بەرپرسیاریەتی نێودەولەتی پارێزبەندی و سەلامەتیی نێردە دیپلۆماسییەکان

بەرپرسیاریەتی نێودەولەتی پارێزبەندی و سەلامەتیی نێردە دیپلۆماسییەکان


هێرشی درۆنی بۆسەر کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بە نمونە
پارێزبەندی و سەلامەتیی نێردە دیپلۆماسییەکان، وەک باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، کە ئامانج لێی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان. لەم چوارچێوەیەدا، دەتوانرێت بنەماکانی پارێزبەندی و حوکمی هێرشکردنە سەر ئەم ناوەندانە بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەم شێوەیە پۆلێن بکرێت:
یەکەم: چوارچێوەی یاسایی پارێزبەندییەکان دوو ڕێککەوتننامەی سەرەکیی نێودەوڵەتی ئەم پرسە ڕێک دەخەن کە عێراق و زۆربەی وڵاتانی جیهان پابەندییان پێوە نیشان داوە:
1. ڕێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان (1961): تایبەت بە باڵیۆزخانەکان.
2. ڕێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە کۆنسووڵییەکان (1963): تایبەت بە کۆنسووڵخانەکان.
دووەم: شێوازی پارێزبەندیی کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەکان حەرەمی باڵەخانە : بەپێی ماددەی (31) لە ڕێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە کۆنسووڵییەکان، باڵەخانەی کۆنسووڵخانە پارێزبەندیی هەیە. هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی خانەخوێ بۆیان نییە بچنە ناو بەشە کارگێڕییەکانی کۆنسووڵخانە، مەگەر بە ڕەزامەندیی سەرۆکی نێردەکە بێت. ئەرکی پاراستن: دەوڵەتی خانەخوێ ئەرکێکی یاسایی تایبەتی لەسەر شانە کە هەموو ڕێکارێکی گونجاو بگرێتە بەر بۆ پاراستنی باڵەخانەی کۆنسووڵخانە لە هەر دەستدرێژی و زیانێک، هەروەها ڕێگری لە تێکدانی ئارامیی نێردەکە یان سووکایەتیکردن پێی بکات. پارێزبەندیی کارمەندان: کارمەندە دیپلۆماسی و کۆنسووڵییەکان پارێزبەندیی کەسییان هەیە و نابێت دەستگیر بکرێن یان سووکایەتییان پێ بکرێت، بەڵکو دەوڵەت پێویستە سەلامەتیی گیانیان بپارێزێت.
سێیەم: حوکمی هێرشکردنە سەر ئەم ناوەندانە هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانە یان باڵیۆزخانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەم شێوەیە هەژمار دەکرێت: پێشێلکردنی سەروەری: هێرشەکە وەک دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی ئەو دەوڵەتە دەبینرێت کە نێردەکەی سەر بەوە، چونکە باڵەخانە دیپلۆماسییەکان پارێزبەندیی تایبەتییان هەیە. تاوانی نێودەوڵەتی: بەپێی ڕێککەوتننامەی ساڵی (1973) سەبارەت بە ڕێگری و سزادانی تاوانەکان دژی ئەو کەسانەی پارێزبەندیی نێودەوڵەتییان هەیە، هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان بە تاوان هەژمار دەکرێت و پێویستە ئەنجامدەرانی سزا بدرێن. بەرپرسیارێتیی دەوڵەت: ئەگەر دەوڵەتی خانەخوێ نەتوانێت پاراستنی پێویست دابین بکات یان ڕێگری لە هێرشەکە بکات، ئەوا بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی دەکەوێتە سەر و دەبێت قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.

 

Top