پاراستنی زمانی دایک وەک ئاسایشی نەتەوەی.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، کە ساڵانە لە ٢١ی شوباتدا بەرز ڕادەگیرێت، تەنها یادکردنەوەیەکی سیمبولی بۆ زمانەکان نییە، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵە لەو چوارچێوە یاسایی و دەستوورییانەی کە پەیوەندیی نێوان تاک و دەوڵەت ڕێکدەخەن. لە جیهانی ئەمڕۆدا کە کۆچبەران و کرێکارانی بیانی بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی وڵاتان، پرسەکە لە "مافی ئاخاوتن"ـەوە گۆڕاوە بۆ "ئەرکی یاسایی بۆ فێربوون". زۆرێک لە هەرێم و دەوڵەتانی جیهان، زمان وەک کلیلی "ئاسایشی نەتەوەیی" و "تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی" دەبینن، هەربۆیە کۆمەڵێک یاسای توندیان داناوە کە پەنابەر و کرێکاران پابەند دەکەن بە فێربوونی زمانی ڕەسمی شوێنەکە وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ مانەوە و وەرگرتنی مافە شارستانییەکان.
لە ئەوروپا، چەمکی "پێوەری تێکەڵاوبوون" بووەتە بنەمایەکی یاسایی چەسپاو، بۆ نموونە (هەرێمی بافاریا) لە ئەڵمانیا و وڵاتانی وەک (دانیمارک و نەمسا)، لە ڕێگەی یاساکانی کۆچەوە، پەنابەران ناچار دەکەن خولی فێربوونی زمان تەواو بکەن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای بڕینی هاوکارییە داراییەکان و ڕەتکردنەوەی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی دەبنەوە. (هەرێمی کێبێک) لە کەنەدا نموونەیەکی تری بەرجەستەیە، کە لە ڕێگەی "میثاقی زمانی فەڕەنسی" (یاسای ١٠١)، نەک هەر کارمەندانی بیانی، بەڵکو تەنانەت منداڵانی کۆچبەریش ناچار دەکات لە قوتابخانە فەڕەنسییەکاندا بخوێنن، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی ناسنامەی هەرێمەکە لە بەرامبەر هەژموونی زمانە بیانییەکاندا.
هەروەک ڕوونە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زمانی کوردی خاوەن پێگەیەکی دەستوورییە، بەپێی ماددەی (٤) لە دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی وەک "زمانی ڕەسمی" دەوڵەت ناسێنراوە، کە ئەمەش زامنی بەکارهێنانی دەکات لە هەموو دامودەزگا و بڵاوکراوە فەرمییەکاندا. هەروەها لە هەرێمی کوردستانیشدا، یاسای زمانە ڕەسمییەکان (یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٤) جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت (زمانی کوردی زمانی سەرەکی بێت) لە هەموو مامەڵە و تابلۆکانی دامودەزگا و کۆمپانیاکاندا. بەڵام سەرەڕای ئەم ژێرخانە یاساییە بەهێزە، لە ئەرزی واقیعدا کەمتەرخەمییەکی گەورە لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەدا دەبینرێت، بەتایبەت لە بەرامبەر کرێکاران و کارمەندانی بیانی کە هیچ فشارێکی یاساییان لەسەر نییە بۆ فێربوونی زمانی کوردی، ئەمەش وایکردووە کوردی لەناو بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکاندا ببێتە زمانێکی پلە دوو. ئەم کەمتەرخەمییە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە دەبینین تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان "ناوەندێکی ئەکادیمی و نیشتمانیی ستاندارد" نییە کە تایبەت بێت بە فێرکردنی زمانی کوردی بە بیانییەکان بە سیستمێکی زانستی و هاوچەرخ، وەک ئەوەی لە وڵاتانی تر بۆ زمانەکانیان هەیە. ئەم بۆشاییە وایکردووە کە تابلۆی کۆمپانیاکان، لیستی خواردن و خواردنەوەکان لە چێشتخانەکان و ناوەندی بازاڕەکان، تا ئێستاش وەک پێویست پابەند نەبن بە بەکارهێنانی زمانی کوردی و زیاتر پەنا بۆ زمانە بیانییەکان بەرن، ئەمەش نەک هەر پێشێلکردنی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٤یە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر "ئاسایشی زمانی" و شکۆمەندیی زمانی دایک. پاراستنی زمانی دایک تەنها بە شیعر و یادکردنەوە نابێت، بەڵکو پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی و یاسایی هەیە تا زمان لە چوارچێوەی دەقە دەستوورییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی هەموو ئەو کەسە بیانیانەی لەسەر ئەم خاکە دەژین.
پیرۆزبێت ڕۆژی زمانی دایک.

لافاو عوسمان