خوێنی غەزاڵ و خەوی سەرۆک نزار: ٣٠ تابلۆی ڕەخنەیی لە کڕنووشی بێدەنگی
١. پرسیار: "غەزاڵ" کێ بوو؟
وەڵام: کچە مەهابادییەک کە هیوای لە ناو دڵدا بوو، بەڵام درۆنەکانی بەغدا و تاران کردیانە خۆڵەمێش.
٢. پرسیار: کاتێک درۆنەکان غەزاڵیان پێکا، سەرۆک لە کوێ بوو؟
وەڵام: لە هۆڵە بریقەدارەکانی بەغدا، خەریکی مەستیی سەرکەوتنە ساختەکانی بوو.
٣. پرسیار: شکۆی سەرۆکایەتی لە کوێدا ون بوو؟
وەڵام: لە ژێر پاشماوەی ئەو درۆنەی کە جەستەی کچێکی پێشمەرگەی هەلاهەلا کرد.
٤. پرسیار: بۆچی وشەیەک لە دەمی سەرۆک نەهاتە دەرێ؟
وەڵام: چونکە کورسیی پارێزگار و ڕەزامەندیی بکوژان، لای ئەو لە خوێنی غەزاڵ پیرۆزتر بوو.
٥. پرسیار: پەیامی "تەبایی" دوای شەهیدبوونی غەزاڵ چ مانایەکی هەیە؟
وەڵام: گاڵتەجاڕییەکی ڕەشە بە خوێنی شەهید و فرمێسکی دایکان.
٦. پرسیار: ئایا "غەزاڵ" میوان بوو؟
وەڵام: بەڵێ، میوانێکی خودان ماڵ کە سەرۆکەکەی کەرامەتی میوانداریی بە پۆستێک گۆڕییەوە.
٧. پرسیار: درۆنەکان چۆن ڕێگەیان پێ درا؟
وەڵام: بەو بێدەنگییە سیاسییەی کە "سەرۆک" وەک دیاری پێشکەشی داگیرکەرانی کرد.
٨. پرسیار: بۆچی یاداشتی سەر گۆڕی "مام" بە زمانی بێگانە بوو؟
وەڵام: بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئیتر ئەو زمانەی غەزاڵی پێ دەدوا، لای سەرۆک قەدەغەیە.
٩. پرسیار: کەرکوک لای تۆ چییە؟
وەڵام: پارچە گۆشتێکە کە بۆ مانەوەی خۆت، داتە دەست ئەوانەی غەزاڵیان شەهید کرد.
١٠. پرسیار: کاتێک غەزاڵ گیانی لەدەست دەدا، سەرۆک چاوەڕێی چی بوو؟
وەڵام: چاوەڕێی تەلەفۆنێکی دەستخۆشی بوو لەو دەستانەی کە خوێنی غەزاڵیان پێوە بوو.
١١. پرسیار: جیاوازیی نێوان درۆن و بێدەنگی چییە؟
وەڵام: درۆن جەستە دەسوتێنێت، بێدەنگیی سەرۆکیش شەرەفی نەتەوەیی.
١٢. پرسیار: ئایا تۆ پارێزەری کچی کوردی؟
وەڵام: نەخێر، تۆ تەنیا پاسەوانی ئەو پلانەیت کە غەزاڵەکانی پێ دەکرێتە قوربانی.
١٣. پرسیار: مێژوو ناوی غەزاڵ چۆن دەنووسێت؟
وەڵام: بە پیتی زێڕین وەک سیمبولی بەرگری و مەزڵومییەت.
١٤. پرسیار: مێژوو ناوی تۆ چۆن دەنووسێت؟
وەڵام: وەک سەرۆکێک کە لە کاتی شەهیدبوونی میوانەکانیدا، سەمای سەرکەوتنی دەکرد.
