پێشمەرگەی وڵات پارێز ناسنامەی خاک و نیشتمانە.

پێشمەرگەی وڵات پارێز ناسنامەی خاک و نیشتمانە.

شەش کۆتر و چوار چیا: داستانێک لە ئازار و نەمری،
لە مێژووی نەتەوەکاندا، ساتەوەختێک هەیە کە تێیدا بێدەنگیی چیاکان دەبێتە هاوار و فرمێسکی مۆمەکان دەبێتە لافاو. ئەمڕۆ ئاسمانی کوردستان تەنها شوێنی فڕینی باڵندەکان نییە، بەڵکو شەش کۆتری سپی تێدا باڵیان لێ داوە بەرەو نەمری. ئەوان فڕین تا ببنە پاسەوانی ئەبەدیی ئەو خاکەی کە بە خوێنی خۆیان ئاویان داوە.
کارەساتەکە لێرەدایە، کاتێک پەپوولەی ڕۆحی ئەم گەنجانە لە دەوری مۆمی نیشتمان دەسوتێت، مۆمەکە خۆیشی لە ئاستی ئەم وەفایەدا بەرگە ناگرێت و فرمێسکی خوێناوی بۆ دەبارێنێت. کاتێک خوێنی ئەم کاروانە بەناحەق و لەژێر پەردەی غەدری دەرەکی و خیانەتی ناوەخۆدا ڕژا، چیا سەرکەشەکانی وەک سەفین، گارە، مەتین و قەندیل، ئەو شاخانەی کە قەت بۆ هیچ داگیرکەرێک سەر دانانەوێنن، ئەمڕۆ بۆ مەزڵوومییەتی ئەم شەش ڕۆڵەیە کڕنۆشی ڕێزیان برد و سەری شکۆیان دانواند.
پێشمەرگە؛ لای ئێمە تەنها ناوێکی سەربازی نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکە کە مەرگ لە ئاستی شکۆیدا دەستەوستانە. ئەو لە مردن ناترسێت، چونکە گیانی تەنها بۆ قوربانیدان بە خاکەکەی لێ دەدات. بەڵام مەرگی مەردانە لە سەنگەری ڕوو بە ڕووبوونەوەی ڕاستەو خۆدایە، نەک لەژێر پەردەی ڕەشی غەدر و دەستێوەردانی وڵاتانێک کە ئاسمان و خاک و دەریایان لێ بڕیوین و ڕووی توندوتیژییان لە گەنج و لاوەکانمان کردووە.
ئێمە وەک گەلی کورد، هەمیشە وەک ئەو چۆلەکە و باڵندانە بووین کە باسمان کردن؛ بێوەی و ئاشتیخواز، تەنها دەمانەوێت لە پەنای پاساری هێمنی نیشتماندا بژین، کەچی هەمیشە بە غەدر باڵەکانمان هەڵدەوەرێنن. بەڵام با مێژوو ئەوە تۆمار بکات: خوێنی ئەم شەش شەهیدە نابێتە تەنها خەم، بەڵکو دەبێتە جۆش و خرۆشێکی نەتەوەیی کە لە ناو دەمارەکانی نەوەکانی داهاتوودا دەگەڕێت.
سڵاو لەو شەش کۆترە سپییە، و دروود بۆ ئەو چیاو شاخانەی کە بوونە پارێزەری ئەم خوێنە ڕژاوە. کورد کوردستانیان هەموو خەمبارو ئازێت بارن بۆ مەرگی ئێوەی وڵات پارێز ڕۆحی بەرزە فڕتان شاد بێت . . .

پێشمەرگەی وڵات پارێز ناسنامەی خاک و نیشتمانە.
Top