەمیشە بیر لەوە دەكاتەوە كە فیلمەكان بە نێونەتەوەیی بكات و جێگەی خۆیشی لە ناو دەرهێنەرانی كورد و بینەرانی فیلمە كوردییەكاندا كردووەتەوە، بەتایبەت لە جێگەیەكی وەك شاری «دۆسلدۆرف» كە ناوەندی گرنگی وڵاتی ئەڵمانیایە.
