سالار محەمەد بەرپرسی بەشی پشکنین و بەدواداچوون بەرپرسی هۆبەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بۆ گوڵان:
سالار محەمەد بەرپرسی بەشی پشکنین و بەدواداچوون بەرپرسی هۆبەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە گوڵانی ڕاگەیاند؛ لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمەریكا و گرانبوونی بەهای نەوت و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و هەڕەشە و هێرشە درۆنی و مووشەكییەكان لەسەر كێڵگەی نەوتی كۆرمۆر گرفتەكانی كەمی و گرانی نرخی غاز و بەنزین و گازوایل سەریهەڵدا، ئەمە وێڕای ئەوەی لەكاتی گرفت و قەیرانەكاندا كەسانی سەرپێچیكار دەست بە فرتوفێڵ و شاردنەوەی ئەو بڕە غاز و بەنزینە دەستپێدەكەن و تەنانەت كار لەسەر كوالێتی بەنزین دەكەن ، بۆیە ئەركی سەرشانی لێژنەكانی پشكنین و بەدواداچوون قورستر و زیاتر دەبێت ، ئەمەش هەمووی لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان و شۆفێراندایە. لەم پێناوەشدا بەهەماهەنگی لەگەڵ تەواویی تیمەكانی لێژنەكانی پشكنین و بەدواداچوون كە لەوەزارەت و پارێزگا پێكهاتوون توانیومانە چەندین وێستگەی فرۆشتنی بەنزین سزا بدەین، سزاكانیش لەنێوان غەرامە و داخستن و نەدانی بڕە بەنزینی پاڵپشتیكراوی حكومی 750 دینارە. هەر بۆ كۆنترۆڵی دۆخەكە سەركەوتووانە توانیمان لە پارێزگای هەولێر كارتی ئەلەكترۆنی دابەش بكەین بەسەر خێزانەكانی نیشتەجێی پارێزگاكە، بەمەش تاڕادەیەكی باش دادپەروەریی لەدابەشكردنە دەكرێت و رێگا نادرێت كەسانێك بۆ بەرژەوەندی شەخسی و بەرزكردنەوەی نرخەكان بازرگانی نایاسایی بە پشكی هاوڵاتیان بكات، ئەم كارتە كە پێشتر بۆ دابەشكردنی نەوت و دواتر بۆ دابەشكردنی بەنزین دانرا كارێكی باشە چونكە وادیارە لەسەرەی بەنزین كەسانێكی نەفس نزم هەیە كە بۆ فرۆشتنەوەی بەنزینەكە بەدەبە قەرەباڵغی دروست دەكەن هەربۆیە فرۆشتنی بەنزین بەدەبەو جلكانە بەهەموو شێوەیەك قەدەغەمان كردووە. لەلایەكی دیكەوە ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی حكومی پاڵپشتیكراوی 750 دیناری بۆ هەر لیترێك دابەش دەكەن كردمانە 27 بەنزینخانە ، بۆیە پێویستە شۆفێران كارتی ئەلەكترۆنی ئەسڵی نەوەكو لەناو مۆبایل یاخود كۆپی لەگەڵ خۆیاندا بیهێنن و 40 لیتریان پێدەدرێت و بۆ وەجبەی دووەمیش ئێمە لەنەوت و كانزاكانی هەولێر بڵاوی دەكەینەوە ، ئەم پرۆسەیە سەركەوتووەو پرۆسەكە باشتر بەڕێوەدەچێتن لەبەرامبەریشدا ئێمە بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی و موحەسەن و سۆپەرمان هەیە و بەنرخی بازاڕ دەدرێتە هەموو شوفێران ، لە ئێستاشدا ووردە ووردە نرخەكان تێدە خوارەوەو لەچەندین بەنزینخانەی هەولێر نۆرماڵ بەنرخی 1150 بۆ 1175 دابەش دەكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری پێشووی هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بازاڕی ئازادەوە كێبركێ لەنێوان بازرگانەكانی بەنزین دروست بێت و هەم لەرووی بڕ و هەم لەڕووی نرخەوە لەبەرژەوەندی شوفێران بێت. بەرپرسی بەشی پشكنین و بەدواداچوون لەبەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان گلەیی لە هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن كرد كە بەمەبەست كێشەكەیان گەورە كردەوەو شوفێرانیان ترساند بەوەی غاز و بەنزین نامێنێت و قەیرانێكی توند دروست دەبێت بەمەش گرفتەكەیان ئاڵۆزتر كرد و كێشەیان بۆ هاوڵاتیان دروست كرد، بۆیە داوا لە میدیاكاران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەدەین پیشەییانە كارەكانیان بكەن بۆ خزمەتی شوفێران و هاوڵاتیان و نەبنە هۆكاری گەورەكردنەوەو ئاڵۆزكردنی گرفت و كێشەكان كە نەك هەر هاونیشتمانیان بەڵكو خۆیان و خانەوادەكانیشیان زیانمەند دەبن.
