بەسۆز ساڵح: پاڵپشتی خێزان فاكتەری سەرەكی سەركەوتنی ئافرەتە
بەسۆز ساڵح خانمە شێفێكی بە توانا و خاوەن ئەزموونە هاوكات دایكێكی نموونەییە و لە پاڵ پەروەردەكردنی منداڵ و ئەركی دایكایەتی، توانیویەتی بێتە مەیدانی كار و بوونی خۆی وەكو خاوەنكارێك بسەلمێنێت.
بەسۆز ساڵح لە پێنجوین لەدایكبووە و لە ئێستادا دانیشتووی شاری سلێمانییە، وەك خۆی باسیدەكات بەهۆی لە دەستدانی دایكی نەیتوانیوە خوێندان تەواو بكات و لە قوناغی ناوەندی لە خوێندن دابڕاوە، لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە كارەكەی خۆی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«هەموو خواردنە كوردەوارییەكان ئامادە دەكەم وێڕای شیرینی و كولیچە، ماوەی پێنج ساڵ لە ماڵەوە ئیشم كرد، لە ڕێگەی ئۆنلاین و تەلەفۆنەوە داواكارییەكانم وەردەگرت و خواردنەكانم ئامادە دەكرد و بۆم دەناردن، هەروەها ماوەی دوو ساڵ لە چێشتخانەیەكی بەناوبانگی سلێمانی وەكو شێف كارم دردووە و وەستای خواردنە كوردەوارییەكان بە تایبەت كفتە و یاپراخ بووم، ئێستاش ماوەی چەند مانگێكە لە دەرەوەی ماڵ شوێنێكم كردووەتەوە، سێ كارمەندم هەیە بە خۆشحاڵییەوە هەر سێكیان ئافرەتان.
هەر لە منداڵییەوە خولیای چێشتلێنانم هەبوو و لە تەمەنێكی كەمدا چوومەتە چێشتخانە و چێشتم لێناوە، كاتێك پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم دایكم كۆچی دوایی كرد، چوار برای لەخۆم بچووكترم هەبوو ئەركی بەخێوكردن و خزمەتكردنی براكانم كەوتە ئەستۆی من، هەر بەو هۆكارەش لە قۆناغی ناوەندی وازم لە خوێندن هێنا.»
ئەو شێفە سەبارەت بە سەرەتای دەستپێكی كارەكەی دەڵێت: « لە هەلومەرجێكی نەخوازراودا هاوژینەكەم لە كار و كەسابەت تووشی زەرەر بوو، منیش بە حوكمی ئەوەی منداڵی بچووكم هەبوو نەمدەتوانی بچم لە دەرەوەی ماڵ كار بكەم، بۆیە بڕیارمدا لە ماڵەكەی خۆم دەست بەو كارەم بكەم، كە هەم ئاگاداری منداڵەكانم دەبم و هەمیش لەو ڕێگەیەوە هاوكاریی هاوسەر و خێزانەكەم دەكەم، پێموایە زۆر گرنگە ئافرەت تا ئەو كاتەی منداڵەكانی وردن هەوڵ بدات لە ماڵەوە كارێك ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی لە پاڵ كارەكەیدا ئاگاداری منداڵەكانیشی بێت. ئافرەت ئەگەر بەهۆی بارودۆخی خێزانی یان منداڵەكانی نەتوانێت لە دەرەوە كار بكات، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانێت لەناو ماڵەكەی خۆیدا دەست بە كارێك بكات ئەگەر كارەكە بچووكیش بێت، گرنگە ئافرەت بۆ گۆڕینی ڕەوتی ژیانكردنی خۆی و خێزانەكەی هەوڵ بدات و هیچ كات دەستەوەستان نەبێت و چاوی لە دەستی ئەم و ئەو بێت.»
بەسۆز ساڵح دەربارەی گرنگی كاركردنی خانمان دەڵێت: «ئافرەت كە هەوڵی كاركردن دەدات چ لە ماڵەوە یان لە دەرەوە بە هیچ شێوەیەك نابێت لە دەرەنجامی كارەكەی بترسێت.
دڵخۆشم بە پێشكەوتنی ڕەوتی كار كردنی ئافرەتان و بەپێی توانا حەز دەكەم هاوكار و پاڵپشتیان بم، چونكە هەر ئافرەتێك بتوانێت كار بكات و داهاتێكی هەبێت و لەسەر پێی خۆی بوەستێت، من وەكو ئافرەتێك شانازییان پێوە دەكەم، چونكە لە ڕێگەی ئیشكردنەوە بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵ و خێزانەكانیان مسۆگەر دەكەن.
هەروەها كاتێك ئافرەت دەیەوێت كار بكات زۆر گرنگە خێزانەكەی پاڵپشتی بكەن، چونكە پاڵپشتی خێزان فاكتەری سەرەكی سەركەوتنی ئافرەتە، من بەشبەحاڵی خۆم تا ڕادەیەكی باش خێزانەكەم بە تایبەت هاوسەرەكەم ئینجا براكانم و منداڵەكانم هاوكار و پاڵپشتیم دەكەن، پاڵپشتی و هاندانی ئەوان بووە هۆكاری ئەوەی كە من بتوانم دەست پێبكەم و بەردەوامیش بم».
هەروەها گوتی: «هەرچەندە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئەركی دایكایەتی و ڕاگرتنی ماڵ و كاركردنمدا كارێكی ئاسان نییە بەڵكو زۆریش قورسە، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و بۆ چوار دەورەكەم كە توانیومە تێكڕای كارەكانم بە سەركەوتوویی بەڕێوە ببەم و هەرگیز درێخیشم لە پەروەردەی منداڵەكان نەكردووە، ئامانجم ئەوەیە كە لە ڕێگەی داهاتەكەم شان بە شانی هاوژینەكەم بتوانم ژیانێكی شایستە بۆ منداڵەكانم دەستەبەر بكەم و داهاتوویەكی جوانیان بۆ بنیاد بنێم، هاوكات دەومەوێ ببمە شێفێكی بە توانا و بە ناوبانگ پەرە بە كارەكەم بدەم و لەو ڕێگەیەوە دەرفەتی كار بۆ چەندین ئافرەتی دیكە بڕەخسێنم.»
