هەڵەبجەی پێنج هەزار شەهید

هەڵەبجەی پێنج هەزار شەهید

 

بەرەبەیانی ١٦ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨، بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی زلهێزەكانی جیهان، بە دەستی ڕژێمی سەدامی ڕووخاو، مەرگ لە دەرگای ماڵەكانی هەڵەبجەی دا، بەڵام جیهان بە ورد و درشتییەوە، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بێدەنگییان لێ كرد و هیچ وڵات و كۆمەڵە و ڕێكخراوێكی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی هەنگاوێكیان لە دژی ئەو جینۆسایدەدا نەنا، كە لە شاشەكانەوە بەدیارییەوە دانیشتبوون.
باراندنی گازە ژەهراوییەكان بەسەر خەڵكی سڤیلی بێتاوان و بێ پشتوپەنا، تاوانێك بوو لە سەدەیەكدا دژ بە كورد جێبەجێ كرا، كە وڵاتان و مرۆڤایەتی بەگشتی شانازییان بە سەردەمێكی نوێ و دەسكەوتە زانستییەكان دەكرد، كەچی لەملاوە لە شارێكی خنجیلانەی كوردستان، لەپەنا شاخە سەركەشەكاندا، دەیان هەزار لە ژن و منداڵ و پیر و جاحێڵی كورد لە چركەیەكدا بە بەرچاوییانەوە كۆمەڵكوژ كران و خنكێنران، ئەوەی مایشەوە، بریندار و هەناسەتەنگ و لاشەسووتاو، ملی رێی هاتونەهاتی ئاوارەیی گرت و زۆرینەیان هەر لە ڕێگادا گیانیان لەدەست دا و ئەوانی دەربازیش بوون ساڵەهای ساڵ دواتر بە ئازاری برینەكانیان تلانەوە، جیا لە خەمی لەدەستدانی ئازیزانیان.
لە كاتێكدا رژێمی بەعس بە دڕندانەترین شێوە ئەم شارەی ژەهرباران كرد، هیچ گومان لە خراپی و دڕندەیی سەرانی حزبی بەعس و سەرۆك و هاوپەیمانەكانیان نەدەكرا و هەر چاوەڕێی وەها تاوان و دڕەندەییەكیان لێ دەكرا.
ئەمڕۆ كەوا ٣٨ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێ، سوپاس بۆ خوا دیتمان ڕژێمی تاوانكاری بەعس و سەرۆكە خوێنڕێژەكەیان ڕووخێنران و خرانە كونجی زیندان و دواتر بە فەرمانی دادوەری كوردەوە بە پەتی سێدارەوە كران و دوای ئەوانیش هەر ڕژێم و دەسەڵاتێكی داگیركار و خۆسەپێن و دوژمنكار، زوڵم و ستەم و تاوانی دەرهەق بە كورد كردبێ، كەوتنە بەر دادگای ئیلاهی و هەریەكە و بە جۆرێك لەناو دەچن و گەلی كوردی مافخوراویش هەر زیندوو و سەربڵند و سەرفراو ماوەتەوە و دەمێنێتەوە.
ئەو كارەساتەی بەسەر هەڵەبجە و كورددا هات، یادێکی تاڵ و بەسوێی ئەوتۆیە، هێشتا برینەکان تەواو ساڕێژ نەبوونە، بەڵام سەیر لەوەدایە ڕۆژێک کراوەتە بۆنە بۆ یادخستنەوەی ئەو بیرەوەرییە تاڵە بۆ هەڵەبجە كە تەنیا بۆنی خەردەل و سیانیدی تیادا دەکەین، بەڵام باقی ڕۆژ و مانگ و ساڵ وەك ئەوە وایە لە خەوێکدا بین کە هیچ ڕووی نەدابێت، لەوە دەچێت کیمیاییمان بەسەردا نەبارێندرابێ و چەکی قەدەغەکراومان بەسەردا تاقی نەكرابێتەوە، لەوە دەچێت ئەنفال و راپێچی قەڵا و زیندانەكانی تۆپزاوە عەرعەر نەکرابین و لە بیابانەكانی باشووری عێراقدا زیندەبەچاڵ نەکرابین، بەڵام ئەو هەموو کارەساتانەمان تەنیا لە بۆنەکاندا بیر دێتەوە و ڕۆژێک دەیانخەینەوە ناو یادەوەریمان، لە كاتێكدا هەڵەبجە و ئەنفال و هەموو ئەو كارەسات و مەرگەساتانەی بەسەرمان هێنران، برینگەلێكن لە جەستەی نەتەوەكەمانەوە بوونە و مەگەر بە سەربەخۆیی و ئازادیی یەكجارەكی، دەنا هەرگیز ساڕێژ نابن، بگرە لەجێی ئەوەی ساڕێژ ببن، بۆنی کێم و قەتماغەی برینە کەڵەکەبووەکان زیاتر و زیاتر دەبن.
لێرەدا منیش وەک تاکێکی ئەم نیشتمانە، هاوشان لەگەڵ یەك بە یەكی خەڵكی هەڵەبجە و تەواوی كوردستانییان، لە یادی هەڵەبجەی شەهید و زامدار، سەری ڕێز بۆ قوربانییان دادەنوێنم و بە ئومێدیشە دەڕوانمە ئاسۆی رزگاری و هەڵهاتنی خۆری سەربەخۆیی كوردستان، كە هەر ئەمە هەتوانی هەموو دەرد و مەینەتییەكانمانە.

Top