ستراتیژیی مامەڵەی میدیایی و یاسایی لە سەردەمی جەنگدا
لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگ و ململانێ چەکدارییەکاندا، ڕۆڵی میدیا لە گواستنەوەی سادەی هەواڵەوە دەگۆڕێت بۆ بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و یاسایی قورس. لێرەدا میدیا دەبێت هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان "مافی دەستکەوتنی زانیاری بۆ ڕای گشتی" و "پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی"دا دروست بکات. پڕۆتۆکۆڵە فەرمییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نابێت ببنە سەرچاوەیەک بۆ دزەپێکردنی زانیارییە تاکتیکییەکان؛ وەک ئاشکراکردنی شوێنی جێگیربوونی هێزەکان، جۆری ئەو چەکانەی بەکاردێن، یان وێنەگرتنی ڕاستەوخۆی (Live) ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر بۆردومان، چونکە ئەمە دەبێتە "هەواڵگرییەکی خۆڕایی" بۆ دوژمن و ئامانجەکانیان وردتر دەکات.
لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەرکی میدیایە کە ڕێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە و جەنگی دەروونیی نەیار. ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکان و یەکخستنی گوتاری ڕاگەیاندن لەگەڵ بەیاننامەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بەدی دێت. هەر لادانێک لەم بنەمایانە، دەبێتە هۆی دروستبوونی شڵەژانی گشتی و تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی.
لایەنێکی تری گرنگی ئەم پڕۆتۆکۆڵە، پابەندبوونە بە ئیتیك و ڕەوشتی پیشەیی بەرامبەر قوربانیان. نیشاندانی وێنەی ڕوخساری شەهیدان و برینداران، یان بڵاوکردنەوەی ناویان پێش ئەوەی خێزانەکانیان بە فەرمی ئاگادار بکرێنەوە، پێشێلکردنی ڕاشکاوی شکۆی مرۆڤ و یاسای ڕۆژنامەگەرییە. میدیای پاراو و بەرپرس ئەو میدیایەیە کە لە کاتی جەنگدا دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ورەی سوپا و هاووڵاتیان، نەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و وێنەی توندوتیژی. لە کۆتاییدا، پابەندبوون بەم ڕێسایانە نەک تەنیا ئەرکێکی پیشەیی، بەڵکو زەرورەتێکی یاسایی و دەستوورییە بۆ پاراستنی کیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کاتی مەترسییەکاندا.

سەنار شێرۆكی