١٥. پرسیار: بۆچی بێدەنگی بەرامبەر تیرۆر، تیرۆرە؟
وەڵام: چونکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سبەی غەزاڵێکی تریش ببێتە ئامانج.
١٦. پرسیار: پێکەنینەکانت لە بەغدا چی بوون؟
وەڵام: ئازارێک بوون کە لە برینەکەی غەزاڵ بەسوێتر بوون.
١٧. پرسیار: ئایە نیشتمان ماڵە یان بازار؟
وەڵام: لای غەزاڵ ماڵ بوو، بەڵام لای سەرۆک بازارێکە بۆ مامەڵەی پۆستەکان.
١٨. پرسیار: کێ غەزاڵی شەهید کرد؟
وەڵام: مووشەکی داگیرکەر و بێدەنگیی پڕ لە ڕەزامەندیی تۆ.
١٩. پرسیار: تۆ نوێنەری کێیت لە بەغدا؟
وەڵام: نوێنەری ئەو دەسەڵاتەی کە خاکی خۆی کردووە بە جەولانگەی تاقیکردنەوەی چەکەکان.
٢٠. پرسیار: بۆچی ناتوانیت سەرەخۆشی لە بنەماڵەی غەزاڵ بکەیت؟
وەڵام: چونکە دەترسێیت هاوڕێ نوێیەکانت لە بەغدا لێت زویر بن.
٢١. پرسیار: کەرامەتی سیاسی لە کوێ نێژرا؟
وەڵام: لە پەنای ئەو نەخۆشخانەیەی کە غەزاڵ تێیدا دوا هەناسەی دا.
٢٢. پرسیار: ئایا کورسییەکەت بە خوێنی غەزاڵ دەهێنێت؟
وەڵام: لای ویژدانی گەل، هەموو پۆستەکانی جیهان بە قەترەیەک خوێنی غەزاڵ نایەت.
٢٣. پرسیار: درۆنەکان چ پەیامێکیان هێنا؟
وەڵام: پەیامی ئەوەی کە ئاسمانی کوردستان "سەرۆک"ی نییە بیپارێزێت.
٢٤. پرسیار: بۆچی شەرم لە زمانی دایکت دەکەیت؟
وەڵام: چونکە دەتەوێت ببیتە بەشێک لەو زمانەی کە فەرمانی کوشتنی غەزاڵی پێ دەرچوو.
٢٥. پرسیار: ئایا "مەهاباد" لە بیرت ماوە؟
وەڵام: پێناچێت، چونکە ئەگەر لە بیرت بوایە، ئێستا نیشتمان لە غەریبیدا نەدەسوتا.
٢٦. پرسیار: تۆ کێیت لە ناو ئەم تراژیدیایەدا؟
وەڵام: کارەکتەرێکی بێدەنگ کە لە پشتی کامێراکانەوە خەریکی جێگیرکردنی کورسییەکەیەتی.
٢٧. پرسیار: ئەی هاواری "ژین، ژیان، ئازادی"؟
وەڵام: غەزاڵ بۆی جەنگا و شەهید بوو، تۆش بۆ سڕینەوەی بێدەنگ بوویت.
٢٨. پرسیار: کەی دەگەڕێیتەوە ناو باوەشی گەل؟
وەڵام: کاتێک تێدەگەیت کە بەغدا تەنیا بۆ کاتێک تۆی دەوێت کە غەزاڵەکانت فرۆشتبێت.
٢٩. پرسیار: ئایا غەزاڵ دەمرێت؟
وەڵام: غەزاڵ دەبێتە ئەفسانە، بەڵام بێدەنگیی تۆ دەبێتە پەڵەیەکی ڕەشی ئەبەدی.
٣٠. پرسیار: کۆتا وشەی ویژدان بۆ تۆ چییە؟
وەڵام: سەرۆکێک کە نەتوانێت پارێزگاری لە کچێکی نیشتمانەکەی بکات، شایەنی هیچ نازناوێک نییە.

سەنار شێرۆكی