کـــوردستان یەک ماڵە ، ئەوەی ئاواتی وێرانبوونی دەخوازێت ، لە ڕەسەنایەتی خۆی بە گومان بێت
ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیا دەبینین کەسانێک هەن، هێندە چاویان بە ڕق کوێر بووە، نەک هەر تەنیا دژی لایەنێکی سیاسی، بەڵکو ئاواتی وێرانبوونی خاک و نیشتمان دەخوازن. ئەوانەی چاوەڕێی (درۆن) و (موشەک) دەکەن بۆ ئەوەی خەونە نەزۆکەکانیانی پێ بپێکن، با باش بزانن: موشەکی دوژمن جیاوازی لە نێوان ڕەنگەکاندا ناکات، مەبەستی ئەو تەنیا شکاندنی کەرامەتی کوردە.
سەری بڵند و هەورازە سەختەکانی بارزان، تەنیا شوێنێکی جوگرافی نین ، ئەوانە هێمای خۆڕاگری و قەڵایەکن کە نەیارانی ئەم خاکە ناتوانن بە ئاسانی بیهەژێنن. ئەوەی پێی وایە بە هێرشی داگیرکەران ئیرادەی نەتەوەیەک دەشکێت، با لاپەڕەکانی مێژوو هەڵداتەوە ، زۆر کەس ئەو خەونەیان بردە ژێر خاک و کوردستان هەر بە بەرزی مایەوە.
پەیامێک بۆ ئەوانەی فۆبیای ( سەری بڵند) یان هەیە:
تۆ ئەگەر کێشەی سیاسیت هەیە، ڕێگەی مەردانە بگرە بەر، نەک ببیتە دەهۆڵکوت بۆ موشەکی بێگانە. هاوسۆزی بۆ دوژمن و دڵخۆشی بە هێرشکردنە سەر هەر بستێکی ئەم نیشتمانە، نیشانەی بێ ئەخلاقی سیاسی و نەمانی کەرامەتی نەتەوەییە. ئاساییە دوژمن هێرش بکاتە سەر ئەو شوێنەی کە داکۆکی لە ئاڵا و خاک دەکات، بەڵام نائاسایی و شەرمەزارییە (کوردێک) دەستخۆشی لەو هێرشانە بکات.
کوردستان بە ئارامی دەمێنێتەوە و نەیارانیش با لە ناو زۆنگاوی ڕق و بوغزی خۆیاندا بخنکێن. مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات، سبەی کە تۆز و غوباری ئەم پیلانانە نیشتەوە، ڕووتان نایەت سەیری چاوی نەوەکانتان بکەن.
بژی کورد، بژی کوردستان
سەربەرزی بۆ پارێزەرانی نیشتمان و شەرمەزاری بۆ جاش و خۆفرۆشان.

لوقمان عوسمان گە ڵاڵی