کارمەندانی فڕۆکەخانەی کینیا مانیان گرت
مانگرتنی کرێکارانی فڕۆکەوانی کینیا بۆ دووەم ڕۆژ بەردەوام بوو و بووە هۆی دواکەوتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سەرەکی نایرۆبی بۆ ماوەی 20 کاتژمێر.
سەندیکای فەرمانبەرانی فڕۆکەوانی مەدەنی کینیا وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کەمی حەقدەست و خراپی بارودۆخی کارکردن، ڕایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانگرتنەکە، نەگەیشتنە ڕێککەوتن بوو لە نێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کینیا و سەندیکاکە سەبارەت بە زیادکردنی مووچە و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن.
کارمەندانی فڕۆکەوانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کینیا بە دواخستنی دانوستانەکانی مووچە و دواخستنی پێدانی پارەی سەندیکاکان و جیاکاری تۆمەتبار دەکەن.
هەروەها دەڵێن: بەڕێوبەرایەتی دەزگاکە هیچ ئارەزوویەکی جدی نیشان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی کرێکاران کە زیاتر لە دە ساڵە درێژەی کێشاوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
