بــەیـــانــیــیــەک کـــە مــێـــژووی تێدا لە دایکبوو

بــەیـــانــیــیــەک کـــە مــێـــژووی تێدا لە دایکبوو

 

 

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا مێژوو لە گوندێکی بچووکی بناری چیاکانەوە دەستی پێکرد کاتێک مەستەفا بارزانی لە 14ی ئاداری 1903 چاوی بە دونیا هەڵهێنا ئەو چاوانەی هێشتا کزەی مژ و تەم و ساردیی زیندانی عوسمانییەکانیان لێ نەبڕابوو کەچی هەر لە بێشکەوە فێری بینینی ئاسۆ دوورەکانی ئازادی بوو ، ژیانی ئەم ڕێبه ره تەنیا چیرۆکێکی سادەی سیاسی نەبوو بەڵکو گەشتێکی ئەفسانەیی بوو لە نێوان زیندان و سەنگەر و دوورخرانەوەدا کە تێیدا بێدەنگیی گوندەکانی کوردستانی گۆڕی بۆ هاواری نێو پایتەختە بڕیاردەرەکانی جیهان و دۆزی نەتەوەیەکی لە یاخیبوونێکی ناوچەییەوە کردە پرسێکی سیاسیی نێودەوڵەتی.
ئەو سه‌ركرده‌یه‌ی كه‌ له‌ ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا تام و بۆنی زیندانی چەشتبوو دواتر بوو بەو جەنەراڵەی کە کۆماری کوردستانی لە مەهاباد پاراست و کاتێکیش ئەو هیوایە تووشی نسکۆ بوو ئەو هەرگیز سەری بۆ (شا) دانەنواند بەڵکو مێژووییترین ڕێپێوانی ئەنجام دا و لەگەڵ پێنج سەد هاوڕێی ڕێگایدا وەک پۆلێک هەڵۆی چیا لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە بەرەو دونیایەکی نادیار تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن کورد ناچەمێتەوە ئەو یازدە ساڵەی لە سۆڤیەت بەسەری برد تەنیا چاوەڕوانی نەبوو بەڵکو خۆسازدان بوو بە زانست و مەعریفە تا دواتر بگەڕێتەوە و مەزنترین شۆڕشی چەکداری لە ئەیلوولی 1961 دا بەرپا بکات و دەوڵەتی عێراق ناچار بکات بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دان بە ئۆتۆنۆمی و مافەکانی کورددا بنێت.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو سەرکردەیە دەکرێتەوە تەنیا یادکردنەوەی کەسایەتییەک نییە بەڵکو ڕێزگرتنە لەو ئیرادەیەی کە لە نێوان پیلانە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنامە شوومەکانی وەک جەزائیردا هەرگیز ڕێگەی نەدا بڕبڕەی پشتی خەباتی نەتەوەیی بشکێت و تەنانەت لە دوایین ساتەکانی ژیانیشیدا لە ساڵی 1979 لە هەندەران هەر خەمی داگیرساندنەوەی چەخماخەی شۆڕشی بوو ئێستا کە تەرمەکەی لە خاکی بارزان ئارام بووەتەوە ئەو ڕێبازەی جێی هێشتووە بووەتە ناسنامەی نەتەوەیەک کە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا بە ناشتنی نەمام و سەوزکردنی کوردستان وەڵامی هەموو ئەو داگیرکەرانە دەدەنەوە کە دەیانویست ئەم گەلە لە ناو زیندان و مێژوودا بشارنەوە.

Top